Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 02:25

مەسرور بارزانی: لە رێگەی پرۆسەی بە دیجیتاڵکردنەوە خەرجییەکانی حکومەتمان کەمکردووەتەوە

کوردستان TV
100%

سێیەم رۆژی كۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە زانكۆی ئەمەریكی-كوردستان لە دهۆك دەستی پێ كرد.
هەریەك لە عەبدولـله‌تیف رەشید ، سەرۆك كۆماری عێراق و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسرور بارزانی ، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، نوێنەری 80 وڵات بەشداری لە سێیەم رۆژی كۆڕبەندەكەدا دەكەن.
لە میانی سێیەم رۆژی كۆڕبەندەكەدا، زنجیرەیەك پانێل لەبارەی پرسەكانی ئاشتی و ئاسایش لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست به‌رێوه‌چوو. 
هه‌ر لە كۆڕبەندەكەدا، مەسرور بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان،  به‌شداری له‌ پانێلێكی تایبه‌تدا كرد و رایگه‌یاند: لە سەرەتای کابینەی نۆ ئاڵنگاری و ئاستەنگی زۆر هاتنەپێش، بەڵام هەوڵمانداوە قەیرانەکە بەڕێوەببەین و بەرەوپێش بچین.
گوتیشی، گەورەترین هەڕەشە لەسەر هەرێمی کوردستان تێنەگەیشتنە لە راستییەکان و تێکەڵکردنی باش و خراپە. 
 مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئێمە ئەجێندایەکی پڕ لە خواستمان هەیە بۆ ئەوەی وەڵامی داواکارییەکانی خەڵکی خۆمان بدەینەوە و خزمەتگوزاریی زیاتر پێشکەش بکەین. 
 له‌باره‌ی ئێرانه‌وه‌ مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاند:  داوا لە ئێران و وڵاتانی دیکەی دراوسێ دەکەین رێز لە سەروەریی عێراق بگرن و لەبری زیادکردنی گرژییەکان، جەختیان لەسەر ئەوەبێت چۆن پێکەوە کاربکەین، هێرشەکانی ئێرانیش پاساویان نییە.
مه‌سرور بارزانی هه‌ر له‌ پانێله‌كه‌دا گوتی، باوەڕم وایە بە دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و بەرەوپێشبردنی دۆخی ئابووری، بەدڵنیاییەوە دۆخێکی باشتری سیاسی و ئەمنی بەدەستدەهێنین. 
سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا کێشەیەکە لەبەردەرگەمانە و چەندین ئاڵنگاریی سیاسی، ئەمنی و کۆمەڵایەتی بەدوادادێت، تەنیا لێرەش نییە، ئەوە کێشەیەکی جیهانییە، ئێمە لە عێراق پێویستمان بە هاوکارییە بۆ ئیدارەدانی سامانی ئاو.

مەسرور بارزانی راشیگه‌یاند: پرۆسەی چاکسازی بەردەوامە و وەستانی تێدا نییە، وەکو بەشێک لەو چاکسازییە، ئێمە هەوڵدەدەین سەرچاوەکانی داهات هەمەچەشن بکەین و وەبەرهێنانی زیاترمان لە کەرتی کشتوکاڵدا کردووە. 
 سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی، لە رێگەی پرۆسەی بە دیجیتاڵکردنەوە خەرجییەکانی حکومەتمان کەمکردووەتەوە. 

هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، هەموو شتێک دەکەین کە لە بەرژەوەندیی خەڵکەکەماندا بێت، چاومان لەوەشە تاوەکو کۆتایی 2025 سیستمێکی حکومیمان هەبێت کە هیچ کاخەزێک بەکارنەهێنێت لە فەرمانگەکاندا. 

مەسرور بارزانی ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، بۆ ئەوەی داهاتوویەکی باش و ئابوورییەکی باشمان هەبێت، نابێت عێراق و هەرێمی کوردستان تەنیا پشت بە نەوت و غاز ببەستن.

 هه‌ر له‌ووته‌كانیدا، مه‌سرور بارزانی رایگه‌یاند: چاوەڕوانیمان لە حکومەتی عێراق ئەوەیە کە هاوکار بێت، عێراق سامانێکی زۆری هەیە و پێویست ناکات شەڕی لەسەر بکەین، تەنیا پێویستمان بە میکانیزمێکە بۆ ئەوەی سامانە سرووشتی و مرۆییەکانمان باشتر بەڕێوەببەین.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.