سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە پەسەندکردنی پێشنیازەیاسای (بهركاركردنی یاسای فیدراِڵی واژۆی ئهلیکترۆنی و مامهڵه ئهلیكترۆنییەکان) لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەکات.
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بهگهرمی پێشوازی لە پەسەندکردنی پێشنیازهیاسای (بهركاركردنی یاسای فیدراِڵی واژۆی ئهلیکترۆنی و مامهڵه ئهلیكترۆنییەکان) لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە دەکەم.
ڕاشیگەیاند: پەسەندکردنی هەموارکردنی ئەم یاسا گرنگە كه هەوڵێکی هاوبەشی حکوومەته بە هاوکاری و پشتیوانیی باشترین شارهزایانی جیهانی، هەنگاوێکی ديكەیە لە پرۆسەی وهرچهرخانی دیجیتاڵی کابینەی نۆیەم بە ئاراستەی گهیشتن به حکوومەتێکی تەواو دیجیتاڵی له کۆتایی ساڵی 2025.
ئەوەشی خستەڕوو کە "لە هەموو گفتوگۆكانم لەگەڵ گەنجان و بازرگان و خاوەنکار و وەبەرهێنەران، هەست بەوە دەکەم کە سەرمایەیەکی مرۆیی گهورهی شاراوەمان ههیه. لە چەندین بۆنە و دیداردا، داواكاریی گهنجهكانمان بۆ به دیجیتاڵكردن، چاکسازی کەرتی بانکی، ڕوونی و شەفافییەتی باج و نەهێشتنی بیروكراتی و بهفیڕۆدانی سامانی گشتیی پێگەیشتووە کە ههمووی به گرنگییهوه، كاریان لهسهر كراوه."
مەسرور بارزانی باسی لەوەش کردووە کە "دهبینین كه سەرکردە گەنجەکانمان کاریگەربوون لەنێو کۆمەڵگهکەیان و لە جیهانی ئهلكترۆنیدا. پێشکەوتنەکانیان بەهۆی ئەوەیە کە کاتێک حکوومەت زهمینه و سەرچاوەی پێویست بۆهاووڵاتییە بەتواناکانی دەستەبەر دەکات، ئهوا پێشکەوتنی گهوره بەدەست دەهێنن."
ڕوونیشی کردۆتەوە کە "بۆیە لەم کابینەیەدا، بەرکارکردن و هەموارکردنی ئهم یاسایەمان کردە کاری لە پێشینە، بۆ دابینکردنی چوارچێوەی یاسایی پێویست بۆ هاووڵاتییان و بازرگانان و حکوومەت، تاوەکو بە تەواوی واژۆی ئهلكترۆنی بهكاربهێنن."
مەسرور بارزانی جەختیشی کردۆتەوە کە "بێگومان ئێمە بە تەنیا ناتوانین ئەم كارانه بکەین، چونکە ئایندەی دیجیتاڵی کوردستان و دهرخستنی توانا ڕاستەقینەکان، پێویستی بە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگه هەیە بۆ ئەوەی بهیهكهوه کار بکەن."
سەرۆکی حکوومەت ستایشی پەرلەمانی کوردستان و دەستەی سەرۆکایەتییەکەی دەکات بۆ پشتیوانییان لەم یاسایه.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.