Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 03:41

نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ شاندێكى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكى كۆبووه‌وه‌

کوردستان TV
100%

ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 26ـی 11ـی 2022 نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ شاندێكى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكى به‌ سه‌رۆكايه‌تيى كۆنگرێسمان مارك تاكانۆ كرد كه‌ له‌ ژماره‌يه‌ک ئه‌ندامانى كۆنگرێس و ديپلۆماتكاران پێكهاتبوو.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ خاتوو ئالينا ڕۆنامۆوسكى باڵيۆزى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق ئاماده‌ى بوو، بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى ئه‌مه‌ريكا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و گۆڕينه‌وه‌ى زياترى شاندى نێوانيان، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى سياسى و ئه‌منيى عێراق، په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا و گفتوگۆى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانيان، مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و شه‌ڕى دژى داعش، تاوتوێ كران.

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى ته‌بايى و هاريكاريى نێوان لايه‌نه‌ عێراقييه‌كان و پشتگيريكردنى حكوومه‌تى نوێى عێراق بۆ سه‌ركه‌وتنى كارنامه‌كه‌ى و پاراستنى سه‌قامگيرى و ئاراميى سنووره‌كان و سه‌روه‌ريى عێراق كرده‌وه‌. هه‌روه‌ها هاوڕابوون كه‌ ده‌رفه‌ت هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ى هه‌ولێر و به‌غدا كێشه‌كانيان چاره‌سه‌ر بكه‌ن و پێكه‌وه‌ هاريكارى بكه‌ن.

شاندى كۆنگرێسى ئه‌مه‌ريكى وێڕاى پێزانين و ستايش بۆ رۆڵى پێشمه‌رگه‌ له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا، دووپاتيان كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌يان به‌ بايه‌خه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و پابه‌نديى ئه‌مه‌ريكايان بۆ به‌رده‌واميى هاوبه‌شيى ستراتيژى و پشتگيرى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى مه‌ترسييه‌كانى داعش ده‌ربڕى.

لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگيريى ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى داعشدا و هه‌روه‌ها بۆ پشتگيرى و هاوكاريى ئه‌مه‌ريكا له‌ پڕۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ دووپات كرده‌وه‌.

پێويستيى خێراكردنى پڕۆسه‌ى چاكسازى و ڕێكخستنه‌وه‌ له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و گرنگيى ته‌بايى و يه‌كڕيزيى لايه‌نه‌ سياسييه‌كانى كوردستان، دۆخى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.