Erbil 38°C چوارشەممە 25 کانونی یەکەم 23:12

جوان حاجۆ: تا گه‌لی كورد بوونی هه‌بێت ،ده‌نگ و هونه‌ری من زیندووه‌..!

کوردستان TV
100%

جوان حاجۆی هونه‌رمه‌ند ، ماوه‌ی (40) ساڵ زیاتره‌ ، له‌تاراوگه‌ له‌وڵاتی ( سوید) نیشته‌جێ یه‌ ، به‌ده‌نگ و سازه‌كه‌یه‌وه‌ تێده‌كۆشێ و ستران ده‌چڕێ و یه‌كێكه‌ له‌ گۆرانبیێژه‌ ناوداره‌كانی كورد، سترانه‌كانی له‌لای هه‌واداران و عاشقانی ده‌نگ و هونه‌ره‌كه‌ی جێی گرتووه‌،

هونه‌رمه‌ند جوان حاجۆ ، هونه‌ر و سترانه‌كانی به‌شێوازێكی تایبه‌ت ده‌چڕێ و ئه‌وشێوازه‌ هونه‌رییه‌ی هونه‌رمه‌ند گرتویه‌تیه‌ به‌ر ، سترانی نه‌ته‌وه‌یی و ئه‌ڤیندارین به‌شێوازی ڕۆژئاوایی.

 له‌گوندی ( تربه‌سپێ) وه‌  بۆ قامیشلۆ و به‌ره‌و هه‌نده‌ران...!

بنه‌ماڵه‌ی هونه‌رمه‌ند له‌بنه‌ڕه‌تدا زاده‌ی ناوچه‌ی (مێردینی) باكوری كوردستانن، دوای سه‌ركوتكردنی شۆڕشی  ( شێخ سه‌عیدی پیران 1865_1925)  له‌ ڕێكه‌وتی ( 13/2/1925) شۆڕش هه‌ڵگیرسا و له‌ڕێكه‌وتی ( 15/4/1925) ئه‌وشۆڕشه‌ له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتی ئه‌تاتوركه‌وه‌ كۆتایی پێهات، (حاجۆ ئاغا) ی باپیری ناچار ده‌بێت زێده‌كه‌ی خۆی به‌جێ بهێڵێ و خۆیی و خانه‌واده‌كه‌ی ڕوو بكاته‌ ڕۆژئاوای كوردستان له‌گوندێكی نزیك شاری ( قامیشلۆ) هه‌وار هه‌ڵبدات و درێژه‌ به‌ژیان بدات.

جوان ئیبراهیم حاجۆ ، نازناوی هونه‌ری ( جوان حاجۆ)  له‌ڕێكه‌وتی ( 17/8/1957) له‌گوندی ( تربه‌سپێ) ی نزیك شاری (قامیشلۆ) له‌خانه‌واده‌یه‌كی هونه‌ردۆست و ڕۆشنفكر و نیشتمان په‌روه‌ر به‌دنیاهاتووه‌،  دایكی ناوی ( سه‌هاده‌ت ) خان بووه‌،  هونه‌رمه‌ند خاوه‌نی ( 3 برا و 9 خوشكه‌) ، به‌داخه‌وه‌ برایه‌كی به‌ناوی ( نالیف) شه‌هیدی ڕێگای ڕزگاری خوازی  گه‌لی كوردستانه‌.

