Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 10:38

خۆپیشاندان له‌ ئێران به‌رده‌وامه‌ و به‌ته‌قه‌ی راسته‌وخۆی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش 2 هاووڵاتی دیكه‌ی كورد شه‌هیدبوون

کوردستان TV
100%

دانیال پابەندی تەمەن 17 ساڵ و خەڵکی شاری سەقز بە تەقەی هێزە  ئه‌منییه‌كانی ئێران لە گەڕەکی کەریماوا،  شه‌هیدبوو. 

بەپێی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو؛ سەرلەئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە،16ى 11 ى 2022، دانیال پابەندی، تەمەن 17 ساڵ و خەڵکی شاری سەقز، لە گەڕەکی کەریماوای ئەو شارە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتکەرە حکومەتییەکان گیانی لەدەست دا.

شایەتحاڵێکی ڕووداوەکە  به‌هه‌نگاوی راگه‌یاندووه‌: هێزە ئه‌منییه‌كان کە ئۆتۆمبێلی جۆری سەمەند و بەبێ ژمارەیان پێ بوو، لە مەودایەکی نزیکەوە بە چەکی کوڵت تەقەیان لە دانیال پابەندی کردووە و گولـله‌یه‌ك بەر زگی کەوتووە.

بەپێی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی کە لەم بارەوە بە دەستی هەنگاو گەیشتوو، دیارە کە بە شێوەیەکی دڕندانە ئەو منداڵەیان  شه‌هیدكردووه‌ و چەند بەشێک لە ئەندامانی ناو زگی دەرهاتوون و لەو شوێنە پەرشوبڵاو بوونەتەوە.

چەند کاتژمێر پێش، ئەو منداڵە بە هۆکاری زەربەدیتووی و ئازازپێگەیشتوویییەکی دژوارەوە گەیەندراوەتە نەخۆشخانەی تەئمین ئیجتماعی (دابینکردنی کۆمەڵایەتی) لە شاری سەقز، بەڵام هێزە ئه‌منییه‌كان بۆ ڕفاندنی تەرمی بێگیانی ئەو منداڵە، ئەو نەخۆشخانەیان گەمارۆ داوە.

هەروەها هاووڵاتییانی شاری سەقز بۆ پێشگرتن لە ڕفاندنی تەرمەکەی دانیال پابەندی لەلایەن هێزە حکومەتییەکانەوە، لە پێش دەرگای ئەو نەخۆشخانەیەدا کۆ ببوونەتەوە.

بەپێی دوایین ئامارەکانی هەنگاو؛ تاکوو ئێستا ڕێژەی منداڵانی  شه‌هید  لە کوردستانی ئێران و لە ڕەوتی ڕاپەڕینی خەڵکدا، گەیشتووەتە 12 کەس.


له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، رێكخراوی هه‌نگاو بۆ مافه‌كانی مرۆڤ رایگه‌یاند: هاووڵاتییەکی خەڵکی کامێران، بەناوی بورهان کەرەمی، لە کاتی کۆبوونەوەی خەڵک لەبەردەم ماڵی فواد محەممەدی، یەکێک لە گیانبەختکردووانی ڕاپەڕینی ڕۆژی سێشەممەی شاری کامێران، کەوتە بەر تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئه‌منییه‌كان و لەدوای بەرکەوتنی بە 3 گولـله‌ شه‌هیدبوو.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی گەیشتوو بە ڕێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ڕۆژی چوارشەممە، 16 ى 11 ى 2022، لە ئەنجامی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئه‌منییه‌كان لە گەڕەکی زەڕنەی شاری کامیاران، گولـله‌ بەر سەر و ملی بورهان کەرەمی، تەمەن 30 ساڵ و دانیشتووی ئەو شارە کەوت و گیانی لەدەست دا.

ناوبراو لەکاتی ڕێوڕەسمی پرسەو سەرەخۆشی فواد محەممەدی، هاووڵاتی گیانبەختکردووی خەڵکی کامێران، کە ڕۆژێک پێشتر لەلایەن هێزەکانی كۆماری ئیسلامی ئێران شه‌هیدكرا، بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە حکوومەتییەکان گیانی لەدەست دا.

ئەو هاووڵاتییە، لە دایکبووی گوندی چرۆسانە، کوڕی مەحموود و ئامینە، خێزاندار و باوکی منداڵێک بوو.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە بەدەستی هەنگاو گەیشتوون، بورهان کەرەمی کرێکاری بیناسازی بووە.

بەوتەی یەکێک لە نزیکانی بنەماڵەی کەرەمی، هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامی، لە نەخۆشخانەی شاری کامیاران، بەڵێنی نووسراویان لە بنەماڵەی کەرەمی، بۆ بەخاکسپاردنی تەرمی کوڕەکەیان بە نهێنی و بێ ئامادەبوونی خەڵک وەرگرتبوو. بەڵام شەوی چوارشەممە، لەگەڵ ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵک، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی ناوبراو لە زێدەکەی بەڕێوەچوو.

ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.