ئەمڕۆ سێشەممە 06ـی 12ـی 2022 دووەمین ساڵیادی هونەرمەندی کۆچکردوو کامەران عەبدولڕەحمان بەڕێوەچوو.
ڕاگەیاندنی پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، د.سالار عوسمان بریکاری وەزارەتی ڕۆشنبیری و ژمارەیەکی بەرچاو لە بەرپرس و هونەرمەند و هاورێ و خانەواردەیی هونەرمەندی کۆچکردوو، دووەمین ساڵیادی کۆچکردنی هونەرمەند کامەران عەبدولڕەحمان لە هۆڵی چالاکی قوتابخانەکان بەرێوەچوو کە وەك وەفا و ئەمەکداریەک لەلایەن سەنتەری ڕۆشنبیری و تیپە میللیەکانەوە رێکخرابوو.
لەو ڕێوڕەسمەدا پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بە ڕۆڵی بەرچاوی هونەرمەندی کۆچکردوو کرد لە بواری سروود و خۆشەویستی بۆ نەتەوەکەی کە هەموو ژیانی بۆ تەرخان کردبوو، هاوکات ئاماژەی بە ڕۆڵی هونەرمەند کامەران عەبدولڕەحمان کرد لە بواری ڕاگەیاندن کە شوێن پەنجەی خۆی بەجێهێشتووە.
جێی باسە، لە مەراسیمەکەدا فیلمێکی دۆکیومێنتاری لەبارەی ژیانی هونەری و ژمارەیەک سروود و گۆرانی هونەرمەند کامەران عەبدولڕەحمان پێشکەش کرا.
هونەرمەند کامەران عەبدولڕەحمان لە ساڵی 1964 لەدایک بووە، لەساڵی 1987 هاتۆتە نێو بواری هونەر و میوزیکژەنێکی ناسراو بووە و زیاد لە 50 گۆرانی و سروودی تۆمارکراوی پێشکەش بە هونەری کوردیدا کردووە، لە ساڵی 2020 لەتەمەنی 56 ساڵیدا بەهۆی شێرپەنجەی کۆچی دوایی کرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.