Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 02:27

 وەستایەكی كورد لە نێوان دەنكەكانی تەسبیحدا شتە كۆن و فۆلكلۆرییەكان زیندوو دەكاتەوە

کوردستان TV
100%

تەسبیح بریتییە لە كۆكردنەوەی چەند دەنكۆڵەیەكی ئەندازەیی لە ماددەی بەرد، دار و پلاستیك بە شێوەیەكی بازنەیی لە دەزووێكدا، ئەو تەسبیحە لە نەریتە جیاوازەكاندا بۆ مەبەستی جیاجیا بەكاردەهێندرێت و چەندین قەبارە و رەنگ و ماددەی هەیە.
لەوبارەیەوە فەرهاد چەراخ، دانیشتووی پارێزگای هەولێرەو ماوەی هەشت ساڵە خەریكی دروستكردنی تەسبیحە،دەڵێت:پێشتر كە ئارەزووم لەسەر تەسبیح هەبوو، مەواد و شتەكانم دەكڕی و دەمدایە وەستایەك بۆ ئەوەی تەسبیحم بۆ دروست بكات، زۆرجار كارەكەیان دوادەكەوت، منیش بەهرەم لە كاری دەستی هەیە بۆیە بڕیارمدا بۆخۆم تەسبیح دروست بكەم و سەرەتا كارەكانم بە شێوازی نەریتیی دەكرد و زۆرجار هەبوو كەسوكارم پرسیاریان دەكرد كە بەچییەوە خەریكم و پێیان سەیر بوو دەستم داوەتە كارێكی دەستی كە پێشتر ئەزموونم لێی نەبووە، چونكە كاری بڕینی دەنكەكانم لە رێگای مشاری دەستییەوە دەكرد، یەكەم تەسبیحم دروست كرد كونی دەنكەكانی خوار و خێچ بوو، چونكە یەكەم ئەزموونم بوو، بەڵام رۆژ بە رۆژ گرنگیم بە كارەكەم دەدا و دواتر ئامێری دیكەم كڕی و ئێستاش سەرجەم ئامێرەكانی دروستكردنی تەسبیحم هەیە.
ئەو پیشەوەرە ئاماژە بەوە دەكات كە خواستی لەسەر تەسبیحێكی گرانبەها زیاتر وایكردووە كە پەرە بە كارەكەی بدات و گوتیشی: رۆژێك بە بازاڕدا دەڕۆیشتم، تەسبیحێك سەرنجی راكێشام، منیش پرسیاری نرخەكەیم كرد و تەسبیحفرۆشەكە گوتی گرانە و نرخی 450 هەزار دینارە، منیش تەسبیحێكەم لێی كڕی و ئەوەش بووە هۆكارێكی دیكە بۆ ئەوەی لە كارەكەم بەردەوام بم و بیر لە داهێنان بكەمەوە.
لەبارەی جۆر و كارەكانی دروستكردنی تەسبیح، فەرهاد چەراخ گوتی: جۆری كەهرەمان (كارەبا) زۆر ناسكە و نرخیشی گرانە بەهۆی ئەوەی ماددەكەی بەردە، ماددەكە لە شیلەی دارێك دروست بووە، ئەو شیلەیە دواتر لە دارەكە كەوتووەتە خوارەوە بۆ ناو دەریا، دوای چەندەها ساڵ دەبێتە بەرد و دەتوانین لە دروستكردنی تەسبیح بەكاری بهێنین.

بە گوتەی ئەو پیشەوەرە جۆری كەهرەمان لە رێگای چەند تاقیكردنەوەیەك دەناسرێتەوە و ئەو دەڵێت: ئەگەر ماددەی كەهرەمان لە ئاوێكی خوێواوك دابنرێت ئەوا سەرئاو دەكەوێت، هەروەها بۆنێكی تایبەتی هەیە، جگە لەوەش هێزی راكێشانی هەیە بەجۆرێك دەنكەكانی لەیەكتربخشێنی ئەوا هێزی راكێشان دروست دەكات و دەتوانێت وردە خۆڵ و سۆتەكی جگەرە لە زەوی هەڵگرێتەوە و هێزێكی موگناتیسی دروست دەكات.
فەرهاد ژمارەیەكی زۆر تەسبیحی لە ژوورەوە هەڵواسیووە و وەك خۆی دەڵێت بە دروستكردنی لامپا، فانۆس و پیاڵە چەند داهێنانێكی لە دروستكردنەكەیدا كردووە و گوتی: "جیا لە دروستكردنی دەنكە خڕ و هێلكەییەكانی تەسبیح، ئەوا لامپا، فانۆس و پیاڵە و ژێرپیاڵەشم لە نێوان دەنكەكە و ئیمامەكەدا دروستكردووە، دەمەوێت ئەو شتە كۆن و فۆلكلۆرانەی لە پێشدا هەبوون، ئێستا وەكو یادگارییەك لە دروستكردنی تەسبیحدا زیندوویان بكەمەوە.


 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.