خۆپیشاندانەكانی ئێران كە لە دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی لەو وڵاتە سەریان هەڵدا، تا ئێستا بەردەوامن.
لە میانی خۆپیشاندانەكانیشدا هەزاران كەس دەستبەسەركراون كە ژمارەیەكیان دادگاییكراون و قۆناغی دادگاییكردنی ژمارەیەكی دیكەشیان بەردەوامە، تا ئیستاش سزای لەسێدارەدان بۆ 11 كەس دەركراوە.
رۆژی 29ی تشرینی یەكەم، یەكێك لە دەستبەسەركراوەكان بەناوی "محەمەد قوبادلو" لە دادگای ئینقلابی شاری تاران دادگایی كرا و بە تۆمەتی "بڵاوكردنەوەی گێرەشێوێنی" سزای لەسێدارەدانی بۆ دەركرا. ئەم بڕیارەی دادگا نیگەرانی و كاردانەوەی زۆری لێكەوتەوە.
رۆژی 20ی تشرینی دووەم، ئاژانسی هەواڵی میزان سەر بە دەسەڵاتی دادوەریی ئێران هەواڵی ئەوەی بڵاوكردەوە كە لە شاری تاران، سزای لەسێدارەدان بۆ پێنج كەس دەركراوە.
هەر هەمان رۆژ ئاژانسی میزان هەواڵی دەركردنی سزای لەسێدارەدانی بۆ دەستبەسەركراوێكی خۆپیشاندانەكانی تاران راگەیاند، ئەم كەسەش كە ناسنامەی ئاشكرا نەكراوە، بووە شەشەم كەس كە تەنها لە ماوەی یەك هەفتەدا بە تۆمەتی "دژایەتیكردنی حكوومەت" لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی ئێرانەوە سزای لەسێدارەدانیان بۆدەركراوە.
رۆژی 29ی تشرینی دووەمیش لە دادگای ئینقلابی مەشهەد، دادگایی مەجید رەزا رەهنەڤەرد، بەڕێوەچوو كە تۆمەتبارە بە كوشتنی دوو ئەندامی بەسیج، بە بڕیاری دادگاش بە تاوانی "دژایەتی كردنی حكوومەت" سزای لەسێدارەدان بۆ رەهنەڤەرد، دەركرا.
هەروەها رۆژی 30ی تشرینی دووەم، دەسەڵاتی دادوەریی ئێران ئەوەی ئاشكرا كرد كە دیوانی باڵا سزای لەسێدارەدانی بۆ چوار هاووڵاتیی ئێرانی دەركردووە كە لە مانگی حوزەیراندا دەستبەسەر كراون و بە هەماهەنگییكردن لەگەڵ ئیسرائیل تۆمەتبار كرابوون.
بەم شێوەیەش لە ماوەیەكی كەمدا لە ئێران سزای لەسێدارەدان بۆ 11 كەس دەركراوە.
لە میانی كاردانەوەكان بەرامبەر بە سزای لەسێدارەدان و نیگەرانییەكان لە سەركوتكردنی خۆپیشاندانەكان، "كەمپینی چالاكوانانی بەلوچ" هەواڵی لەسێدارەدانی حەوت هاووڵاتیی بەلوچی لە زیندانەكانی پارێزگای سیستان و بەلوچستان باشووری رۆژهەڵاتی ئێران راگەیاند و ناسنامەی چوار لەو كەسانەشی ئاشكرا كرد.
هەرچەندە راگەیاندنەكانی نزیك لە حكوومەتی تاران تاوانی بەشێك لە لەسێدارەدراوەكانی بە "ماددەی هۆشبەر" و "كوشتن" ناوبردبوو، بەڵام لایەنەكانی ئۆپۆزسیۆن زیادبوونی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان لە ئێستادا بە "سەركوتكردنی نەیارانی حكوومەت" ناودەبەن و پێیانوایە كە حكوومەت دەیەوێت لەم رێگەیەوە خۆپیشاندان و ناڕەزاییەكان سەركوت بكات.
بانگەشەی ئەوەش دەكرێت كە لە پارێزگای سیستان و بەلوچستان ژمارەیەكی زۆر سزای لەسێدارەدان دەركراوە، ئەمەش نیگەرانییەكانی قوڵتر كردووەتەوە، بەجۆرێك كە جاوید رەحمان، راپۆرتداری تایبەتی مافەكانی مرۆڤی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە ئێران، ، باسی لە هەڵمەتێكی نوێی دەركردنی سزای لەسێدارەدان بەرامبەر نەیارانی حكوومەت لە ئێران كرد.
هەروەها داكۆكیكارانی مافەكانی مرۆڤ نیگەرانی خۆیان لە زیادبوونی سزای لەسێدارەدان لە كاتی خۆپیشاندانەكاندا دەردەبڕن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.