Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 05:42

لەسەر بانگهێشتی فەرمی وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا شاندێکی حکومەتی هەرێم سه‌ردانی لەندەن ده‌كات

کوردستان TV
100%


لەسەر بانگهێشتی فەرمی وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا شاندێکی حکومەتی هەرێم بەشداری کۆنفرانسی ڕێگریکردن لە توندوتیژی جێندەری لە ململانێکان دەکات لە لەندەن.


لەم بارەیەوە، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: `لەسەر بانگهێشتی فەرمی وەزیری دەرەوەی بەریتانیا و نوێنەری تایبەتی سەرۆک وەزیرانی بەڕیتانیا بۆ ڕێگریکردن لە توندوتیژی جێندەری لە ململانێدا، وەک شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە ژمارەیەک دامودەزگای پەیوەندیدار پێکدێت بەشداری لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دەستپێشخەری نەهێشتنی توندوتیژی جێندەری لە پێکدادانەکاندا (PSVI) دەکەین، کە لە ڕێککەوتی  ٢٨-٢٩ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢ لە لەندەن بەڕێوەدەچێت.`

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان هەروەها گوتی: `ئامانجی کۆنفرانسەکە چەسپاندنی هەوڵەکانە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە سەرەکییەکان، لەوانەش ڕزگاربووان، بۆ دەستنیشانکردنی بۆشاییەکان لە وەڵامدانەوەی نێودەوڵەتی بۆ توندوتیژی جێندەری پەیوەست بە پێکدادانەکان، و دەستەبەرکردنی پابەندبوونەکان بە کردەوە لەلایەن حکومەتەکان، ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی.` 

لە درێژەی قسەکانیدا، د. دیندار زێباری گوتی: `کۆنفرانسەکە نزیکەی ٨٠٠ نوێنەر و بەرپرس لە تەواوی دنیا کۆدەکاتەوە کە بریتین لە وەزیرانی دەرەوە، نوێنەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕزگاربووان.`

لە کۆتایی قسەکانیدا، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: `شاندەکەمان ئەو هەنگاوە کردارییانە بە وەفدە بانگهێشتکراوەکان دەگەیەنێت کە حکومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردن و شیاندنەوەی ژنانی ئێزدی گرتوونیەتە بەر، مکوڕیی حکومەت لە لێپرسینەوە لە توندوتیژی خێزانی، ڕزگارکردنی ڕفێنراوەکان لە دەستی داعش و هەوڵە بەردەوامەکانی دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش بە هاوکاری لەگەڵ یەکگرتوو  تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش، جگە لە بوارەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە پێشخستنی مافە تاکەکەسی، سیاسی و کولتووریی ژنان.`

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.