Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 07:11

ڕاگه‌یه‌نراوێك له‌ سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانه‌وه

کوردستان TV
100%

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان ڕاگه‌یه‌نراوێكی سه‌باره‌ت به‌ دوا سه‌ردانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان بڵاو كرده‌وه‌.

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕاگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا ڕایگه‌یاند "نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ میانی سه‌ردانه‌كه‌دا و كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی تر، دوايين پێشهاته‌كانى دۆخى ئه‌منى و سياسيى وڵاتيان تاوتوێ كرد و جه‌ختيان له‌ هاريكارى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان ته‌واوى لايه‌نه‌كان كرده‌وه‌ بۆ پشتگيرى له‌ حكوومه‌تى فيدراڵيى نوێى عێراق و سه‌رخستنى كارنامه‌كه‌ى".

ڕاشیگه‌یاند "هه‌روه‌ها پێكه‌وه‌كاركردن بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانی هه‌ولێر – به‌غدا له‌ ماده‌ی (140)، بودجه‌ و شایسته‌ دارایییه‌کان، دۆخی شه‌نگال و کێشه‌کانی وڵات به‌ گشتی به‌ گفتوگۆ له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و پاراستنى سه‌قامگيرى و سه‌روه‌ريى وڵات".

هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند "نێچيرڤان بارزانى و سه‌رۆك وه‌زيران ئه‌لسوودانى به‌ ته‌واوى هاوڕابوون و دووپاتيان كرده‌وه‌ كه‌ به‌ هيچ شێوه‌يه‌ك ڕێگه‌ به‌ هيچ جۆره‌ هه‌ڕه‌شه‌ و كرده‌يه‌وه‌كى سه‌ربازى له‌ سنووره‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستانه‌وه به‌رامبه‌ر وڵاتانى دراوسێ نادرێت، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش وه‌ك هه‌ميشه‌ هاوكارى و يارمه‌تى پێشكه‌ش به‌ په‌نابه‌ران ده‌كه‌ن، به‌ڵام ڕێگه‌ به‌ بوونى گرووپى چه‌كدار له‌ هه‌رێمى كوردستان نادرێت، بۆيه‌ هه‌ولێر و به‌غدا به‌ ته‌واوى هاريكارى و هه‌ماهه‌نگى ده‌كه‌ن و ئاسايشى سنووره‌كان ده‌پارێزن، له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێش هاوكار و هه‌ماهه‌نگ ده‌بن و ڕێكارى پێويست ده‌گرنه‌ به‌ر".

سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا "نێچيرڤان بارزانى دڵنيايى دا و جه‌ختى له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌ميشه‌ بۆ عێراق و وڵاتانى دراوسێ و ناوچه‌كه‌ش به‌ فاكته‌رى ئارامى و سه‌قامگيرى ده‌مێنێته‌وه‌، هه‌روه‌ها خوازيارى به‌ره‌وپێشبردنى په‌يوه‌ندييه‌كانيه‌تى له‌سه‌ر بنه‌ماى ڕێزله‌يه‌كگرتن و دراوسێيه‌تيى باش و به‌رژه‌وه‌نديى هاوبه‌ش".

ڕاشیگه‌یاند " سه‌رۆكی هه‌رێم جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆیی و دەرەكییەكان لە ناوچەكە، بە پێویستی دەزانین هەموو لایەك پشت به‌ گفتوگۆ و لێکگه‌شتن و چاره‌سه‌ری ئاشتیانه‌ ببه‌ستن، بۆ ئەوەش سەركردایەتیی هەرێمی كوردستان ئامادەیە ڕۆڵێكی ئه‌رێنی و بنیاتنه‌رانه‌ لەمبارەیەوە بگێڕێت".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.