Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 00:39

بارزانی نه‌مر له‌ ساڵی 1968 نامه‌یه‌ك بۆ سه‌رۆكی فڕه‌نسا ده‌نێرێ و داوایه‌كی ئاراسته‌ ده‌كات

کوردستان TV
100%

بارزانی نه‌مر له‌ گه‌رمه‌ی شۆڕشی ئه‌یلوول و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌كانی سوپا به‌هێز و پڕچه‌كه‌كه‌ی ئه‌و كاتی عێراق له‌ ساڵی 1968 نامه‌یه‌ك بۆ جه‌نه‌ڕال شاڕل دیگۆڵ سه‌رۆكی فڕه‌نسا ده‌نێرێ و داوای هاوكاری و پشتیوانی و پشتگیریكردنی‌ میلـله‌تی كورد و دۆزه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی لێ ده‌كات.

نامه‌كه‌ له ‌ 8ی شوباتی ساڵی 1968 له‌لایه‌ن بارزانی نه‌مره‌وه‌ نووسراوه‌ و ئاراسته‌ی سه‌رۆكی ئه‌وكاتی فڕه‌نسا كراوه‌ كه‌ دۆستی هه‌میشه‌یی كورد و شۆڕشه‌كانی كوردستان بووه‌، داوای لێ كردووه‌ چه‌ك نه‌ده‌ن به‌ حكوومه‌تی ئه‌و كاتی عێراق، چونكه‌ ئه‌م چه‌كه‌ دژی میلـله‌تی كورد و كوشتنی به‌ كۆمه‌ڵی ژن و منداڵان به‌كاری ده‌هێنرێ.

له‌ نامه‌كه‌دا بارزانی نه‌مر ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات كه‌ ده‌وڵه‌تی فه‌ڕه‌نسا پشتیوانیی له‌ شۆڕشی گه‌لی ڤێتنام كردووه‌ دژ به‌ داگیركاریی ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، به‌ڵام له‌بری ئه‌وه‌ی پشتیوانیی له‌ شۆڕشی ئه‌یلوولی كوردستان بكات بڕیاره‌ چه‌ك به‌ ده‌وڵه‌تی عێراق بفرۆشێت تا دژایه‌تیی كورد و شۆڕشه‌كه‌ی پێ بكات.

بارزانی نه‌مر كه‌ ئه‌و كات ڕابه‌رایه‌تی شۆڕشی مه‌زنی ئه‌یلوولی ده‌كرد، له‌ نامه‌كه‌دا به‌ناوی نه‌ته‌وه‌ی كورده‌وه‌ په‌یامه‌كه‌ی‌ ئاراسته‌ی‌ سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا كردووه‌ و داوای لێ كردووه‌ كه‌‌ نابێت‌ به ‌ده‌م داواكه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراقه‌وه‌ بچن و چه‌كی پێ بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی دژایه‌تیی شۆڕشێكی ئازادیخوازی وه‌ك شۆڕشی ئه‌یلوولی پێ بكات، له ‌كاتێكدا گه‌ل و حكوومه‌تی فڕه‌نسا له‌ مێژوودا پشتیوانییان له‌ چه‌ندان شۆڕشی دیكەدا كردووه‌، نوێترینیشیان شۆڕشی گه‌لی ڤێتنامه‌‌ بۆ سه‌ربه‌خۆیی.

ناردنی ئه‌م په‌یامه‌ی بارزانی نه‌مر بۆ سه‌رۆكی فڕه‌نسا له‌ ناوخۆی ئه‌و وڵاته‌ و له‌لایه‌ن گه‌له‌ هۆشیاره‌كه‌یه‌وه‌ ده‌نگۆیه‌كی گه‌وره‌ی لێ كه‌وته‌وه‌ و دواجار كۆمه‌ڵێك په‌رله‌مانتار و نووسه‌ر و هونه‌رمه‌ندی ناوداری فڕه‌نسی كه‌وتنه‌ خه‌بات بۆ ئه‌وه‌ی حكوومه‌تی وڵاته‌كه‌یان به‌ مه‌رج چه‌ك بدات به‌ عێراق، مه‌رجه‌كه‌ش ئه‌وه‌ بوو كه‌‌ به ‌هیچ شێوه‌یه‌ك چه‌كی فڕه‌نسی دژی گه‌لی كورد به‌كارنه‌هێنرێت.