له‌ته‌مه‌نی منداڵیدا خراوه‌ته‌ به‌ر خوێندن ، قۆناغه‌كانی خوێندنی ته‌واو كردووه‌،

ده‌ستپێكی كاری هونه‌ریی هونه‌رمه‌ند ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ‌سه‌رده‌می منداڵی، ئه‌وه‌ش به‌هۆی ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ دۆستانه‌ و خۆشه‌ویستیه‌ی نێوان بنه‌ماڵه‌كه‌یی و كوردانی‌ ئێزیدی هاوشاری، ئامێری (ساز) یش له‌لای ئێزیدیه‌كان پیرۆزه‌، ئه‌و تێكه‌ڵاوبوونه‌ فه‌رهه‌نگی و كه‌لتووریی و هونه‌رییه‌ ، كاردانه‌وه‌ی له‌سه‌ر خانه‌واده‌كه‌ی هه‌بووه‌ ، باوك و مامیی  هه‌ردووكیان ژه‌نیاری ساز بوون ، هه‌روه‌ها ئه‌و ژینگه‌یه‌ی تێدا گه‌وره‌بووه‌، له‌ژێر كاریگه‌ریی ده‌نگ و سترانی هونه‌رمه‌ندانی ناوچه‌كه‌دا بووه‌، هونه‌رمه‌ند جوان حاجۆ ده‌ڵێت ( كاتێك چا و گوێم كرایه‌وه‌ و بینیم له‌ماڵه‌وه‌ سازمان هه‌یه‌ ، باوكم و مامم سازیان ده‌ژه‌نی ته‌نها بۆ خۆیان نه‌ك بۆ خه‌ڵك ، چونكه‌ ئه‌وكاته‌  له‌ناو هۆزو بنه‌ماڵه‌ سازلێدان عه‌یبه‌ بوو ، هه‌میشه‌ ده‌نگی ئامێری ساز له‌ماڵماندا بوونی هه‌بووه‌، كاتێك ته‌مه‌نم گه‌یشته‌ (10 بۆ 11) ساڵ ، منیش ده‌ستم به‌ژه‌نینی ئامێری سازكرد و هێدی هێدی گۆرانیشم گوت)(1) .

مامی هونه‌رمه‌ند ( به‌هرام حاجۆ) كه‌سێكی ده‌ست و په‌نجه‌ ڕه‌نگین بووه‌ له‌بواری هونه‌ری شێوه‌كاری ، هه‌روه‌ها خوشكێكی هونه‌رمه‌ند به‌ناوی ( دلبه‌ر حاجۆ) خاوه‌ن هه‌ستێكی ناسك و  خامه‌یه‌كی جوان بووه‌ له‌بواری نوسینی ( شیعر) دا كه‌ زۆر هاوكارو یارمه‌تیده‌ری هونه‌رمه‌ند بووه‌.

هونه‌رمه‌ند جوان حاجۆ ده‌كه‌وێته‌ ژێر كاریگه‌ری گۆرانی و میلۆدی كوردانی (عه‌له‌وی) زۆر چێژی لێوه‌رگرتووه‌، هاناده‌باته‌ لای خوشكه‌كه‌ی و داوای لێده‌كات له‌سه‌ر ئه‌و میلۆدییانه‌ تێكستی بۆ بنوسێت، خوشكه‌كه‌ی هاوكاری ده‌بێت سه‌ره‌تا گۆرانییه‌ك و دواتر چه‌نددانه‌یه‌كی تر تاده‌بێته‌ (12) گۆرانی ، هونه‌رمه‌ندبۆیه‌كه‌م جار له‌ته‌مه‌نی (12) ساڵیدا(1969) ڕاسته‌وخۆ له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌ردا گۆرانی ده‌خوێنێ ، یه‌كه‌مین كاسێتێكی هونه‌ری كه‌پێكهاتووه‌ له‌ (12) ستران له‌ته‌مه‌نی (14) ساڵیدا (1971) به‌ناوی ( ئه‌مینا) زیاتر گۆرانی عه‌شق و سۆزداری  بووه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌.

گۆرانییه‌كانی هونه‌رمه‌ند جوان حاجۆ ، ئه‌ڤینداری و شۆڕشگێڕی به‌شێوازی ڕۆژئاوایی  له‌ جۆری  ( پۆپ ، ڕۆك ، جاز  و بلو ) خوێندویه‌تی و له‌ڕێی ئه‌وشێوازه‌وه‌ خۆی ناساند و ناوبانگی ده‌ركرد،  ده‌بێت هونه‌رمه‌ند ئه‌و شێوازه‌ی بۆ هونه‌ره‌كه‌ی هه‌ڵبژاردوه‌و تێیدا سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه‌ ، ئایا ده‌بێت كاریگه‌ری چ هونه‌رمه‌ندێكی كورد یان بیانی له‌سه‌ر بووبێت ، به‌وستایله‌ سترانی چڕیوه‌ ..!

