Erbil 38°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 12:45

به‌هۆی ڕه‌خنه‌گرتن له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران.. چه‌ند ڕۆژێكه‌ كچی برای خامه‌نه‌یی بێ سه‌روشوێنه‌

کوردستان TV
100%

گومان ده‌كرێ فه‌ریده‌ موڕادخانی كچی برای عه‌لی خامه‌نه‌یی ڕێبه‌ری باڵای شۆڕشی ئێران له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستگیر كرابێت دوای ئه‌وه‌ی ڕه‌خنه‌ی له‌ ده‌سه‌ڵاتداران گرتبوو و به‌ "تاوانبار و بكوژی منداڵان" ناوی هێنابوون.

مه‌حموود موڕادخانی له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر بڵاوی كرده‌وه‌: فه‌ریده‌ی خوشكم له‌ ڕۆژی چوارشه‌مه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر و بێ سه‌روشوێنه‌‌ دوای ئه‌وه‌ی له‌سه‌ر داوای داواكاری گشتی سه‌ردانی ئه‌و فه‌رمانگه‌یه‌ی كردبوو.

مه‌حموود موڕادخانی هه‌روه‌ها ره‌خنه‌ی توندی له‌ سه‌ركوتكردنی ناڕه‌زایه‌تیخوازان و خۆپیشانده‌ران گرت و هه‌روه‌ها ڕه‌خنه‌شی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی گرت كه‌ تا ئێستا له‌ ئاست هاووڵاتییانی ئێران بێ هه‌ڵوێستن.

داواشی له‌ حكوومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێران كرد واز له‌ تاوانكاری و منداڵكوشتن بهێنن.

موڕادخانی هه‌روه‌ها گوتی: ئه‌م ده‌سه‌ڵاته‌ دڵسۆز نییه‌ بۆ هیچ كام له‌ بنه‌ما ئاینییه‌كان و هیچ یاسا و ڕێسایه‌ك نازانێت جگه‌ له‌ هێز و پاراستن و مانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی خۆی به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بۆی بگونجێ.

سه‌باره‌ت به‌و سزایانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه‌ به‌سه‌ر حكوومه‌تی ئێران سه‌پێنراوه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ ئه‌و سزایانه‌ جێگه‌ی گاڵته‌ن و جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ گه‌لی ئێران به‌ته‌نیا جێهێڵدراوه‌ بۆ خه‌باتی ئازادی.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.