Erbil 38°C دووشەممە 06 کانوونی دووەم 02:01

له‌ ئێران بایكۆتی به‌رهه‌مه‌كانی (میهن و دیجی كالا) ده‌كرێ ‌به‌هۆی به‌شداریكردن له‌ سه‌ركوتكردنی خۆپیشانده‌ران

کوردستان TV
100%

ماوه‌ی نزیكه‌ی مانگێكه‌ هاووڵاتییانی ئێران بایكۆتی سه‌رتاسه‌رییان به‌رامبه‌ر به‌ به‌رهه‌مه‌كانی هه‌ردوو كۆمپانیای (میهن و دیجی كالا) ڕاگه‌یاندووه‌ به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ ده‌گوترێ هه‌ردوو كۆمپانیاكه‌ سه‌ر به‌ سوپای پاسدارانن و داهاته‌كانیان بۆ سه‌ركوتكردنی ناڕه‌زایی و خۆپیشانده‌ران به‌كار ده‌هێنرێ.

له‌ ناوه‌ڕاستی مانگی ڕابردوودا له‌ چه‌ند گه‌ڕه‌كێكی تارانی پایته‌ختی ئێران سوپای پاسداران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی ئێران به‌ ئۆتۆمبێڵی بارهه‌ڵگری تایبه‌ت به‌ كۆمپانیای (میهن) و (دیجی كالا) هه‌ڵمه‌تی گرتن و ئه‌شكه‌نجه‌دانی خۆپیشانده‌رانیان ئه‌نجام دا و ئه‌مه‌ش بووه‌ هۆی دروستبوونی ناڕه‌زایه‌تییه‌كی گه‌وره‌ و به‌رفراوان دژی كۆمپانیاكه‌ له‌ ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران.

دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی گرته‌ی ڤیدیۆیی ڕووداوه‌كه له‌ تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی‌، هه‌ڵمه‌تێكی فراوان و سه‌رتاسه‌ری له‌ ئێران دروستبوو بۆ بایكۆتكردنی كڕین و فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌كانی هه‌ردوو كۆمپانیاكه‌ كه كۆمپانیای یه‌كه‌میان‌ به‌رهه‌مه‌كانی زیاتر شیرمه‌نی و سارده‌مه‌نی و كه‌لوپه‌له‌ خۆراكییه‌كانه‌ و ئه‌وه‌ی دووه‌میشیان كاری گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن له ‌ناوخۆ و ده‌ره‌وه‌ی ئێران ئه‌نجام ده‌دات.

ئێستا هاووڵاتییانی ئێران به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو هاشتاگی بایكۆتكردنی به‌رهه‌مه‌كانی هه‌ردوو كۆمپانیاكه‌ له‌ تۆڕه‌كانی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌كارده‌هێنن، كۆمپانیاكانیش به‌هۆی ئه‌م بایكۆته‌وه‌‌ زیانێكی ئابووری گه‌وره‌یان به‌ركه‌وتووه‌.

هاووڵاتییانی ئێران له‌ هاشتاگی‌ بایكۆتكردنی كڕین و فرۆشتنی به‌رهه‌مه‌كانی (میهن و دیجی كالا) ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌ڵمه‌ته‌كه‌ پشتگیری و پاڵپشتییه‌ك ده‌بێت بۆ ناڕه‌زایی و خۆپیشاندانه‌كانی ئێران.

كۆمپانیاكانی میهن و دیجی كالا سه‌ره‌تا هه‌واڵه‌كه‌ و بایكۆتكردنی به‌رهه‌مه‌كانیان له‌لایه‌ن هاووڵاتییانه‌وه‌ به‌ شتێكی بچووك و بێمانا وه‌سف كرد، به‌ڵام دواتر به‌هۆی ئه‌و زیانه‌ ئابوورییه‌ گه‌وره‌یه‌ی كه‌ تووشیان هات،‌ ناچار بوون ڕاگه‌یه‌نراو بڵاو بكه‌نه‌وه‌‌ و سه‌رتاپای ڕووداو و هه‌واڵه‌كانیش ڕه‌ت بكاته‌وه‌.

جێی باسه‌ زۆرێك له‌ كۆمپانیا گه‌وره‌ و پڕ داهاته‌كان له‌ ناوخۆی ئێران سه‌ر به‌ داموده‌زگای حكوومی و ئه‌منیی و سوپای پاسدارانه‌، ده‌گوترێ كۆمپانیاكانی (میهن و دیجی كالا)ش یه‌كێكن له‌و كۆمپانیایانه‌ و داهات و خاوه‌ندارییه‌كه‌ی بۆ سوپای پاسدارانی ئێران ده‌گه‌ڕێته‌وه‌‌.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.