Erbil 38°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 12:05

زیاتر لە 182 ملیار دیناری دزراو گەڕێنرایەوە عێراق

کوردستان TV
100%

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە 27ـی 11ـی 2022 گەڕاندنەوەی زیاتر 182 ملیار دیناری دزراوی عێراقی ڕاگەیاند.

 محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: بە چوار قۆناغ زیاتر لە 3 ترلیۆن و 700 ملیار دینار پارەی دزراوی عێراقی ڕاگیراوە، تاوەکو ئێستا بڕی 182.7ملیار دینار گەڕێنراوەتەوە.

ڕاشیگەیاند: لایەنە پەیوەندیدارەکان لە ڕێگەی دادگەی لێکۆڵینەوەی کەرخ تایبەت بە دەستپاکی دوای ئەنجامدانی کۆمەڵێک ڕێوشوێن و لێکۆڵینەوەی ورد پارە دزراوەکە گەڕێنرایەوە عێراق.

سوودانی هەروەها گوتی: ئەو کەسانەی ئاسانکارییان کردبوو و هاوکاربوون، هەروەها ئەوانەی پشکیان هەبووە کە کۆمەڵێک لایەنن لەناو دامەزراوەی گشتیی باج و کۆمەڵێک دامەزراوەی دیکەی دەستەی چاودێری دارایی تێیدا بەشداربوونە دەستنیشان کراون، دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان ناوەکانیان ڕادەگەیەنرێت.

سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختیشی کردەوە کە چاوپۆشی لە هیچ کەسێک و لایەنێک ناکرێت کە لەم تاوانەدا بەشداربوون.

سوودانی باسی لەوە کرد کە لە قۆناغی یەکەم نزیکەی 114 چەک خەرج کرابوو بۆ تۆمەتبار (نوور زوهەیر جاسم) کە خاوەنی کۆمپانیاکانی قانت و مودیعوونە، بە بڕی ترلیۆنێک و 618 ملیار و 370 ملیۆن و 818 هەزار دیناری عێراقی بووە کە لە کاتی جیاواز جیاوازدا بردوویەتی و دانی پێداناوە.

باسی لەوەش کرد کە هەروەها دووەم کەس کە 37 چەکی دیکەی بۆ خەرج کراوە بە ڕێژەی 624 ملیار دینار بۆ کۆمپانیای بادیە و مەسائـ، لە ڕێگەی عەبدولمەهدی تەوفیق مەهدی بووە، خاوەندارییەتەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ تۆمەتباری ڕاکردوو عەبدولڕەحمان محەمەد ئیبراهیم.

سوودانی هەروەها ڕایگەیاند: لە قۆناغی سێیەم 66 چەکی دیکە بە نزیکەی 988 ملیار دینار بۆ کۆمپانیای حوتوئەحدەس خەرج کراوە، لە ڕێگەی عەبدولمەهدی تەوفیق مەهدی بۆی خەرج کراوە، خاوەندارییەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ قاسم محەمەد کە ڕایکردووە.

ڕاشیگەیاند: لە قۆناغی چوارەم 45 چەکی دیکە بە نزیکەی 607 ملیار دینار خەرج کراوە بۆ کۆمپانیای ڕیاح بەغدا، کە خاوەنەکەی ناوی حوسێن کاوە عەبدولقادرە و لە هەرێمی کوردستان دەستگیر کراوە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەش دا کە بڕەپارەکە بریتی بووە لە زیاتر لە 3 ترلیۆن و 700 ملیار دینار کە بە چوار جار ڕاکێشراوە، ئەو پارانەی گواستراونەتەوە ناتوانرێ مامەڵەی پێوە بکرێت و لەلایەن دادگەوە ڕاگیراوە و دەگەڕێنرێنەوە عێراق.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.