Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 20:26

ئه‌مڕۆ شاندێكی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ له‌ به‌غدا زنجیره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجام دا

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ دووشه‌م بە سه‌ردانێكی فەرمی، فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکان بە یاوەری شاندێکی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە، سەردانی شاری بەغدای کرد و زنجیرەیەک دیدار و کۆبوونەوەی ئەنجام دا.

لە یەکەم دیداردا شانده‌كه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ چاوی کەوت بە محه‌مه‌د شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە دیدارەکەدا سەرۆکی ئەرکان پیرۆزبایی دەستبەکاربووبی لە سەرۆک وەزیران و فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عێراق کرد و هیوای خواست لەم پۆستە نوێیەدا سەرکەوتو بێت و بتوانێت ئارامی و ئاسایشی وڵات سەقامگیرتر بکات و ئابووری وڵات ببووژێنێتەوە بۆ خزمەتی خەڵکی عێراق بە گشتی، هەروەها کار بکات بۆ باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.

لای خۆیەوە سەرۆک وەزیرانی عێراق بەڵێنی دا کە بە پێی پلانە هاوبەشەکانی پێشووتری نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەڕوات و کار دەکات لەسەر باشترکردن و تۆکمەترکردنی ئەم پلانە بۆ ساڵانی داهاتووش.

پاشان سەرۆکی ئەرکان و شاندی یاوەری سەردانی وەزارەتی ناوخۆی عێراقیان کرد و لەلایەن فەریق یەکەمی روکن عبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆ پێشوازییان لێ کرا.

سەرۆکی ئەرکان پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە وەزیری ناوخۆ کرد و هیوای خواست لە پۆستی نوێیدا سەرکەوتو بێت و بتوانێت تەبایی و یەکڕیزی عێراق بپارێزێت.

دواتر شاندی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی وەزارەتی بەرگریی عێراقی کرد لەلایەن سابت محه‌مه‌د ئه‌لعه‌باسی وەزیری بەرگریی عێراقەوە پێشوازییان لێ کرا، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە پیرۆزبایی دەست بەکاربوونی لە وەزیری بەرگری کرد و هیوای خواست کە لە ئەرکی نوێیدا سەرکەوتو بێت و رۆڵی هەبێت لە باشترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وەزارەتی بەرگریی و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ زیاتر بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئارامی لە تەواوی ناوچەکانی عێراق بە گشتی.

دواتر شاندی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی فەریقی یەکەمی روکن عەبدولئەمیر یارەڵا سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراقییان کرد، لەم دیدارەشدا هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوولا گفتوگۆی لەبارەوە کرا، سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق بەڵێنی دا کە هاوکار دەبێت لە ڕووی پەرەپێدان بە بەرزکردنەوەی تواناکان لە بواری مەشقی و راهێنان، هەروەها هاوکاری و هەماهەنگییە ئەمنییەکان لەنێوان هەردوولادا پەرە پێ دەدات لەپێناو باشترکردنی دۆخی ئەمنی ناوچەکە.

پاشان شاندی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کرد و فەریق روکن قەیس محه‌مه‌داوی جێگری فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق پێشوازییان لێ کرا، سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لە پۆستی نوێی لێ کرد و هیوای خواست کە هەردوولا بەردەوامی بدەن بەو پەیوەندییە باشانەی کە لەنێوان هەردوولادا هەیە.

دوایین دیداری شاندی وەزارەتی پێشمەرگە لەگەڵ دەزگای دژەتیرۆری عێراق بوو لەلایەن فەریقی یەکەمی روکن عەبدولوەهاب ساعدی سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراقەوە پێشوازییان لێ کرا، لە گفتوگۆکانیاندا هەردوولا جەختیان کردەوە لەوەی کە پێویستە هەماهەنگی و هاوکاری نێوان هەردوولا پەرەی زیاتری پێ بدرێت لەپێناو بەرقەرارکردنی ئارامی و ئاسایش لە تەواوی عێراقدا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.