Erbil 38°C شەممە 28 کانونی یەکەم 20:06

وردەکاری سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا

کوردستان TV
100%


ئەمڕۆ شاندێکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لەسەر بڕیارى ئەنجوومەنى وەزیران کە لە ڕێکەوتى ٩ى تشرینى دووەمى ٢٠٢٢ بڕیارى لەسەر درا، سەردانى بەغدا دەکات بە مەبەستى گفتوگۆکردن و ڕێککەوتن لەسەر بودجە و شایەستە داراییەکانى هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان.
ئەمە یەکەم شاندى حکومەتى هەرێمى کوردستانە کە لە دوای پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی سەردانى بەغدا دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر بنەمای دەستوور دۆسیەی ماددەی ١٤٠ و دۆسیەی نەوت و گاز و بەشداری شایستەی هەرێمی کوردستان لە دامەزراوە فیدراڵییەکان و بابەتی ماف و شایستە دەستوورییەکانی پێشمەرگە و بابەتەکانی دیکەی وەک پڕۆژە یاساکانی (دادگای فیدراڵی، ئەنجومەنی فیدراڵی و نەوت و گاز).
شاندەکە لە وەزیری دارایی، وەزیری سامانە سروشتییەکان بە وەکالەت، وەزیری پلاندانان، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێک دێت. لەم بارەوە، دکتۆر جوتیار عادل سەرۆکى فەرمانگەى میدیا و زانیارى و وتەبێژى حکومەتى هەرێمى کوردستان کە خۆشى یەکێکە لە ئەندامانى شاندەکە، سەبارەت بە سەردانەکەیان بەم شێوەیە وەڵامى پرسیارەکانى دایەوە:

ـ ئەمڕۆ شاندەکەى حکومەت سەردانى بەغدا دەکات، گرنگترین پرستان بۆ گفتوگۆ چییە؟
د. جوتیار: به ‌پێی ئه‌و بڕیاره‌ی کە ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران ده‌ری كرد، له‌سه‌ر ڕاسپارده‌ی سه‌رۆكی حكومه‌ت شانده‌كه‌‌ ئه‌مڕۆ سه‌ردانی به‌غدا ده‌كه‌ین بۆ ده‌سته‌به‌ركردنی مافی هاووڵاتیانى هه‌رێمی كوردستان وه‌ك له‌ ده‌ستووردا هاتووه‌. به‌رنامه‌مان ئه‌وه‌یه‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌گەڵ وه‌زاره‌تی دارایی حکومەتى عێراق بكه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌كاری بكرێت بۆ نووسینه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ی ٢٠٢٣ و له‌ پلانیشماندایه‌ له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی حكومه‌تی عێراق لەسەر چەندین پرس كۆ ببینه‌وه‌.

ـ چ ئامادەکارییەکە کراوە و لەسەر چى گفتوگۆ دەکەن؟
د. جوتیار: هه‌موو ئاماده‌كارییه‌كان كراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی گفتوگۆ بكه‌ین چ له‌سه‌ر مه‌له‌فی نه‌وت یان میلاكات و مادەى ١٤٠ و پێشمەرگە و... هه‌موو ئاماداكارییه‌كان كراوه‌ و داتاكان ئاماده‌ن و‌ پێشتریش ئه‌مانه‌ له‌ ڕێگه‌ی دیوانی چاودێریی دارایی حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە دراوه‌ به‌ دیوانی چاودێری دارایی عێراق و هه‌موو ژماره‌كانیش یه‌كلا كراونه‌ته‌وه‌، به‌ڵام ده‌مێنێته‌وه‌ سه‌ر دانیشت و گفتوگۆکانی ئه‌مڕۆ و كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی بۆ ئه‌وه‌ی له‌ بودجه‌ی عێراق ئه‌و بڕە پاره‌یه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دایناوه‌ دابنرێت.

ـ بەڕێز سەرۆکوەزیرانى عێراق سەردانى هەرێمى کرد و سەرۆکى هەرێمیش سەردانى بەغداى کرد، ئایا ڕێککەوتنێکى پێشوەختە هەیە؟
د. جوتیار: له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ی هێز و لایه‌نه‌ سیاسییە‌كانی عێراق كردیان و له‌ په‌رله‌مانی عێراق ده‌نگی له‌سه‌ر درا، ده‌بێت هه‌موو لایه‌ك پابه‌ندی ئه‌و ڕێككه‌وتنه‌ بن كه‌ بابه‌تی بودجه‌یه‌.

ـ ڕێژەى بودجەى ڕێککەوتن لەسەرکراو چەندە؟
د. جوتیار: به‌پێی شایسته‌ی هه‌رێمی كوردستان، ١٧%ـە،‌ به‌ڵام به‌ پێى دوایین سه‌رژمێری چاووه‌ڕوانكراوی وه‌زاره‌تی پلاندانی عێراق ١٤%ـیە، ده‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و ژمارانه‌ كار بكه‌ین ، ئه‌وه‌ی لای ئێمه‌ گرنگه‌ ده‌بێت مافی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكه‌ین ئه‌وه‌ش له‌ ڕێگه‌ی گفتوگۆوه‌. ئێستا بابه‌تی گرنگ ئه‌وه‌یه‌ به‌ر له‌وه‌ی یاسای بودجه‌ بچێته‌ په‌رله‌مان ئێمه‌ شایسته‌ و مافه‌كانمانی تێدا جێگیر بكه‌ین وه‌كو بابه‌تی مادده‌ی ١٤٠ و بابه‌تی پێشمه‌رگه،‌ ئه‌مانه‌ بابه‌تی سه‌ره‌كین وه‌ك له‌ ڕێككه‌وتنه‌كه‌ هاتووه‌، له‌گه‌ڵ ته‌واوی ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندییان به‌ به‌رژە‌وه‌ندیی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ كه‌ بێشك ئێمه‌ قسه‌مان له‌سه‌ری ده‌بێت.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.