ده‌قی نامه‌كه‌ی بارزانی نه‌مر بۆ شاڕل دیگۆل:-

جه‌نه‌ڕاڵ..
بواری پیره‌ پیاوێكی وه‌كوو من بده‌، تا ئه‌م داواكارییه‌ گرنگه‌تان بۆ ڕه‌وانه‌ بكات، پیره‌ پیاوێك، كه‌ له‌ سه‌ره‌تای لاوێتییه‌وه‌، بۆ ئازادی و پاراستنی كه‌رامه‌تی گه‌له‌كه‌ی خه‌بات ده‌كات. ئێوه‌ گه‌وره‌ترین خه‌باتگێڕی ڕاپه‌ڕینن له‌ ئه‌ورووپا، ئێوه‌ن كه‌ وڵاته‌كه‌ی خۆتان به‌ره‌و سه‌رفرازی برد، ناتوانن كه‌ هاوهه‌ستیی گه‌لی كوردی شاخنشین نه‌بن كه‌ ماوه‌ی شه‌ش ساڵی ڕه‌به‌قه‌ له‌ باكووری عێراق، له‌ خه‌باتی بێوچاندایه‌، له‌وه‌ش زیاتر، ئێوه‌ سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسان، سه‌رۆكی ئه‌و نه‌ته‌وه‌ به‌رز و باڵایه‌ن كه‌ پره‌نسیپی ئازادییه‌ سیاسییه‌كان و مه‌بده‌ئی مافی چاره‌ی خۆنووسینی گه‌لانى پێشكه‌ش به‌ دونیا كرد، له‌وه‌ش زیاتر ئێوه‌ (جه‌نه‌ڕاڵ دیگۆل)ی ڕزگاریكه‌ری سه‌رجه‌م وڵاته‌ بێگانه‌ فه‌ڕه‌نسی زمانه‌كانە، دوژمنی سه‌رسه‌ختی هه‌موو واتایه‌كی چه‌وساندنه‌وه‌یە و دۆستی ڕاسته‌قینه‌ی هه‌موو كه‌سێكی ئازادیخوازە.

جه‌نه‌ڕاڵ.. ئێوه‌ سوور بوون له‌سه‌ر ناڕه‌زایی ده‌ربڕین به‌رامبه‌ر شه‌ڕی (ڤێتنام)، من بێ گومانم كه‌ له‌لای ئێوه‌دا مه‌سه‌له‌ی گه‌لی كورد له‌ هی ڤێتنامییه‌كان كه‌متر نییه‌.

ئێمه‌ له‌م شه‌ڕ و خه‌باته‌ی پاراستنی نه‌ته‌وه‌كه‌ماندا، به‌ته‌واوه‌تی تاك و ته‌نیاین، سازمانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئێمه‌ی پشتگوێ خستووه‌، هه‌روه‌ها چه‌ندین زلهێزیش له‌ یارمه‌تیدانی عێراق، به ‌نوێترین چه‌كی وێرانكار، پێشبڕكێی یه‌كتر ده‌كه‌ن، بۆیه‌ دوا لایه‌نێك مابێته‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ چاوه‌ڕوانی ئومێدی لێ بكه‌ین، ته‌نیا (دیگۆل)ی فه‌ڕه‌نسایه‌.

ئه‌مڕۆ، كه‌ عێراقییه‌كان داوای چه‌ك له‌ فه‌ڕه‌نسا ده‌كه‌ن، ئێمه‌ لامان وایه‌ به‌بێ چاره‌سه‌ركردنێكی مه‌بده‌ئیی كێشه‌ی كورد، هه‌ر چه‌ك ناردنێك بۆ عێراق، ته‌نیا ده‌بێته‌ هۆی كاولكردنی وڵاتمان و كوشتنی به‌كۆمه‌ڵی ئافره‌ت و منداڵانمان. قورئانی پیرۆز ده‌ڵێ: (بۆ هه‌موو مرۆڤێك له‌ ئاسماندا به‌هه‌شتێكی بچووك هه‌یه‌، كه‌ له‌ كاتی نوێژدا ده‌توانێت ڕووی تێ بكات). ئێوه‌ و فه‌ڕه‌نسا به‌هه‌شتی ئاسمانی ئێمه‌ن.“

مسته‌فا بارزانى
عێراق – كوردستان 8ی شوباتی 1968

سه‌رچاوه‌: باسنیوز

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.