Erbil 38°C ھەینی 20 ئەیلوول 20:41

زیاتر لە 300 جوتیار و خاوەن پڕۆژە قەرزی کشتوکاڵی وەردەگرن

کوردستان TV
100%

وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، زیاتر لە 300 جوتیار مامەڵەی قەرزی کشتوکاڵیان پێشکەشی وەزارەتی کردووە.

لە ڕاگەیەنراوێک وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند:  دوابەدوای واژۆکردنی یاداشتی لێکگەیشتنی نێوان وەزارەتی کشتوکاڵ، سەرچاوەکانی ئاو و بانکی قرتاسی ئیسلامی بە مەبەستی پاڵپشتی و ڕەخساندنی دەرفەتی قەرزی بانکی بۆ جوتیاران و دەرچووانی کشتوکاڵی و فێتێرنەری، بە شێوەی قیستی درێژخایەن، بە بڕی (15) ملیۆن تاوەکو (100) ملیۆن دینار لە قۆناغی یەکەم بۆ پڕۆژەی بچووک و مامناوەند، بەپێی ناوەڕۆکی یاداشتەکە هەنگاوەکانی ئەم پڕۆژەیە چۆتە بواری جێبەجێکردن.

ڕاشیگەیاند: لە ماوەی دوو مانگی ڕابردوو تاوەکوو ئێستا لە سەرجەم فەرمانگە کشتوکاڵییەکانی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکانی هەرێمی کوردستان (300) جوتیار و خاوەن پڕۆژە مامەڵە و داواکاریان بۆ سوودمەندبوون لە قەرزەکە پێشکەش کردووە و ئاراستەی بەرێوەبەرایەتی کاروباری یاسایی وەزارەت کراوە.

لە ڕاگەیەنراوەکە باس لەوەش کراوە کە ( 100) لەو مامەڵانەی نێردراوە بۆ بانکی قرتاس، دوای وردبینیکردن و پشتگیریکردنی داواکارییەکان، وەرگرتنی مامەڵەکان بەردەوامە بە هەماهەنگی لەگەڵ بانکی ناوبراو بە مەبەستی گەیاندنی خزمەت و دەرفەتی سوودمەندبوون بە زۆرترین جوتیار و خاوەن پڕۆژەکانی سێکتەری کشتوکاڵی، وەک هەنگاوێکی گرنگی بوژانەوەی ژێرخانی ئابووری و پیشەسازی کشتوکاڵی.

هاوکات ئاماژەی بەوە داوە کە جوتیارێکی دەشتی قەراج لە قەزای مەخموور بەناوی (محەمەد شەریف) یەکەمین جوتیارە، لەسەر ڕووبەری پەنجا دۆنم زەوی کشتوکاڵ دەکات، وەکو تاکە سەرچاوەی بژێوی ژیان بە بڕی چل ملیۆن دینار لەو پڕۆژەیە سوودمەند بووە بۆ دابینکردنی ئامێرەکانی راکێشانی کارەبا و مرەشەی پلاستیکی ئاودێری و چەند پێویستەکی تری کشتوکاڵی، بە مەبەستی فراوانکردنی بەرهەمهێنانی جۆرەکانی دانەوێڵە لەسەر زەویەکەی.

وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەش داوە کە جوتیاران و خاوەن بیرۆکە و پڕۆژەکانی کشتوکاڵی دەتوانن لەڕێگەی نزیکترین فەرمانگەی کشتوکاڵی بەپێی شوێنی جوگرافی، مامەڵەکانیان پێشکەشی وەزارەت بکەن.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.