Erbil 38°C پێنجشەممە 26 کانونی یەکەم 20:39

سەرۆكی حكومەت لەگەڵ وەزیری بەرگری هۆڵەندا كۆدەبێتەوە 

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ سێشەممە 29 ی نۆڤێمبەر، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان،  پێشوازی لە كایسا ئۆلۆنگریەن وەزیری بەرگری شانشینی هۆڵەندا كرد.
وەزیری بەرگری هۆڵەندا، ئاماژەی بەوە كرد كە پەیوەندییەكی دۆستانەی بەهێز لە نێوان هۆڵەندا و هەرێمی كوردستان هەیە و بەردەوامبوونی هاریكاریی و هاوئاهەنگیی ئەمنی و سەربازی و پشتگیریكردنی پێشمەرگە لە لایەن وڵاتەكەی دووپات كردەوە. 
سەرۆكی حكومەت سوپاسیی پشتیوانی شانشینی هۆڵەندای كرد كە لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی بەردەوامە لە پشتگیریكردنی هەرێمی كوردستان . هەروەها پێزانینی  بۆ هۆڵەندا هەبوو كە  یەكێكە لەو وڵاتانەی پشتیوانی پلان و كارنامەی كابینەی نۆیەمە، لە بواری هەمەجۆركردنی ئابووری و گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵ. 
تەوەرێكی سەرەكی كۆبوونەوەكە، تایبەت بوو بە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان. هەردوولا وێڕای سەركۆنەكردنی هێرش و پەلامارەكانی سەر هەرێمی كوردستان، جەختیان لە پێویستیی ڕێزگرتن و پاراستنی سەروەری عێراق و هەرێمی كوردستان و كۆتاییهاتنی هێرش و دەستدرێژییەكان كردەوە . 
سەرۆكی حكومەت دووپاتی كردەوە كە هەرێمی كوردستان، وەك هەمیشە فاكتەری ئاسایش و سەقامگیریی دەبێت لە ناوچەكە و خوازیاری پەیوەندی دۆستانەیە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ لە سەر بنەمای دراوسێیتی باش و ڕێز لەیەكترگرتن و بەرژەوەندی هاوبەش.
بەرەوپێشچوونەكانی پرۆسەی یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە و چاكسازییەكانی وەزارەتی پێشمەرگە و ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەكانی تیرۆریستانی داعش، بەشێكی دیكەی گفتوگۆكانی كۆبوونەوەكە بوو.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.