Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 12:41

چۆن تای منداڵه‌كه‌ت داده‌به‌زێنی

کوردستان TV
100%


شه‌پۆڵێكی به‌هێزی نه‌خۆشی هاتووه‌، زۆرێك له‌ منداڵانی تووشی نه‌خۆشی وه‌رزی كردووه‌و تایه‌كی به‌رزیان هه‌یه‌.  
  له‌سه‌ ئه‌م بابه‌ته‌ " د.نزار گۆران پسپۆری نه‌خۆشییه‌كانی منداڵان "  چه‌ند رێنماییه‌كی ته‌ندروستی ،ئاراسته‌وه‌ی  دایك و باوكان ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی  به‌ وریاییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه‌یاندا بكه‌ن و به‌ وردی چاودێریان بن.
 د. گۆران ده‌ڵێت " به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی له‌ش (تا) نیشانه‌ی نه‌خۆشی وه‌ڵامدانه‌وی له‌شه‌ بۆ نه‌خۆشی، پله‌ی گه‌رمی سروشتی له‌ش له‌ نێوان (36.4 - 37.4) سه‌دیه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ دایك و باوك بزانن به‌ چ ڕێگه‌یه‌ك، كار بۆ دابه‌زینی (تا) ی منداڵه‌كه‌یان بكه‌ن"..
ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ له‌كاتی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی منداڵ پێویسته‌ سه‌ره‌تا له‌ ماڵه‌وه‌ چی بكه‌یت د. گۆران چه‌ند خاڵێك ده‌خاته‌ ڕوو كه‌ بریتین له‌ :
1. لابردی جل وبه‌رگی زیاده‌، به‌ڵام نابێت منداڵ ڕووت بكرێته‌وه‌، نه‌كا تووشی له‌رز ببێت، چونكه‌ منداڵ زوو گه‌رمای له‌شی له‌ ده‌ست ده‌دات.
2. فێنك راگرتنی ژوور به‌ كردنه‌وه‌ی ده‌رگاو په‌نجه‌ره‌و رێكخستنی پله‌ی گه‌رمای ژوور كه‌وا باشتره‌ (23) پله‌ بێت و لابردنی ئامێری گه‌رمكه‌ره‌وه‌ وه‌كو سۆپاو هیته‌ر.
3. پێدانی كه‌مێك ئاوی سارد.
4. دانانی كه‌ماده‌ی سارد یان له‌زگه‌ی (تا) له‌ نێو چاوانی منداڵ.
5. زوو زوو پێوانی پله‌ی گه‌رمی؛ ئه‌گه‌ر پله‌ی گه‌رمی له‌ (40) تێپه‌ڕی یان كه‌وته‌ بن (35.5) و دابه‌زی و ڕێك نه‌بوو ده‌بێت به‌ زووترین كات بیگه‌یێنیته‌ نه‌خۆشخانه‌.

6. پێدانی ده‌رمانی پاراسیتوڵ به‌ شێوه‌ی قه‌تره‌و شروب یان فتیله‌ به‌ پێی كێشی منداڵ كه‌ (10 بۆ 15) ملیگرام بۆ هه‌ر كیلۆیه‌ك و (3 تا 4) ژه‌م له‌ رۆژێكدا.
7. پێدانی ده‌رمانی پرۆفین ئه‌گه‌ر تاو یاوه‌كه‌ی به‌رزتر بوو یان ئازاری هه‌بوو ئه‌ویش به‌پێی كێشی منداڵ (10) ملیگرام بۆ هه‌ر كیلۆو بۆ هه‌ر ژه‌م بۆ (3) جار له‌ رۆژێكدا.
8. ئه‌گه‌ر منداڵ گه‌شكه‌ی تای هه‌بوو ده‌بێت له‌ ماڵه‌وه‌ پێوه‌ری تاو ده‌رمانی تات هه‌بێ.
9. ئه‌گه‌ر تای له‌ سێ رۆژ زیاتری خایاند دوای پێدانی ده‌رمانی پاراسیتۆل یان پرۆفین، پێویسته‌ سه‌ردانی دكتۆری منداڵان بكه‌ی.
10. ده‌رمانی دژه‌ زینده‌كی واته‌ هه‌وكردن یاخود (ئیلتیهاب) له‌ خۆته‌وه‌ مه‌یده‌ره‌ منداڵه‌كه‌ت، مه‌رج نییه‌ سوودی لێ وه‌رگرێ به‌ڵكو زیانی زیاتره‌ له‌ كاتی نه‌خوشینی وه‌رزیدا.
11. نابێت گه‌رماوی بۆ بكه‌ی، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆی له‌رز.
12. زوو زوو ئاوی پێ بده‌ بۆ ئه‌وه‌ی بێپارێزی له‌ وشكداگه‌ڕان.
13. ئه‌سپرین بۆ منداڵی (16) ساڵ كه‌متر به‌كار مه‌هێنه‌.
14. پرۆفین بۆ منداڵی (3) مانگ یان (5) كیلۆ كه‌متر یان ئه‌و منداڵه‌ی نه‌خوشی ره‌بۆی هه‌یه‌ به‌كار مه‌هێنه‌.
15. منداڵه‌كه‌ت ئه‌گه‌ر (گه‌شكه‌ی گرت، له‌شی سوور داگه‌ڕا، پووك و ده‌می كول بوو، شیری نه‌خوارد، یان وشك داگه‌ڕا) به‌ زووترین كات بیگه‌یێنه‌ نه‌خۆشخانه‌.
16. پاراسیتوڵ مه‌ده‌ره‌ منداڵه‌كه‌ت ئه‌گه‌ر ته‌مه‌نی له‌دوو مانگان كه‌متر بوو.
17. پاراسیتوڵ شروب و فتیله‌ له‌ یه‌ك كاتدا به‌كارمه‌هێنه‌؛ چونكه‌ تووشی ژه‌هراویبوونی جگه‌ری ده‌كات.

18. باشتر وایه‌ فتیله‌ بۆ منداڵی خوار ته‌مه‌ن (2) مانگ به‌كار نه‌هێنی، چونكه‌ ده‌بێته‌ هۆی بریندار بوونی.
19. له‌كاتی به‌كارهێنانی فتلیه‌ باشتر وایه‌ كه‌مێك به‌ زه‌یت چه‌ور بكرێت، به‌ڵام نابێت ڤازه‌لین به‌كاربێت.
20. نابێت له‌ یه‌ك كاتدا فتیله‌ی دیكلوفیناك (ڤۆڵتارین) و پرۆفین به‌كاربێنن.
21. نابێت فتیله‌ی دیكلوفیناك به‌كاربێنی ئه‌گه‌ر منداڵه‌كه‌ت كێشه‌ی گورچیله‌و گه‌ده‌ی هه‌بێت.
ئا- كامران

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.