Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 11:42

نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لەگەڵ سیستانی كۆبووەوە

کوردستان TV
100%

جێنین هێنیس پلاسخارت ،نوێنەری سكرتێری گشتیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، ئەنجامی كۆبوونەوەكەی لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە، لە نەجەف راگەیاند و ئاماژەی بەوەدا كە لە كۆبوونەوەكەدا، عەلی سیستانی جەختی كردووەتەوە لەسەر پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم پێكهاتەكانی عێراق.
پلاسخارت دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ سیستانی كە ئەمڕۆ چوارشەممە لە شاری نەجەف باشووری عێراق ئەنجامی دا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییدا، ناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەی خستەڕوو و گوتی: ئەمڕۆ سەردانی نەجەف-مان كرد و لەگەڵ عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعە، باسمان لە گرنگی دانایی و پشتیوانییەكەی بۆ پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم پێكهاتەكان لە عێراق و دەرەوە كرد.
ئاماژەی بەوەیش دا كە گرنگییەكەی زۆر دەدات بە كۆبوونەوە لەگەڵ عەلی سیستانی و گوتی: ئەمڕۆ باس لە سیاسەت ناكەین، پەیامەكەی عەلی سیستانی-یش، تایبەتە بە پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان سەرجەم پێكهاتەكان لە عێراق و دەرەوە، بۆیە داوا لە سەركردە سیاسییەكان دەكەم هەنگاو بەو ئاراستەیە بنێنن.
لای خۆیەوە میگێل ئەنخێل مۆراتینۆس، نوێنەری هاوپەیمانی شارستانییەتییەكان سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان، كە ئامادەی كۆبوونەوەكە بوو لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا رایگەیاند :ئەمڕۆ بۆ من رۆژێكی گەورە و گرنگە كە هاتووم بۆ شارێكی گەورەی وەك نەجەف و لەگەڵ عەلی سیستانی كۆبوومەتەوە، ئەوە شەرەفێكی گەورەیە بۆمن كە لەگەڵ سەركردەیەكی ئایینی جیهانیی بە دانایی و سەركردایەتییەكەی و یەكێكە لەو سەركردانەی كە ئەنجوومەنی ئاسایش ستایشی دەكات كۆبوومەتەوە.
 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.