Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 20:07

ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی سیستەمی غازەوە بڕیاری دا

کوردستان TV
100%

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران بڕیار لەبارەی سیستەمی غازەوە درا، بۆ توندوتۆڵکردنی ڕێنمایی و لێپرسینەوە لە پێوەر و ڕێکارەکانی سەلامەتی و مۆڵەتی پیادەکردنی پیشەکان و دابینکردنی پێداویستی دامەزراوەکانی بەرگری شارستانیی و شارەوانی و تەندروستیی.

ئەمڕۆ چوارشەممە 23ـی 11ـی 2022، بە سەرپەرشتی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.

لە بڕگەی سەرەکی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی توندوتۆڵکردنی ڕێنمایی و بەدواداچوون و لێپرسینەوە لە پێوەر و ڕێکارەکانی سەلامەتی و مۆڵەتی پیادەکردنی پیشەکان لەپێناوی پاراستنی ژیان و سەلامەتی هاووڵاتییان کرا کە بەداخەوە بەهۆی کارەساتی تەقینی غازەوە لە هەردوو شاری سلێمانی و دهۆک، چەندین کەس بوونە قوربانی.

سەرۆک وەزیران بەناوی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە ، پرسە و سەرەخۆشی لە بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی هەردوو ڕووداوەکە کرد و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست و ئاماژەی بە ڕۆڵی گرنگیی دەزگە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت کرد لە هەردوو کارەساتەکە و بە تایبەتی ستایشیی قارەمانێتی و گیانفیدایی خوالێخۆشبوو ڕائید عەلی بەرواری و پۆلیسە هاوکارەکانی کرد، کە لەپێناوی بەهاناوەچوون و پاراستنی هاووڵاتییان، گیانی خۆیان بەختکرد و بەڕێز وپێزانینەوە، ڕۆڵیی جوامێرانەی ئەوانی بەرز نرخاند، هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە دامودەزگە و لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەت، لە زووترین کاتدا لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی ڕوودانی ئەو کارەساتانە بکەن و هەموو ڕێکارێکی پێویست بگرنەبەر بۆ ڕێگریکردن و دووبارەنەبوونەوەیان و درێخی نەکەن لە بەهاناوەچوون و ڕزگارکردنی گیان وسەلامەتی هاووڵاتییان لە هەموو جۆرە کارەساتێکی سروشتی بەگشتی.

پاشان ڕێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ڕاپۆرتێکی بەرفراوانی لە بارەی ئەنجامی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون لە هەردوو ڕووداوەکەی سلێمانی و دهۆک خستەڕوو کە تێیدا چەندین پێشنیار و ڕاسپاردەی پێویستی لە بارەی چارەسەرکردنی کێشەکانی تایبەت بە سیستەمی شۆڤاژ و LPGـی و گرتنەبەری ڕێکاری جدیی و پێویست بۆ توندوتۆڵکردنی ڕێنمایی و لێپرسینەوە لە پێوەر و ڕێکارەکانی سەلامەتی و مۆڵەتی پیادەکردنی پیشەکان و دابینکردنی پێداویستی دامەزراوەکانی بەرگری شارستانیی و شارەوانی و تەندروستیی، بەتایبەتی دابینکردنی پێداویستییەکانی بەڕێوەبەرایەتییەکانی هەماهەنگيی قەیرانەکان JCC لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکانی تێدا بوو تاوەکو بەشداری کارا بکەن لە بەهاناوەچوون لە کاتی هەرجۆرە ڕووداوێکی گەورە و کارەساتی سروشتی.

ئەنجوومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ ڕاسپاردە و پێشنیارەکانی وەزیری ناوخۆی پەسەند کرد و وەزارەتە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد بۆ جێبەجێکردنیان.

هەر لە چوارچێوەی ئەم تەوەرە، ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پێشنیاری دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان و هەروەک لە کۆنووسی لیژنە وەزارییەکەش جەختی لەسەر کرابوو، ئەنجوومەن بڕیاری دا دەستەی پێوانەسازی و کۆنترۆڵی جۆری سەر بە وەزارەتی پلاندان ڕابسپێرێت لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان بە گوێرەی پسپۆڕی، لە خاڵە سنوورییەکان، ئەو پشکنینانە بە گوێرەی ستاندارد ئەنجام بدەن و ڕێگری لە هاوردەکردنی کەلوپەل و تانکی غاز بکەن کە بۆ سیستمێکی سەلامەت ناگونجێن. هەروەها دەستەی پێوانەسازیی وکۆنتڕۆڵی جۆریی چالاک بکرێت و هەموو جۆرە پێداویستییەکی بۆ دابین بکرێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ئەرکەکانی خۆی جێبەجێ بکات و چاودێرییەکی توندی کۆمپانیاکانی کوالێتی کۆنترۆڵ سەربە کەرتی تایبەت لە خاڵە سنوورییەکان بکات.