خوێندنی گۆرانی به‌شێوازی ڕۆژئاوایی له‌ناو مۆسیقا و گۆرانی كوردیدا، مێژووه‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌  بۆ ناوه‌ڕاستی سه‌ده‌ی پێشوو له‌باشووری كوردستان ، یه‌كه‌م هونه‌رمه‌ندێك به‌وشێوازو ستایله‌ گۆرانی خوێندووه‌ ، هونه‌رمه‌ند ( مه‌حمود محه‌مه‌د قادر) ناسراو به‌ مه‌حموی حه‌مه‌ی له‌یلێ  1/7/1932_25/4/2004) یه‌كێك له‌ ده‌نگخۆش و خۆشخوانه‌كانی سه‌ره‌تای ڕادیۆی كوردی به‌غدا بووه‌ كه‌ هه‌ندێك له‌گۆرانییه‌كانی به‌شێوازی ڕۆژئاوایی خوێندوویه‌تی ، نووسه‌ر و ڕۆژنامه‌نووس ( كه‌مال ڕه‌ووف محه‌مه‌د) به‌وشێوه‌باس  له‌ڕۆژگاری تۆماركردنی گۆرانیه‌كانی هونه‌رمه‌ند له‌ڕادیۆی كوردی به‌غدا ده‌كات ( یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی ناوی و ناوی سترانی  (گوڵی خوێناوی _ بڕوانه‌ ! شایی یه‌ ،چۆپیه‌ )  ڕێكه‌وتی رۆژی شه‌ممه‌ ( 2/4/1949) سترانه‌كه‌ی له‌سه‌ر قه‌وانی ڕادیۆیی بووه‌، به‌ڵام له‌ ( 5/9/1950) سترانی 

( جوانی بێ ناو _ قژكاڵی لێو ئاڵی ) به‌چیكه‌نه‌ی سیم وایێر تۆماركردووه‌) (2) .

هونه‌رمه‌ندی ژه‌نیار و گۆرانیبێژ ( قادر دیلان 1928_ 18/3/1999) ، ئه‌و گۆرانیانه‌و چه‌ند گۆرانییه‌كی به‌هه‌مان ستایلی ڕۆژئاوایی خوێندووه‌، هه‌روه‌ها هونه‌رمه‌ند ( هۆمه‌ردزه‌یی) له‌كۆتایی شه‌سته‌كان به‌هه‌مان شێوازی مۆسیقای ڕۆژئاوایی به‌رهه‌مه‌ هونه‌رییه‌كانی تۆماركردو بڵاو كرایه‌وه‌، ئه‌و شێوازه‌ بۆ مۆسیقای هونه‌ری كوردی نوێ و به‌ته‌واوی كوردستاندا بڵاو بۆوه‌ ، سه‌باره‌ت به‌یه‌كه‌م گوێبیست و كاری هونه‌ریی به‌ مۆسیقای ڕۆژئاواییه‌وه‌  ، هونه‌رمه‌ند جوان حاجۆ ، ده‌مانگه‌ڕێنێته‌وه‌ بۆ ئه‌وساته‌ وه‌خته‌و، و ‌به‌ده‌نگ و هونه‌ریی كێ پێی ئاشنابووه‌.؟

( كاتێك لاوبووم ته‌مه‌نم ، شانزه‌ ساڵ ده‌بووم ، واته‌ (1973)  كاسێتی هونه‌رمه‌ندان  ( قادر دیلان ) به‌ئامێری ( سه‌كسیفۆن) ه‌وه‌،  ( هۆمه‌ر دزه‌یی) به‌ئامێری ( گیتار) گه‌یشته‌ قامیشلۆ به‌ڕاستی پێم سه‌یربوو ئه‌و گۆرانیانه‌ به‌كوردی  و به‌سۆرانی بوو گه‌رچی من ئه‌وساكه‌ له‌سۆرانی تێنه‌ده‌گه‌یشتم ، به‌ڵام زۆر سه‌رنجی ڕاكێشام ..! ئه‌وه‌ش بیرۆكه‌یه‌كی لا گه‌ڵاڵه‌كردم كه‌مۆسیقای كوردیش ده‌كرێ به‌ئامێری بیانی بژه‌ندرێ ..! زۆر زۆر سه‌رنج ڕاكێش بوو له‌ماڵه‌وه‌ش گوێمان له‌گۆرانی تر ده‌گرت  ، كه‌هاتمه‌ ئه‌ڵمانیا دوو سێ ژه‌نیاری ئه‌ڵمانیا  ( بیتڵز ، لیۆ  و تیۆ) له‌ساڵی (1980) كاسێتێكی پرۆفیشناڵمان له‌ستۆدیۆ تۆماركرد، ئه‌و كاسێته‌ به‌لای خۆمه‌وه‌ مۆدێرن  نه‌بوو ، به‌ڵام لای كورد مۆدێرن بوو،دواتر  كاسێتی ( دیاربه‌كر) م بڵاوكرده‌وه‌، دیاره‌ مۆدێرن بوو، به‌ڵام ڕووبه‌ڕووی ڕه‌خنه‌ی زۆر بوومه‌وه‌ گوایه‌ گۆرانیی كوردی تێك ده‌ده‌م، گه‌رچی لای هه‌ندێك گه‌نج و لاو ئه‌و شێوازه‌یان به‌دڵ بوو ،  ده‌ست پێكه‌كه‌م به‌و شێوه‌یه‌ بوو، بێ ئه‌وه‌ی به‌رنامه‌ی بۆداڕێژرابێ ، زۆر گوێم له‌مۆسیقای ڕۆژئاوایی ده‌گرت و به‌ڵام نه‌مده‌زانی چین؟ وام ده‌زانی هه‌مووی (جاز) ه‌، هه‌مووی جاز نه‌بوو ، ( پۆپ ، ڕۆك  و جاز) یش هه‌بوو ) (3) .

