Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 05:57

تەرمی ئەو مێردمنداڵە دەرهێنرا کە لە بنکەیەکی پۆلیسی سلێمانی گیانی لەدەست دابوو

کوردستان TV
100%

سەهەند ئەحمەد، تەمەن 17 ساڵ، دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستگیرکردنی لە بنکەیەکی پۆلیسی سلێمانی گیانی لەدەست دا، ئەمڕۆ شەممە 26ـی 11ـی 2022 تەرمەکەی بۆ توێکاری دەرهێنرا.

پەیامنێری (کوردستان تیڤی) پێی ڕاگەیاندین: دوای ئەوەی پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاندبوو کە ئەو مێردمنداڵە بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کردووە، خانەوادەکەی ڕەتیان کردەوە و لە دادگە و لایەنی پەیوەندیدار سكاڵایان تۆمار كرد، دواجار بە فەرمانی وەزارەتی ناوخۆ لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بۆ ئەو مەبەستە پێكهێنرا تاوەکو لێكۆڵینەوە لە هۆكاری گیانلەدەستدانی سەهەند بكرێت.

ڕاشیگەیاند: دوای 14 ڕۆژ لە گیانلەدەستدانی ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی دادوەر و دووان لە خانەوادەکەی ئەو مێردمنداڵە گۆڕی ناوبراو لە گۆڕستانی كانی سپیكەی سلێمانی هەڵدرایەوە تەرمی ناوبراو براوەتە پزیشكی دادی سلێمانی بۆ توێكاری و لێكۆڵینەوە لەهۆكاری مردنەكەی.

پەیامنێرمان ئاماژەی بەوەش دا کە هەرچەندە خانەوادەکەی سەهەند داوایان كردبوو تەرمەكەی ببرێتە هەولێر و لەوێ توێكاری بۆ بكرێت، بەڵام داواكەیان ڕەتكرایەوە و ڕەوانەی پزیشكی دادی سلێمانی کرا.

هەر لەمبارەیەوە ئاراس ستار، پەیامنێری (کوردستان تیڤی) پەیوەندی تەلەفۆنی بە پۆلیسی سلێمانییەوە کرد، بەڵام پەیوەندییەکان بەردەست نەبوو.

ئەمەش لەکاتێکدایە کە دوای ئەوەی سەهەند ئەحمەد لەلایەن هێزەکانی پۆلیسی سلێمانییەوە دەستگیر کرابوو، پاش چەند کاتژمێرێک گیانی لەدەست دابوو، لەمبارەیەوە خانەوادەکەی پێشووتر ڕایانگەیاند: کوڕەکەمان لە بنکەی سەرچنار گیرابوو، بەپێی گوتەی پۆلیس دواتر ڕایکردووە، ئەوانیش گرتوویانە و هێناویانەیە بنکە و خستوویانەتە زیندان، لە زیندان ئەم منداڵەیان ئەشکەنجە داوە و خنکاندوویانە.

ڕاشیانگەیاند: شوێنەواری لێدان لەسەر جەستەی کوڕەکەمانەوە دیارە، بەپێی گوتەی شایەتحاڵێکی ڕووداوەکە 5 پۆلیس بە قۆناخە تفەنگ و دەمانچە لێیان داوە.

هەروەها گوتیشیان: داوای کامێراکانی زیندانەکەمان کردووە، دەڵێن کار ناکات، هەروەها هەموو کامێراکانی ئەو کۆڵانەیان سڕیوەتەوە.

هەرچەندە لەمبارەیەوە پۆلیسی سلێمانی پێشووتر ڕوونکردنەوەی دابوو، ڕایگەیاندبوو: لێژنە پێکهێنراوە، گۆڕەکەی هەڵدەدرێتەوە و لاشەی تۆمەتبار دەبرێتە پزیشکی دادی.

ڕاشیگەیاندبوو: ئەو مێردمنداڵە پێشتر سکاڵای لەسەر تۆمار کراوە، بە تۆمەتی تەقەکردن لە خەڵک، بەپێی بڕیاری دادوەر دەستگیر کراوە.

پۆلیسی سلێمانی ئاماژەی بەوەش دابوو کە ئەو پۆلیسانەی سکاڵایان لەسەر تۆمار کراوە دەستبەسەر کراون، لێژنەکە گوتەیان وەردەگرێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی خانەوادەکەی باوەڕیان بە گوتەکانی پۆلیسی سلێمانی نەبووە، بۆیە تیمێک لەلایەن وەزارەتی ناوخۆ پێکهێنرا تاوەکو لە ڕێگەی پزیشکی دادییەوە هۆکاری ڕاستەقینەی گیانلەدەستدانی ئەو مێردمنداڵە ئاشکرا بکرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.