گوتەبێژی وەزارەتی كارەبا دەڵێت، كارەبای ماڵان لە سبەی پێنجشەممە 01ـی 12ـی 2022 لە 40 ئەمپێرەوە بۆ 30 ئەمپێر كەمدەكرێتەوە و هۆكارەكەشی ڕوون دەكاتەوە.
ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند: لە سبەی پێنجشەممەوە پێدانی كارەبای نیشتمانی لە 40 ئەمپێرەوە بۆ 30 ئەمپێر كەم دەكرێتەوە.
ڕاشیگەیاند: گوشارێکی زۆرمان لەسەرە و بەرهەمهێنانی كارەبامان 3 هەزار و 400 مێگاواتە، بەڵام ئێستا خواست بۆ6 هەزار و 500 مێگاوات بەرزبووەتەوە، بۆیە بەناچاری كارەبا لە 40 ئەمپێرەوە بۆ 30 ئەمپێر كەم دەكەینەوە.
ئومێد ئەحمەد هەروەها باسی لەوە کرد کە "ساڵی ڕابردووش بەناچاری هەمان ڕێگەمان گرتەبەر و تاوەكو كۆتایی مانگی شوبات بەردەوام بووین، بۆیە پێشبینی دەكەین ئەمساڵیش تاوەكو كۆتایی مانگی شوبات بەمجۆرە بێت."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش دا کە "لە وەرزی زستاندا بەهۆی ئەوەی خەڵک كارەبا بۆ خۆگەرمكردنەوە بەكاردەهێنن، خواست لەسەر بەكارهێنانی كارەبا زۆر دەبێت."
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.