14ی نۆڤهمبهر، رۆژی جیهانی نهخۆشی شهكرهیه، لهم رۆژهدا رێكخراوی تهندروستی جیهانی هۆشداری و پشكنیین له زۆربهی وڵاتان ئهنجام دهدات .
شەکرە واتا بەرزبوونەوەی بەردەوامی ڕێژەی شەکری خوێن لە دەرەنجامی تێکچوونی کۆمەڵێ زیندەچالاکی لەش، بەپێی ئاماری ٢٠١٥ لە جیهاندا نزیکەی ٤١٥ ملیۆن کەس کە دەکاتە (%١٠) دانیشتوان گیرۆدەی ئەم نەخۆشیەن، وە پێشبینی دەکرێت ئەو ژمارەیە بگاتە ٦٤٢ ملیۆن کەس لە ساڵی ٢٠٤٠، دكتۆر زانا پزیشکی پسپۆڕی هەناو لهم بابهتهدا كرمهڵێك زانیاری گرنگی تهندروستی و ڕێنمایی پێشكهش به توشبووانی نهخۆشی شهكره دهكات.
1-خواردنەوە
- ئاو: تا پێتان دەکرێت زۆر بیخۆنەوە.
- چای: بە شێوەیەکی مامناوەند بیخۆنەوە. ئەگەر زۆر دەیخۆنەوە، با کاڵ (کەمڕەنگ) بێت. بەڵام هەرگیز شەکری تێمەکەن. ئەگەر بە تاڵی پێتان ناخورێتەوە، کەمێک هەنگوینی سروشتیی تێبکەن یان بە خورماوە بیخۆنەوە. دارچینیشی تێبکەن باشترە.
- قاوە: مەیخۆنەوە. ئەگەر هەر دەیخۆنەوە، ڕۆژیی دوو کوپ زیاتر مەخۆنەوە. بە تاڵییش نەبێت نەیخۆنەوە.
- شەربەت: مەیخۆنەوە. هەر چی هی سروشتییشە، وا باشترە نەیخۆنەوە.
2- کاربۆهیدرات
- نان و سەموون: مەیانخۆن. ئەگەر هەر دەیانخۆن، ئەوە نان بخۆن باشترە لە سەموون. نانی بۆری گەنمیش باشترە لە هی جۆ. هەر ژەمێکیش لەتێک بخۆن، باشترە لەوەی لە ژەمێکدا یەکێکی تەواو بخۆن و لەوانی تر هیچ نەخۆن.
- برنج: تا دەکرێ مەیخۆن.
- ساوەر: بە ڕێژەیەکی مامناوەندی بیخۆن.
- ئەگەر لە ژەمێکدا برنج یان ساوەرتان خوارد، نانی پێوە مەخۆن.
- شەکر: نابێت بە هیچ جۆرێک بەکاری بێنن، نە هی سپی و نە هی قاوەیی، نە بە دیشلەمەیی و نە بە تۆزییش.
- کێک، پسکیت، شەکرلەمە: مەیانخۆن.
- هەنگوین: هی سروشتی بە شێوەیەکی مامناوەندی بخۆن. هی عادی، دەمی بۆ مەبەن.
3- پڕۆتین و چەوری
- ڕۆن: ڕۆنی مەییو بەکار مەهێنن، زەیت بەکار بێنن.
- گۆشتی ئاژەڵ: بیخۆن، بەڵام کەم.
- گۆشتی مریشک: بیخۆن، بەڵام له جۆری خۆماڵی. چونکە ئەوانی تر بۆ ئەوەی قەڵەو ببن، دەرمان و ڕۆنی خراپیان دەدرێتێ. بە خواردنیان، ئەو ماددە خراپانە دەچنە جەستەی ئێوەشەوە.
- ماسی: زۆر بیخۆن، هەر هیچ نەبێت هەفتەی دوو جار.
- پێستی مریشک: لێی بکەنەوە و مەیخۆن.
- بەز: مەیخۆن. هەرچی چەورییەک بە گۆشتەوە دەیبینن، لێی بکەنەوە.
- هێلکە: بیخۆن، بەڵام هەفتەی سێ جار زیاتر نا. ئینجا بەکوڵاوی بیخۆن نەک بەسوورکراوەیی.
- تکە و کەباب: مەیانخۆن.
4- شیرەمەنی
- ماست: بیخۆن، بەڵام قەیماغەکەی نا.
- پەنیر، کەرە، قەیماغ: مەیانخۆن.
- شیر: بیخۆنەوە، بەڵام وا باشترە هی تەڕ بێت نەک تۆز.
- دۆ: بیخۆنەوە. لە شیر باشترە.
5- سەوزە و پاقلەمەنی
- هەموو سەوزەیەک جگە لە پەتاتە بخۆن.
- پەتاتە: مەخۆن، بە کوڵاوی هەر مەیخۆن.
- گێزەر: بەخاوی بیخۆن، بەکوڵاوی نەکەن بیخۆن.
- نۆک، پاقلە، فاسۆلیا: بیانخۆن.
- نیسک: زۆر بیخۆن.
6- میوە
- ڕۆژی سێ پارچە میوە لە جۆری جیاواز بخۆن.
- زیادەڕەوی لە میوە خواردن مەکەن.
- زەیتوون: زۆر بیخۆن.
- سێو، پرتەقاڵ، لالەنگی، مۆز، قۆخ، کیوی، هەرمێ، هەڵووژە، شلیک، ترێی سەوز، خورما: بیانخۆن.
- ئەنەناس، کاڵەک، قەیسی، هەنجیر، ترێی ڕەش: بیانخۆن، بەس زۆر نا.
- شووتی: مەیخۆن.
- میوەی وشککراوە: مەیخۆن. ئەگەر هەر دەیخۆن، با زۆر بەکەمی بێت.
7-چەرەزەکان
- ناوکە کولەکە، گوێز، بادەم، گوڵەبەڕۆژە: زۆر بیانخۆن.
- بەڵام تا دەکرێت بە خاوی بیانخۆن، یان بە دەست بیانقرتێنن ئینجا ناوکەکانیان بخۆن. ئاگادار بن، سوێری زۆر خراپە.
ئا- كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.