ئهمڕۆ یەکشەممە ڕێکەوتی 4ى كانوونی یهكهمی 2022، له ڕێوڕهسمێكی تایبهت، یادداشتێكی لێكتێگهیشتن له نێوان وهزارهتی كشتوكاڵ و سهرچاوهكانی ئاوى حکومەتی هەرێمى کوردستان و كۆمپانیایەکى کەرتى تایبەت، واژوو دەکرێت.
یادداشتەکەى نێوان وەزارەت و کۆمپانیاکە، بۆ دابینكردنی ئامێر و كهلوپهلی كشتوكاڵییە بە شێوەى قەرزی درێژخایهن بۆ جوتیارانى هەرێم، تاوەکو جوتیاران بارگرانییان نەکەوێتە سەر شان لە پڕۆژە کشتوکاڵییەکانیان.
ئهم هەنگاوە کە لەسەر ئاستی فەرمانگە کشتوکاڵییەکانی هەرێمی کوردستان و لە ماوەى ڕابردوو هەڵێنراوەتەوە، یەکێک لە ئامانجی سەرەکى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستانە کە لە هێڵە گشتییەکانى کابینەدا باسى لێوە کراوە. وەک چۆن لە خاڵى شەشەمى ئاستی "خزمەتگوزارى" کارنامەکەدا هاتووە: کار دەکەین بۆ ڕەخساندنی بواری کار بۆ کەرتی تایبەت و فراوانکردنی وەبەرهێنان لە بوارە جیاجیاکانی وەک پیشەسازی و کشتوکاڵ و گەشتوگوزار، تاکو بەم هۆیەوە دەرفەتی کار زیاد بکرێن و یاساکانی کار بە جۆرێک رێک بخرێن کە دەرفەتی کار بۆ گەنجانی هەرێم زیاتر بکرێت".
هەر لە کارنامەى کابینەى نۆیەم دا و لە ئاستی ئابووری و دارایی، باس لەوە کراوە کە کار دەکرێت بۆ "فراوانکردنى و فرەڕەهەندکردنی ئابووریی هەرێم" کە تەنیا پشت بە نەوت و غاز نەبەسترێت بەڵکو پەرە بە کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری بدرێت و کشتوکاڵ بکرێتە بوارێکی سەرەکیی گرنگیدانى حکومەت و لەم پێناوەشدا حکومەت بەڵێنى داوە "کار دەکەین بۆ پێشخستنی کەرتى کشتوکاڵی بە ئامراز و ئامێری پێشکەوتوو و فراوانکردنی جۆریی و چەندیی بەرهەم بە پێی بنەما زانستییەکان.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، لە ڕاستاى جێبەجێکردنى کارنامەى کابینەى نۆیەمە به مهبهستی پاڵپشتیكردن و یارمهتیدانی جوتیارانی ههرێمی كوردستان تا زیاتر پهرە به كارهكانیان بدهن و نەوەک تەنیا پێویستى نێوخۆیی بەرهەم بهێنن، بەڵکو هەناردەى دەرەوەى وڵاتیشى بکەن.
به قهرزی درێژخایهن ئامێری كشتوكاڵی دهدرێته جوتیاران
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.