وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق سه‌ركۆنه‌ی بۆردومانه‌كانی ئه‌مڕۆی كۆماری ئیسلامی ئێرانی بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرد و جه‌ختی كرده‌وه كه له‌به‌رامبه‌ردا ڕێوشوێنی توند‌و و ئاستبه‌رزی دیپلۆماسی ده‌گرنه‌به‌ر.
وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له به‌یاننامه‌یه‌كدا ڕایگه‌یاند: سه‌ركۆنه‌ی توندی دووباره‌بوونه‌وه‌ی هێرشی مووشه‌كی و فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وان و تۆپبارانه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین كه سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌م ئه‌نجامدرایه‌وه و بووه هۆی گیانله‌ده‌ستدان و برینداربوونی ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی.
ڕاشیگه‌یاند: به‌دڵنیاییه‌وه ئه‌م كاره تاكلایه‌ن و دوژمنكارانه‌ی ئێران نابێته فاكته‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و سه‌قامگیری، له‌مباره‌یه‌شه‌وه پێشتر هه‌ڵوێسته‌كانمان ڕوون‌بوون كه مه‌ترسی ئه‌م ده‌ستدرێژییانه ڕوون و ئاشكرایه بۆ سه‌ر سه‌روه‌ری خاكی عێراق و ئاسایشی هاووڵاتییان، هه‌روه‌ها به‌رده‌وامی ئه‌م هه‌ڕه‌شانه‌ش ناسه‌قامگیریی ناوچه‌كه و ئاستی گرژییه‌كان زیاتر ده‌كه‌ن.
له ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراقدا هه‌روه‌ها هاتووه: له‌مباره‌یه‌وه به‌بێ وه‌ستان ڕێوشوێنی توند و ئاستبه‌رزی دیپلۆماسی ده‌گرینه‌به‌ر، ئه‌مه‌ش له‌پێناو پاراستنی سه‌روه‌ری خاكی عێراق و سه‌قامگیری و ئاسایشی هاووڵاتییان.
جێی باسه سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ دووشه‌م دووباره به مووشه‌ك و درۆن له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامی ئێران هێرشكرایه‌وه سه‌ر چه‌ند ناوچه‌یه‌كی هه‌رێمی كوردستان له شاری كۆیه و گوندی زڕگوێز، له ئه‌نجامی هێرشه‌كانیش 2 پێشمه‌رگه‌ی حزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران شه‌هید بوون و چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌كی تریش بریندار بوون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.