هونه‌رمه‌ند دوای ته‌واوكردنی خوێندنی ئاماده‌یی و به‌مه‌به‌ستی درێژه‌دان به‌خوێندن (زانكۆ)  و نائارامیی ئه‌وژینگه‌یه‌ی تێیدا ژیاوه‌ ، له‌ساڵی (1979) شاری قامیشلۆ و كوردستان به‌جێ دێڵی و ڕووده‌كاته‌ وڵاتی ( ئه‌ڵمانیا)  و له‌زانكۆی ( بۆخوم) بۆماوه‌ی (3) سێ ساڵ زانستی مۆسیقا ده‌خوێنێ، له‌وماوه‌یه‌دا كه‌ قوتابی زانكۆیه‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی فراوان ده‌بێت و تێكه‌ڵاو به‌فه‌رهه‌نگ و كه‌لتوور و هونه‌ری مۆسیقای ئه‌و وڵاته‌ ئاشنا ده‌بێت ، هه‌روه‌ها له‌ڕێی هونه‌ره‌كه‌یانه‌وه‌ كاریگه‌ری مۆسیقازانه‌كانی ئه‌ڵمانی له‌سه‌ر ده‌بێت به‌تایبه‌ت ( ئدۆ هێربست ) ی هونه‌رمه‌ند، ئه‌و په‌یوه‌ندی و كاریگه‌رییه‌ هونه‌رییه‌ ده‌بێته‌ هۆی له‌لایه‌ن هونه‌رمه‌نده‌وه‌و تایبه‌تمه‌ندیه‌كانی مۆسیقای كوردی و  مۆسیقای ئه‌وروپی ( ڕۆك و پۆپ) لێك نزیك بكاته‌وه‌و له‌هه‌ستی هونه‌ریی خۆیدا به‌شێوازێكی نوێی له‌هونه‌ره‌كه‌ی خۆیدا به‌رجه‌سته‌ی بكات.

دوای ساڵانێك هونه‌رمه‌ند ڕووده‌كاته‌ وڵاتی (نه‌رویج _ نۆروێژ) له‌وێش توانی  زانیاریی زێده‌تر له‌سه‌ر  هونه‌ری مۆسیقا و گۆرانی بخاته‌ سه‌رخه‌رمانی هونه‌ریی خۆی،

له‌سه‌ره‌تای  چوونی بۆ ئه‌ڵمانیا به‌ده‌ستهێنانی زانیاری له‌سه‌ر  هونه‌ری مۆسیقا له‌ئه‌وروپا و، دنیابینی هونه‌رمه‌ند بۆ ژیانی تاكی ئه‌وروپی و هونه‌رمه‌ندان ، گۆڕانكاریی له‌سه‌ر ژیانی هونه‌ریی هونه‌رمه‌ند داده‌نێت و هونه‌ره‌كه‌ی به‌ئاراسته‌ و شێوازێكی نه‌ته‌وه‌یی و شۆڕشگێڕانه‌ هه‌نگاو هه‌ڵده‌گرێت، هه‌روه‌ها خۆشی فێری خوێندنه‌وه‌و نوسینی زمانی كوردی كردووه‌ به‌پیتی لاتینی،به‌هۆی نووسه‌ر و كوردی زان (گۆران حاجۆ) ی  كوڕی مامیه‌وه‌ ، زۆر هاوكارو یارمه‌تیده‌ری هونه‌رمه‌ند بووه‌ ، له‌هه‌ڵبژاردنی هه‌ڵبه‌ستی شاعیران و خۆشی چه‌ند هه‌ڵبه‌ستێكی نوسیوه‌و هونه‌رمه‌ند (7) هه‌ڵبه‌ستی گۆران حاجۆی ئامۆزای  و ،هه‌روه‌ها هه‌ڵبه‌ستی شاعیرانی وه‌ك ( میرجه‌لاده‌ت به‌درخان  و قه‌دری جان  و محه‌مه‌د ئۆزۆن و دلبه‌ر حاجۆی خوشكی ) كردووه‌ به‌گۆرانی و ئاوازی له‌سه‌ر داناون و خوێندوونی،

