Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 10:36

خۆپیشاندان له‌ ئێران به‌رده‌وامه‌ و به‌ته‌قه‌ی راسته‌وخۆی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش 3 هاووڵاتی دیكه‌ی كورد شه‌هید بوون

کوردستان TV
100%

لە ڕاپەڕین و بەرخۆدانی ڕۆژی ڕابردوو لە شارەکانی کامێران و سنە، هێزە ئه‌منییه‌كانی ئێران كه‌، ڕووبەرووی خەڵک تەقەیان ده‌کرد، کە بەهۆیەوە لانی کەم سێ هاووڵاتی بە ناوەکانی زانیار ئەڵڵامورادی، عیسا بیگلەری و فواد محەممەدی  شه‌هید بوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، له‌چه‌ند رۆژی رابردوو، لە شاری کامێران هێزە سەرکوتکەرەکانی حکومەت ڕاستەوخۆ ڕووبە خەڵک تەقەیان کرد و هاووڵاتییەک بە ناوی فواد محەممەدی تەمەن 38 ساڵ، خێزاندار و باوکی دوو منداڵ لە ئەنجامی ئەو دەستڕێژەدا گیانی لەدەست دا.

بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، فواد محەممەدی بە سەختی بریندار بووە و دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی سینای شاری کامێران، بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەست دا. ناوبراو خەڵکی گوندی ماویان و دانیشتووی شاری کامێران بووە و لە پاساژی بازرگانی ئەو شارە دووکانی چاککردنەوەی مۆبایلی هەبووە.

شیاوی ئاماژە پێدانە، کە شەوی ڕابردوو، دوای ئامادەبوونی بنەماڵەی محەممەدی لەبەردەم نەخۆشخانەی سینا، هێزەکانی حکومەت بە چەکی ساچمەیی تەقەیان لێ کردوون و پێنج کەس لەو بنەماڵەیە برینداربوون.

هەر لە هەمان ڕۆژ، زانیار ئەڵڵامورادی، تەمەن 26 ساڵ و خەڵکی شاری سنە، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئه‌منییه‌كانی ئێران شه‌هیدبوون. بەپێی ڕاپۆرتی سەرچاوەکانی هەنگاو، زانیار ئەڵڵامورادی لە گەڕەکی کانی کوزەڵەی شاری سنە، لە مەودای چەند مەترییەوە بە چەکی ساچمەیی تەقەی لێکراوە.

یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی ئەڵڵامورادی لەم بارەوە بە هەنگاوی ڕاگەیاند، زیاتر لە سەد ساچمە بەر لەشی زانیار کەوتووە. دوای گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی تەوحید بەهۆی سەختی برینەکەی و خوێنبەربوونی ناوخۆیی شه‌هید بووه‌.

تەرمی ناوبراو لەلایەن هێزە ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ڕفێندراوه‌ ولە بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشه‌ممه‌وه‌ 16 ی 11 ی 2022 لەژێر گوشاری ناوەندە ئەمنییەکان و بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی کەم لە ئەندامانی بنەماڵەکەی تەرمی زانیار بەخاک سپێردرا
.
شیاوی ئاماژە پێدانە، کە زانیار ئەڵڵامورادی ساڵی ڕابردوو بەهۆی تەزویی کارەبا دەستی ڕاستی لەدەستدابوو.

هەر لەو ڕاستایەدا، عیسا بیگلەری، تەمەن 39 ساڵ و خەکی گوندی "نەسنار" سەر بە سەوڵاوا، بەتەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکومەتییەکان کوژرا. بەوتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، عیسا بیگلەری، لەبەردەم زانکۆی کوردستان لەلایەن هێزە حکومەتییەکان بە چەکی کڵاشینکۆف تەقەی لێکراوە و دووگولـله‌ بەر کەمەری کەوتووە.

دوای ئەوەی کە تەرمی عیسا بیگلەری بۆ نەخۆشخانەی کەوسەر گوازراوەتەوە، بە هاوئاهەنگی لەگەڵ دکتۆر محەممەدی، بەرپرسی پاسەوانی و ئەندازیار مەحمودپوور بەرپرسی پاراستنی نەخۆشخانە، تەرمی ناوبراو لەلایەن هێزە سەرکوتکەرەکان ڕفێندرا و لە بەرەبەیانی ئەمڕۆ، بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی کەم لە ئەندامانی بنەماڵەکەی لە گۆڕستانی بەهەشت محەممەدی تەرمی عیسا بەخاک سپێردرا.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.