Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 03:34

بەریتانیا: پێویستە پێکەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان ببێتە نموونەیەک بۆ شوێنەکانی دیکە

کوردستان TV
100%

نوێنەری سەرۆک وەزیرانی بەریتانی سەرسامی خۆی بە پێکەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی و جەخت دەکاتەوە کە پێویستە ببێتە نموونەیەک بۆ شوێنەکانی دیکە.

لە پەراوێزی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی دەستپێشخەری نەهێشتنی توندوتیژی جێندەری لە ململانێکان (PSVI) لە لەندەن، د. دیندار زێباری، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و فیۆنا بروس و نوێنەری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆ کاروباری ئایینی کۆبوونەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا، د. دیندار زێباری ئاماژەی بە پێکەوەژیانی نێوان پێكهاتە ئایینییەكانی هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژە بەوەش کرد کە لە هەرێم ئازادی ئایینی بەپێی یاسا بۆ پێکهاتە ئایینییەکان فەراهەم کراوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانی، ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان و نوێنەری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا بۆ کاروباری ئایینی، باسیان لە گرنگی ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کرد سەبارەت بە ئازادییە ئاینییەکان.

 د. دیندار زێباری جەختی کردەوە کە نووسینگەی ڕێکخەر هەماهەنگی لەگەڵ کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر هەیە بۆ پێدانی زانیاری فەرمی لەسەر ڕەوشی ئازادی ئایینی بەر لە دەرچوونی. ئەم هەماهەنگییە ڕاپۆرتەکانی تری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش دەگرێتەوە، لەوانە ڕاپۆرتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، ڕەوشی گشتی مافی مرۆڤ و بازرگانیکردن بە مرۆڤ.

ڕێکخەری ڕاسپاردە نێودەوڵەتییەکان ڕایگەیاند: حکوومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ڕاپۆرتی ساڵانەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا دەكات، ناوەڕۆکی راپۆرتەکە سەبارەت بە هەرێم دەرەنجامی سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە بۆ پتەوكردنی پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانی هەرێم، چونکە لە کاتی قەیران و ململانێیەکانی عێراق و ناوچەکە ھەرێمی کوردستان هەمیشە بۆتە پەناگەی ئارامی و تەناھی بۆ گشت پێکهاتەکان.

زێباری ئەوەشی خستەڕوو كە سەردانی ساڵی رابردووی قەداسەتی پاپای ڤاتیكان بۆ هەرێمی كوردستان و پێشكەشكردنی قوداسێک لە شاری هەولێر ڕەنگدانەوەی پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتە ئایینییەكانی هەرێمی كوردستانە.

لەبەرامبەردا نوێنەری سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا سەرسامی خۆی سەبارەت بە ڕەوشی پێکەوەژیانی ئایینەکان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو و جەختی کردەوە کە پێویستە دۆخی ئەم پێکەوەژیانە لە کۆڕبەندە جیهانییەکان باس بکرێت و ببێتە نموونەیەک بۆ شوێنەکانی دیکە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.