لەژێر چاودێری لێژنەی ئۆلۆمپی هەرێمی کوردستان، بەسەرپەرشتی یەکێتی ناوەندی تۆپی دەستی کوردستان، کۆتایی بەیارییەکانی وەرزی 2022ی خولی نایابی تۆپی دەستی کوردستان هات.
ئێوارەی ئەمرۆ شەممە19ی11ی2022، بەئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و نەبەز عەبدولحەمید قائیمقامی ناوەند و موئەیەد مەغدید سەرۆکی لێژنەی ئۆلۆمپی هەرێمی کوردستان بەوەکالەت و د.ئاڵان قادر رەسول ئەمینداری گشتی و م. سەرکار عەلی ئەندامی مەکتەبی تەنفیزی و سەرۆکی یەکێتی تۆپی دەستی کوردستان و عێراق و بەرپرسانی دیکەی تۆپی دەستی کوردستان ،دوای خولەکێک وەستان بۆ شەهیدانی رووداوەکەی شاری سلێمانی خوێندنی سورەتی فاتیحە ، دوا یاری لەگەڕی پێنجەم و کۆتا گەڕی خولی نایابی کوردستان لەنێوان هەردوو یانەی هەولێر و سلێمانی لەهۆڵی کۆلێژی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی سەلاحەددین بەرێوەچوو.
دوای یارییەکی بەهێز لەنێوان هەردوو یانەدا لەتایمەکانی یارییەکەدا، هەولێر توانی براوەی یارییەکە بێت بەئەنجامی 40گۆل بەرامبەر 35گۆل بۆ سلێمانی .
بە براوەبوونیشی لەیاریەکەدا هەولێر بووە براوەی نازناوی خولی نایابی تۆپی دەستی کوردستان و سلێمانی پلەی دووەم و سۆرانیش پلەی سێیەمی بەدەست هێنا.
لەکۆتایشدا لەلایەن پارێزگار و قائیمقام و بەرپرسانی ئۆلۆمپی کوردستانەوە خەڵات و نازناوی خول درایە یانەی هەولێر ، سلێمانیش جامی دووەم و سۆرانیش سێیەمی پێبەخشرا.
خولی تۆپی دەستی نایابی کوردستان، بە بەشداری شەش یانە یارییەکانی لەماوەی پێنج گەڕ و بەشێوازی خول و بەیەک قۆناغ بەرێوەچوو.
کاروچالاکییەکانی لێژنەی ئۆلۆمپی هەرێمی کوردستان بەپشتگیری کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.