سه‌باره‌ت به‌دانانی ئاوازو هۆنراوه‌ هونه‌رمه‌ند جوان حاجۆ ده‌لێت ( ڕاستییه‌كه‌ی من له‌نووسیندا زۆر باش نیم ، به‌ڵام خه‌یاڵ و فه‌نتازیام زۆره‌ ، خۆیشم برێك هه‌ڵبه‌ستم نوسیوه‌، به‌ڵام پتر ده‌توانم مۆسیقا چێ بكه‌م ، هه‌ربۆیه‌ ده‌ڵێم (99%)  مۆسیقاكان هی خۆمن و  (90%) ی  تێكسته‌كان هی خۆم نین)(4).

له‌ده‌ستپێكی هاتنه‌ نێو دنیای گۆرانی و ئاوازی كوردییه‌وه‌ هونه‌رمه‌ند به‌رده‌وامی داوه‌ به‌ كاری هونه‌ری له‌ هه‌نده‌ران و وه‌ك ئه‌ركێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانی له‌بۆنه‌ و ئاهه‌نگه‌ نه‌ته‌وایه‌تیه‌كاندا به‌ده‌نگ و سازه‌كه‌یه‌وه‌ ڕۆڵی بینیوه‌و وه‌ك هونه‌رمه‌ندێكی شۆرشگێڕ بوونی خۆی سه‌لماندوو و ستران بۆ گه‌ل و نیشتمانه‌كه‌یی خوێندووه‌، ئه‌مانه‌ به‌شێكن له‌ له‌ئه‌لبوومه‌ هونه‌رییه‌كانی هونه‌رمه‌ند جوان حاجۆ :

1/  ئه‌مینا (1971) ( قامیشلۆ )

2/ دیاربه‌كر   (1981)  ( ئه‌ڵمانیا )

3/ گوڵا سوور ( 1983) ( ئه‌ڵمانیا)

4/ له‌یلا  ( 1985) ( ئه‌ڵمانیا )

5/ گرتیێن ئازادیێ ( 1987) ( ئه‌ڵمانیا)

6/ چاو بێللا ( 1989) ( ئه‌ڵمانیا)

7/ سی وسێ گولێ ( 1991) ( نه‌رویج)

8/  دووری  ( 1994)  ( نه‌رویج)

9/ بلوورا من ( 1997) ( نه‌رویج )

10/ داستاناعه‌گیده‌كی (1998) ( نه‌رویج)

11/ ده‌ریا ( 2003) ( نه‌رویج)

12/ نا نا ( 2004) ( ئه‌ڵمانیا)

13/ ئۆف (Off)  ( 2006) ( ئه‌ڵمانیا)

14/ ڤه‌گه‌ر (2012)

15/ فه‌له‌ك ( 2017)

16/ پێشمه‌رگه‌

هونه‌رمه‌ند جوان حاجۆ دوای به‌سه‌ربردنی (25)  ساڵ  ژیانی ده‌ربه‌ده‌ری و ئاواره‌یی له‌هه‌نده‌ران، له‌ساڵی (2004) له‌لایه‌ن ده‌وڵه‌تی توركیاوه‌ ڕێگه‌ی پێده‌ده‌رێت بگه‌ڕێته‌وه‌ كوردستان  و له‌شاری ( باتمان) ی باكوری كوردستان كۆنسێرت سازبكات و زیاتر له‌ (350.000) سێ سه‌د و په‌نجا هه‌زاركه‌س زیاتر به‌شداربوون له‌و كۆنسێرته‌وه‌ و چێژیان له‌ده‌نگ و هونه‌ری هونه‌رمه‌ند جوان حاجۆ وه‌رگرتووه‌،

