Erbil 38°C سێشەممە 24 ئەیلوول 04:25

شارەزایەكی كەشناسی: باران بارین لە عێراق بەردەوام دەبێت

کوردستان TV
100%

عەلی جابر زیادی، شارەزای بواری كەشناسی ئەمڕۆ یەكشەممە، پێشبینی كردووە كە ئەگەری باران بارین تا كۆتایی مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ لە وڵاتدا بەردەوام بێت.
زیادی بە میدیای عێراقی ڕاگەیاندووە ، لە سێشەممەی داهاتووەوە، دۆخێكی باراناوی وردە وردە لە بەشەكانی ڕۆژئاواوە دەست پێدەكات و ڕۆژی چوارشەممە بۆ زۆربەی ناوچەكان قووڵتر دەبێتەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، باران بارینەكان چڕییەكی مامناوەند دەبێت لە ناوچە جیاجیاكانی وڵات، ئاماژەی بەوەشكرد، ڕەنگە دەرفەت هەبێت بۆ بارانبارینی بەخوڕ لە هەندێك ناوچە و لە ناوچە سنووردارەكاندا.
زیادی لە درێژەی قسەكانیدا ڕایگەیاند، حاڵەتە بارانبارینەكان تا كۆتایی ئەم مانگە بە یەكەوە بەردەوام دەبن، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی كە "وەرزی بارانبارینی ئێستا لە وەرزەكانی دیكە باشتر دەبێت.
شایانی باسە ناوچەكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، لە بەرەبەیانی هەینییەوە تا بەرەبەیانی شەممە، تووشی بەهێزترین شەپۆلی باران بوون لە ساڵی 2019ەوە، لەگەڵ ئەوەشدا ناوچە و گەڕەكە فراوانەكان بە ئاو نوقم بوون، ئەمەش لە بەغدای پایتەخت بە ئاشكرا دیار بوو.
لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، چاودێرانی ئاسمانی و بەرپرسانی وەزارەتی سامانە ئاوییەكان هۆشدارییان داوە لە بەردەوامیی وشكەساڵی، كە لەگەڵیدا ئاستی ئاو بۆ ئاستێكی مەترسیدار دابەزیوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئاوارەبوونی سەدان خێزان لە باشووری وڵات.
هەروەها عەون زیاب، وەزیری سەرچاوەكانی ئاو ڕایگەیاند، ئەو بارانەی لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا لەسەر چەند ناوچەیەك لە سەرجەم پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشوور باریوە، كە بەرزترینیان 67 ملم بووە لە شوێنی بەنداوی كوت، كاریگەری ئەرێنی دەبێت لە كەمبوونەوەی كێبڕكێ لەسەر ئاو، بە تایبەت بۆ زەوییە كشتوكاڵییەكان.
هاوكات حاتەم حەمید ، گوتەبێژی وەزارەتەكە، لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی فەرمی عێراق "INA" رایگەیاند "رێژەی باران بارینەكە بەگوێرەی شارەكان گۆڕاوەو بەهۆی چەندین كاتژمێر بارانەوە ئاستی ئاوی دیجلە و فورات، بەرز بوونەتەوە.
هەروەها بەشی پێشبینی بەرێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان كەشی پێشبینیكراوی 48 كاتژمێری داهاتووی شارەكانی هەرێمی كوردستان بڵاوكردۆتەوە كە بەم شێوەیە ..
ئەمڕۆ  یەك شەممە     13 - 11- 2022  
كەش/ ئاسمان ساماڵ دەبێت . 
خێرایی با / لەسەر خۆ. دەبێت (5- 10) كم/ك. 
ئاراستەی با/ خۆرئاوا دەبێت .
پلەكانی گەرما / یەك پلە بەرز دەبێتەوە بە بەراورد لەگەڵ تۆمارەكانی دوێنێ.
مەودای بینین / لە نێوان ( 9 – 10 ) كم  دەبێت .
پلەكانی گەرما / لەسەر نەخشەدا ئاماژەیان پێدراوە .
سبەی  دوو شەممە   14 - 11 - 2022
كەش/ ئاسمان بە گشتی ساماڵ دەبێت لەگەڵ هەندێك پەڵە هەور. 
 پلەكانی گەرما / نزیك دەبێتەوە لە  تۆماركراوەكانی رۆژی پێشوو.
خێرایی با / لەسەر خۆ- مام ناوەند  دەبێت (10- 15) كم/ك. 
ئاراستەی با/ باكووری خۆرهەڵات دەبێت .
مەودای بینین / لە نێوان ( 9 – 10 ) كم  دەبێت .
بەرزترین پلەكانی گەرمای پێشبینیكراو بە پلەی سیلیزی :
هەولێر     :  24 پلەی سیلیزی
سلێمانی    : 21 پلەی سیلیزی
دهۆك     :  22 پلەی سیلیزی
كەركوك  :   25 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە   :  23 پلەی سیلیزی
زاخۆ      :  24 پلەی سیلیزی
سۆران    :  22 پلەی سیلیزی
گەرمیان  :  26 پلەی سیلیزی
بەشی پێشبینی / 13 - 11 – 2022
هەروەها ئاراس جەبار، شارەزای بواری كەشناسی ئاماژەی بەوە داوە كە چوارشەممەی ئەم هەفتەیە تاوەكوو ڕۆژی هەینی شەپۆڵێكی بارانبارین هەرێمی كوردستان دەگرێتەوە.


 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.