Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 11:44

سه‌رۆكی حكوومه‌ت له‌ رۆژی نه‌هێشتنی توندوتیژی دژی ئافره‌تان:‌ هێشتا ئاسته‌نگ و به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م ئافره‌تان هه‌ن

کوردستان TV
100%

سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئه‌مڕۆ هه‌ینی په‌یامێكی به‌بۆنه‌ی‌ رۆژی جیهانی نه‌هێشتنی توندوتیژی دژی ئافره‌تان بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا ڕایگه‌یاند كه‌ ئافره‌تانی كوردستان له‌ ساڵانی ڕابردوو دەسکەوتی گرنگیان بەدەستھێناوە، بەڵام بەداخەوە ھێشتاش ئاستەنگ و بەربەست له‌به‌رده‌میاندا هه‌ن.

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان له‌ په‌یامه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند "لە ڕۆژی جیهانیی نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان و دەستپێکردنی ھەڵمەتی 16 ڕۆژە بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، ھەڵوێستی نەگۆڕی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕووبەڕووبوونەوە و نەھێشتنی ھەر جۆرە توندوتیژیەک، بەتایبەتی جیاکاری و توندوتیژی دژ بە ئافرەتان دووپات دەکەینەوە".

ڕاشیگه‌یاند "یەکێک لە ئەرکە لە پێشینەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، زەمینەڕەخساندن بووە لە بەردەم ئافرەتانی کوردستان بۆ ئەوەی ڕۆڵی کارا و کاریگەر و شایستەی خۆیان لە پێگە جۆراوجۆرەکانی حکومڕانیی ھەرێمی کوردستاندا بگێڕن".

مه‌سرور بارزانی هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند "بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵی پەرەپێدانی کولتووری ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافەکانی ئافرەتان و نەھێشتنی جیاکاری ڕەگەزی لە کوردستان دەدەین".

سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا "ئافرەتانی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا دەسکەوتی گرنگیان بەدەستھێناوە، بەڵام بەداخەوە ھێشتاش ئاستەنگ و بەربەست ھەن و ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە".

له‌ كۆتایی په‌یامه‌كه‌یدا سه‌رۆكی حكوومه‌ت ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا "ھیوادارین بە ھاوکاری ھەموو لایەنەکان و پێکھاتەکانی کۆمەڵگە، کۆتایی بە ھەموو جۆرە توندوتیژییەک و جیاکارییەکی ڕەگەزی بھێنین و ھەرێمی کوردستان ببێتە نموونەیەکی گەشی پاراستنی مافەکانی ئافرەتان و مافەکانی مرۆڤ بەگشتی".

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.