سەرەڕای ڕاسپاردنی بەڕێوەبەرایەتییەکانی تایبەت بە ڕاهێنان و مۆڵەتی پیشەیی لە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ پەیمانگەی بەرگری شارستانی و بەڕێوەبەرایەتییەکانی بەرگری شارستانی لە وەزارەتی ناوخۆ، بۆ ڕێکخستنی کۆرس و خولی تایبەتمەند بەم بوارە بۆ ڕاهێنانی وەستا كرێکار و ئەو کەسانەی دەیانەوێ لە بواری دامەزراندنی سیستمی شۆڤاژ و LPG کار بکەن. هەر کەسێک بیەوێ لەم بوارەدا کار بکات، دەبێ خول ببینێت و مۆڵەتی پیشەیی بەدەست بهێنێت.

هەروەها ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا بە دابینکردنی پێداویستییەکانی پشکنین بۆ وەزارەتی سامانە سروشتییەکان تا پشکنینی سامپڵی غازی شل بکەوێتە ئەستۆی بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکان و نوێنەرانیان لە لێژنەی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان.

لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی پێشێلکاریی بەردەوامی سەروەریی عێراق و ھەرێمی کوردستان کرا کە پێشێلکردنێکی ئاشکرا و زەقی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەکان و پەیوەندی دراوسێیانەیە.

ئەنجوومەنی وەزیران ، لە کاتێکدا بە توندترین شێوە، سەرکۆنەی هێرش و بۆردومانکردنی سەر هەرێمی کوردستان دەکات و داوا لە وڵاتانی دراوسێ دەکات کە ڕێز لە سەروەری خاکی هەرێمی کوردستان و عێراق بگرن و پێویستە حکوومەتی فیدراڵی و نەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەگشتی هەڵوێستی جیددیان هەبێت و سنوورێک بۆ ئەم پێشێلکاری و هێرش و پەلامارانە دابنێن و چیتر ڕێگەنەدەن سەروەری هەرێم و عێراق پێشێل بکرێت، لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران، هەڵوێستی نەگۆڕی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە کە بە هیچ شێوەیەک، ڕێگەی نەداوە و ڕێگەش نادات، ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ لەڕێگەی هەرێمەوە تێکبدرێت و هەموو ئەم جۆرە بانگەشانەش ڕەت دەکاتەوە کە لەمبارەیەوە دەکرێن، چونکە هیچ بنەمایەکیان نییە و لە ڕاستییەوە دوورن.

بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە، تایبەت بوو بە خستنەڕووی پێشنیاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ هەموارکردنی پەیڕەوی دایەنگەکان لە هەرێمی کوردستان، تایبەت بە مۆڵەتی دایەنگەکان، کە لە لایەن کوێستان محەمەد کاروکاروباری کۆمەڵایەتی خرایەڕوو.

ئەنجوومەنی وەزیران پێشنیارەکەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بۆ هەموارکردنی پەیڕەوی دایەنگەکان پەسەند کرد، بە ئاراستەی ڕێکخستنەوەی مۆڵەتی دایەنگەکان، بەجۆرێک کە دایەنگەکان دەبێت پابەندبن بە یاسا وپەیڕەو و ڕێنماییەکان و لێپیچنەوەش هەبێت لە کاتی هەبوونی کەموکورتیی و خراپی ئەو خزمەتگوزارییەی لە دایەنگەکان پێشکەش بەو منداڵانە دەکرێن کە لە دایەنگەکان تۆمارکراون و هەڵوەشاندنەوەی مۆڵەتی ئەوانەی کە ڕێنمایی وڕێساکان جێبەجێ ناکەن و بەدواداچوونی بەردەوامیش لەمبارەیەوە بکرێت و مۆڵەتی کارکردنی سەرپێچیکاران تازە نەکرێتەوە هەتا ڕێنماییەکان وەک خۆی جێبەجێ دەکەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.