Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 16:20

حکوومەتی هەرێم لە سویسرا بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری بۆ مافی زانینی چارەنووسی بێسەروشوێنبووان دەکات

کوردستان TV
100%


 بە هاوکاریی وەزارەتی دەرەوەی سویسرا و بە بەشداریی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ، رۆژی 27ی تشرینی یەکەمی 2022، پەیمانگای قورتبە بۆ ئاشتی-جنێڤ، کۆبوونەوەیەکی راوێژکاری بۆ تاووتوێکردنی چارەنووسی بێسەروشوێنکراوان لە جنێڤ رێکدەخات. 

ئەم کۆبوونەوەیە بەشێکە لە پڕۆسەی پێداچوونەوەی جێبەجێکردنی پلانی هەرێمی کوردستان و پلانی نیشتمانیی حکوومەتی ئیتحادی بۆ مافەکانی مرۆڤ، لەڕووی زانینی چارەنووسی بێسەر و شوێنبووان.

لەبارەی بەشداریكردنی حكوومەتی هەرێم لەم كۆبوونەوەیەدا، د.دیندار زێباری، رێكخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەكان لە حكوومەتی هەرێم، كە هاوکات سەرپەرشتیاری جێبەجێكردنی پلانی هەرێمە بۆ مافەكانی مرۆڤ، رایگەیاند، لەم کۆبوونەوەیەدا نوێنەری سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی ئیتحادی، نوێنەرانی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و سویسرا، رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە لیژنەی نێودەوڵەتیی خاچی سوور و کۆمیسۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران بەشدارن.

ئەم كۆبوونەوەیە دەرفەتێک دەبێت بۆ خستنەڕووی ئاستەنگ و ئەو پێشكەوتنانەی كە بەدیهاتوون لە پڕۆسەی جێبەجێکردن و بەدواداچوونی پلانی حکوومەتی هەرێم بۆ مافەکانی مرۆڤ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەتایبەتی بێسەروشوێنبوون، کە بەشێکە لە پلانی هەرێمی بۆ مافەکانی مرۆڤ و لە کۆی 389 راسپاردە بۆ هەرێم، 9 راسپاردە تایبەتە بە تاوانی بێسەروشوێنکردن لە چوارچێوەی تاوانە نێودەوڵەتییەکان.

شایەنی باسە، بەپێی رێککەوتننامەی نێودەوڵەتی پاراستنی هەموو کەسەکان لە بێسەروشوێنبوونی زۆرەملێ، حکوومەتی عێراق لەم ڕووەوە پابەندە بە پێداچوونەوە و پێشکەشکردنی هەوڵەکانی خۆی بە لایەنی نێودەوڵەتی.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.