Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 22:43

وه‌زاره‌تی پیشمه‌رگه‌ به‌شداریی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شی وه‌زاره‌تی به‌رگری و ناوخۆی عێراق ده‌كات

کوردستان TV
100%

لە درێژەی ئەو دیدار و چاوپێکەوتن و کۆبوونەوە هاوبەشانەی لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی عێراق بەڕێوەدەچن، سەبارەت بە باشترکردنی دۆخی ئەمنیی عێراق بە گشتی و دۆخی سنوورەکان بە تایبەتی، ئەمڕۆ سێشه‌م فەریق روکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە سەردانی بەغدای کرد و لە بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، بەشداری کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی وەزارەتی بەرگری و وەزارەتی ناوخۆی عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە و فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراقی کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا کە عبدولئەمیر شەممەری وەزیری ناوخۆ و فەریقی یەکەم روکن عەبدولئەمیر یاروڵا سەرۆکی ئەرکانی سوپای عێراق و فەریق روکن قەیس محەداوی جێگری فەرماندەی گشتی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و فەرماندەی پاسەوانی سنوور بەشدارییان تێدا کردبوو، باسیان لە دوایین پێشهات و رووداوەکانی ناوچە سنورییەکان بە گشی و بە تایبەتیش ناوچە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردوو وڵاتی تورکیا و ئێران کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا بریاری پێویستی دران بۆ باشترکردنی سنوورەکان و لە ماوەی داهاتووشدا رێوشوێنەکان پراکتیزە دەکرێن.

سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دووپاتی کردەوە کە حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پێشمەرگە، سوورە لەسەر ئەوەی کە بە هیچ شێوەیەک رێگە نادات ئاسایش و ئارامی سنوورەکانی هیچ وڵاتێک لەناو خاکی هەرێمی کوردستان و عێراقەوە بکەوێتە بەر مەترسییەوە، هەروەها هەرێمی کوردستان بەردەوام داکۆکی کردووە لە پاراستنی ئاسایش و ئارامی سنوورەکان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا سەبارەت بە دۆزینەوەی ئالییەتی گونجاو بۆ گەیاندنی هێزەکانی پاسەوانی سنوور و هێزەکانی پێشمەرگە بۆ هەموو ئەو ناوچە سنوورییانەی کە پێویستن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.