Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 12:36

بەمشەوە بارەگای حزبەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێم بۆردومان دەکرێن

کوردستان TV
100%

کەمێک پێش ئێستا؛ سوپای پاسدارانی ئێران بە چڕی دەستی بە بۆردومانکردنی بارەگای حزبەکانی کوردستانی ئێران لە ناوچەکانی جێژنیکان، کۆیە و زڕگوێز کرد.

پەیامنێری کوردستان تیڤی لە هەولێر پێی ڕاگەیاندین کە درەنگانی ئەمشەو سوپای پاسدارانی ئێران بە درۆن هێرشی کردە سەر کەمپی ڕۆژهەڵات لە گوندی جێژنیکانی سەر بە ناحییەی بەحرکە لە سنوور پارێزگای هەولێر.

بەپێی زانیارییەکان، لە هێرشەکەی جێژنیکان هیچ شەهید و بریندارێکی لێ نەکەوتووەتەوە.

هاوکات لە کۆیەش هێرش کرایەسەر قەڵای دیموکرات و بنکەی تەندروستی ئازادی، تاریق حەیدەری قایمقامی قەزای کۆیە هەواڵەکەی بۆ (کوردستان تیڤی) پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند: هێرشەکە لە ڕێگەی 3 مووشەکەوە بووە، مووشەکێک بەر قەڵای حزبی دیموکرات کەوتووە و دوو مووشەکی دیکەش بەر بنکەی تەندروستی ئازادی لە کۆیە کەوتوون.

 ڕاشیگەیاند: تاوەکو ئێستا هیچ شەهید و بریندارێک بۆ نەخۆشخانەی کۆیە نەهێنراون.

بەپێی زانیارییەکان، لە درێژەی هێرشەکانی ئەمشەودا، ناوەندی سەرکردایەتیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران لە زڕگوێز لە سنووری پارێزگای سلێمانی بۆردومان کرا.

لە ڕاگەیەنراوێک دژەتیرۆری کوردستان پشتڕاستی کردەوە کە ئێران بارەگای حزبەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان بۆردومان دەکات.

دژەتیرۆری کوردستان ئاماژەی بەوەش دا کە تاوەکوو ئێستا زەرەر و زیانەکان لە ئەنجامی ئەو هێرشانە نەزانراوە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.