Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 04:26

خەڵاتی ساڵانەی د.فەرسەت سۆفى، وەک سیمبوولی دەستپاکى و دادپەروەریی لەلایەن منداڵەکانییەوە بەخشرا به‌ کارمەندێکى ژینگە پارێز

کوردستان TV
100%


سەرلەبەیانى ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021.11.17، لەرێوڕەسمێكدا بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و جێگرانى پارێزگار و  هێڤار فەرسەت سۆفى، دووەمین خەڵاتی ساڵانەی د.فەرسەت سۆفى، وەک سیمبوولی دەستپاکى و دادپەروەریی، بەخشرا بە (نەجات نادر سادق) کارمەندى گرێبەست لە بەڕێوەبەرایەتى ژینگە پارێزى هەولێر کە بڕى 13 ملیۆن دینارى گەڕاندۆتەوە بۆ خانەوادەیەک.
لەوبارەیەشەوە پارێزگارى هەولێر رایگەیاند: "پارساڵ لەیادى جوانەمەرگ د.فەرسەت سۆفى، پێمان باش بوو خەڵاتێکى ساڵانە بەناوى خەڵاتى د.فەرسەت سۆفى بۆ دەسپاکى ڕابگەێنین و هەموو ساڵێک لەیادى کۆچى دوایی ئەم جوانەمەرگە مراسیمێک ڕێکبخەین و ئەو خەڵاتە پێشکەش بەکەسێکى دەستپاک بکەین، ئەمساڵێش دواى ئەوەى چەند کەسێک دەستنیشانکران بۆ کێبڕکێ لەوەرگرتنى خەڵاتەکە، لەیادى دووساڵەى براى جوانەمەرگمان د.فەرسەت، خەڵاتەکە پێشکەش بە کارمەندێکى حکومەت دەکەین کە گرێبەستە لە بەڕێوەبەرایەتى ژینگەپارێزى هەولێر و لە کاتى بەجێگەیاندنى ئەرکى خۆیدا لە گەڕەکى تەیراوەى بڕە پارەیەکى لەنێو کەبسى زبڵى ماڵان دۆزیەوەتەوە، کە هى خێزانێکى هەژارى ئەو گەڕەکە بووە و بۆ دانەوەى قەرز ئامادەیانکردووە، بەڵام لەکاتى پاککردنەوەى ماڵەکەیان نەیانزانیوە و لەگەڵ زبڵ و خاشاکى مالەکەیان فڕێیانداوە، دواى گەڕان و بەدواداچوون ئەو کارمەندە بۆتە هۆکارى ئەوەى ئەو بڕە پارەیە بدۆزرێتەوە بگەڕێنرێتەوە بۆ ئەو خێزانە، ئێمەش ئەمساڵ بەشانازییەوە لەیادى دووساڵەى کۆچى دوایی براى جوانەمەرگمان د.فەرسەت سۆفی، ئەو خەڵاتە کە جگە لە بڕوانامەیەکى ڕێزلێنان، لۆگۆیەکى زێڕ و بڕێک پارەیە وه‌ك هاوکارى پێشکەشى ئەو بەڕێزە دەکەین".
پارێزگارى هەولێر وتیشى: " دکتۆر فەرسەت بەرلەوەى بێتە ناوحکومەت و ببێتە پارێزگارى هەولێر ژیانى خۆى تەرخانکردبوو بۆ خزمەتکردنى چاکسازیی و دەستپاکى، ئێمەش ساڵانە بۆ روحى شادى ئەو پیاوى دەستپاک و دادپەروەرە کەسێک دەست نیشان دەکەین و ئەو خەڵاتەى پیشکەش دەکەین، وێڕاى پیرۆزبایمان لەکاک نەجات بۆ وەرگرتنى ئەو خەڵاتە، ئومێد دەکەین ئەو کەسە دەسپاکانە ژمارەیان هێندە زۆربێت، تواناى ئەوەمان نەبێت یەکێکیان دەستنیشانى بکەین بۆ ئەوەى ئەو خەڵاتەى پێشکەش بکەین".
جێگەى باسە، ئامانج لە پێشکەشکردنى خەڵاتى ساڵانەى د.فەرسەت سۆفى بۆ زیندووکردنەوەى ئەو پیاوەیە کە تەمەنێکى کورت ژیا، بەڵام ژیانى خۆى لە پێناو خزمەتکردنى (چاکسازیی، دادپەروەرى، دەستپاکى) تەرخانکردبوو، ئەم خەڵاتە ساڵانە لەیادى کۆچی دوایى د.فەرسەت ئەو پیاوەى کە بۆ هەمیشە لە زاکیرەى هەموو لایەکمان دەمێنێتەوە، لەمەراسیمێکدا بە دەستنیشانکردنى کەسێکى دەستپاک بەرز ڕادەگرێت و خەڵاتەکەى پێشکەش دەکرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.