سه‌باره‌ت به‌و كۆنسێرته‌ هونه‌رمه‌ند دبێژێت ( ئه‌وه‌ی باتمان گه‌وره‌ترین كۆنسێرتم بووه‌ ، ده‌وترا 350.000 هه‌زار كه‌س به‌شداریان له‌وكۆنسێرته‌دا كردووه‌، به‌ڵام هه‌ندێكیش ده‌ڵێن زۆر له‌وه‌ زیاتر بووه‌ و نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن كه‌س بۆكۆنسێرته‌كه‌ هاتبوون، ئه‌وه‌ی لام گرنگ نه‌بوو جوان حاجۆ له‌وێ كۆنسێرتێك ده‌كا..! گرنگ ئه‌وه‌بوو گه‌له‌كه‌م ئه‌وه‌ی كرد، جوگرافیای كوردستان ، شه‌هیدانی كوردستان ، مێژوو و خه‌باتی كوردستان ، نیشتمانپه‌روه‌ری  و مێژووی پاك باتمانی دروست كرد ، نه‌ك جوان حاجۆ ، من و هاوكارانم له‌وێ كۆنسێرتمان كرد به‌ڵام نه‌ك هه‌رته‌نیا هه‌رخۆمان ، به‌ڵكو نه‌ته‌وه‌كه‌مان ئه‌وكۆنسێرته‌ی سه‌رخست ، بۆیه‌ باتمان هه‌رله‌ناو دڵمدا ده‌مێنێ و قه‌ت ناتوانم له‌بیری بكه‌م ) (5) .

 هونه‌رمه‌ند جیا له‌وئه‌لبومه‌ هونه‌رییانه‌ ، چه‌ند گۆرانییه‌كی دیكه‌ی به‌شێوه‌ی تراك  تۆماركردووه‌ و به‌ كلیپ بڵاوكراونه‌ته‌وه‌ وه‌ك  گۆرانی ( ئه‌سمه‌ر ) ئه‌م گۆرانیه‌ كارێكی هاوبه‌شه‌ له‌گه‌ڵ خانمه‌ هونه‌رمه‌ند ( هۆلیا ئه‌فشار) ، گۆرانی ( دڵ پیرنابێت ) و ( لێگه‌ڕێن ) و ( له‌یلانێ) ، له‌پاڵ كاری هونه‌ری سترانبێژی و ئاوازدانان و ژه‌نینی ئامێری ساز ، هونه‌رمه‌ند له‌ساڵی ( 2007) به‌شداری له‌فیلمی ( دۆڵ) له‌ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ند ( هونه‌ر سه‌لیم) دا ده‌كات.

هونه‌رمه‌ند جوان حاجۆ له‌باری كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه‌ ، ژیانی هاوسه‌ری له‌گه‌ڵ خاتوونێكی وڵاتی ( ئایسله‌ندا)  پێكهێناوه‌و  خاوه‌نی دووكچه‌ به‌ناوه‌كانی ( لۆرین و ڕۆزا)  و ئێستا له‌وڵاتی (سوید ) ده‌ژین.

هونه‌رمه‌ند جوان حاجۆ ، هونه‌رمه‌ندێكی شۆرشگێڕو  نه‌ته‌وه‌یی ، هونه‌ر و زمانی دایكی زۆر خۆش ده‌وێت  و داوا له‌ هاوزمانه‌كانی ده‌كات و ده‌ڵێت ( زمانی ئێمه‌ هه‌بوونی ئێمه‌یه‌ ، هیوای من بۆ ئێوه‌ و میلله‌تی كورد زمانی كوردی هه‌ڵبژێرن ، زمانی ئێمه‌ هه‌بێت ئێمه‌ ده‌مێنین ، زمانی ئێمه‌ نه‌مێنێ ، ئێمه‌ نامێنین ، بژی زمانی كوردی ،   تا زمان و نه‌ته‌وه‌كه‌ی من بوونی هه‌بێت ، هونه‌ر و سترانه‌كانی من ده‌مێنن و زیندوون) .

هیوای ته‌مه‌نداری و ژیانێكی ئارام و پڕته‌ندروست و به‌رهه‌مه‌دارتر بۆهونه‌رمه‌ند جوان حاجۆ ده‌خوازم.

جه‌مالی ده‌لاك  3/11/2022 هه‌ولێر.

سه‌رچاوه‌:

(1 و 3 و4 و 5)سایتی (Sulyon) دیمانه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ هونه‌رمه‌ند جوان حاجۆ ، دیمانه‌ ساز ( داستان مارف) له‌كرمانجیه‌وه‌ بۆ سۆرانی ( ژیار هۆمه‌ر) له‌ (28/7/2020).

(2) كتێبی مێژووی ڕادیۆی كوردی به‌غداد ( 1939_1958) به‌رگی یه‌كه‌م _ جزمی یه‌كه‌م  ، نووسینی (بابی لالۆ) كه‌مال ڕه‌ئوف محه‌مه‌د (2014) لاپه‌ڕه‌ ( 739).

کوردستان بناسە

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.