ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازیی لە بڕیاری حکوومەتی فیدڕاڵی بۆ سەرلەنوێ پێکهێنانەوەی لێژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ـی دەستووری عێراق دەکات و داواش دەکات بودجەی پێویست بۆ ئەم لێژنەیە تەرخان بکرێت و پێداویستییەکانی دیکەی دابین بکرێت، هەروەها بڕیار درا شاندی هەرێمی کوردستان لە چەند ڕۆژی داهاتووش سەردانی بەغدا بکاتەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە 07ـی 12ـی 2022، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە.
بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکە، بریتی بوو لە خستنەڕووی ئەنجامی سەردانی شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەکانی شاندەکە لەگەڵ شاندی حکوومەتی فیداڵی سەبارەت بە دۆسییەکانی ( بەشەبودجەی هەرێم، نەوت و گاز، گومرگ ودەروازە سنوورییەکان ، دیوانی چاودێری دارایی) کە لە لایەن دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان و ئەندامانی دیکەی شاندی حکوومەت خرایەڕوو.
سەرۆک وەزیران وێڕای دەستخۆشیکردن لە ئەندامانی شاندەکە و پێزانینی بۆ هەوڵ و کۆششیان لە داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان. لە هەمانکاتدا جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان هەمیشە ئامادەبووە بۆ ئەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بە شێوەیەکی بنەڕەتی و لەسەر بنەمای دەستوور چارەسەر بکرێن. دووپاتیشی کردەوە کە ئێستا دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی لایەنە سیاسییەکانی عێراق بۆ پێکهێنانی حکوومەت و مینهاجی وەزاری کابینەی نوێ کە لە 27ـی10ـی 2022 لە ئەنجوومەنی نوێنەرانیش پەسەند کرا و سیفەتی پابەندیی وەرگرت و ڕێکار و میکانیزمیی چارەسەری کێشەکانی دەستنیشان کردووە.
ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری دا شاندی هەرێمی کوردستان بۆ درێژەدان بە گفتوگۆ و دانوستان لە ڕۆژانی داهاتوودا، سەردانی بەغدا بکاتەوە و لیژنە لاوەکییەکانی هاوبەشی هەردوولا دەست بە کۆبوونەوەکانیان بکەن، بە ئاراستەی گەیشتن بە چارەسەری هاوبەش لەسەر بنەمای ئەو نەخشە ڕێگەیەی لە کۆبوونەوەکە پەسەند کرا، لە هەمانکاتدا لێژنەیەکی وەزاریی قانونی لەناو ئەنجوومەنی وەزیران ڕاسپێردرا بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و کەسانی پسپۆڕ و شارەزا، ئامادەسازیی پێویست بکەن بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕگانەی مينهاجی وەزاریی کە تایبەتن بە گەڵاڵەکردنی چەند پڕۆژەیاسایەک، لەوانە پڕۆژەیاساکانی (ئەنجوومەنی فیدراڵیی، دادگای باڵای فیدراڵیی، نەوت وگاز) کە هاوئاهەنگیی لەگەڵ پەرلەمانی کوردستان و فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە ئەنجومەنی نوێنەران بکرێت بۆ ئەم مەبەستە و بەڵگەنامە و زانیاریی پێویستیان لەگەڵ هاوبەش بکرێت لە پێناوی چەسپاندن و بەرجەستەکردنی ماف و دەسەڵات و شایستەکانی هەرێمی کوردستان وەک ئەرکێکی نیشتیمانیی هەمووان.
لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ دەربارەی نەخشەڕێگە و میکانیزمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کرا. ئەنجوومەنی وەزیران پێشوازیی لە بڕیاری حکوومەتی فیدراڵی بۆ سەرلەنوێ پێکهینانەوەی لیژنەی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووری عێراق دەکات کە بەشێکە لە مینهاجی وەزاری کابینەی نوێی حکوومەتی فیدراڵی، داواش دەکات بودجەی پێویست بۆ ئەم لیژنەیە تەرخان بکرێت و پێداویستییەکانی دیکەی دابین بکرێت بۆ لابردنی ئەو لەمپەر و ئاستەنگانەی لەبەردەم جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستووردا هەن، لە هەمانکاتدا ئەنجوومەنی وەزیران جەختی کردەوە لە ئەولەویەتی حکوومەتی هەرێم بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوور و ڕێکارەکانی هاتوو لە مینهاجی وەزاریی، بۆ ئەم مەبەستەش، شاندی دانوستان و دەستەی ناوچە کوردستانیيەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و لیژنەی تەکنیکی پێکهاتوو بە بڕیارەکانی پێشووی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ هاوئاهەنگیکردن لەگەل حکوومەتی فیدڕاڵی ڕاسپارد بۆ تەواوکردنی قۆناغەکانی جێبەجێکردنی مادەی 140ـی دەستوری هەمیشەیی عیراق و ئامادەسازیی پێویست بۆ جێبەجێکردنی ڕێکار و بڕگەکانی پەیوەندیدار بەم بابەتە لە ناو مینهاجی وەزاریی.
لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوە، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ، سەرنج و تێبینییەکانی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی لەسەر ڕەشنووسی پڕۆژەیاسای وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاو لە عێراق خستەڕوو کە بە پێچەوانەی دەستووری عێراق ئامادەکراوە و وەک دەسەڵاتێکی ڕەهای فیدراڵی دەقەکانی پڕۆژەکە داڕێژراون، لە کاتێکدا بەگوێرەی ماددەی ( 114 /حەوتەم) لە دەستووری عێراق، بابەتی داڕشتنی سیاسەتی سەرچاوەکانی ئاو لە دەسەڵاتە هاوبەشەکانە و بەپێی ماددەی( 115) دەستوور، لە کاتی هەبوونی ناکۆکی، پێشەنگیی بۆ یاسای هەرێمەکانە.
وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، هەروەها ئاماژەی بە بابەتی جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەنداوەکان لە هەرێم و نۆژەنکردنەوەیان و بەدەستهێنانی بودجە بۆ ئەم پڕۆژانە لە چوارچێوەی بودجەی سیادیی عێراق کرد.
سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە داڕشتن و بەڕێوەبردنی سیاسەتی سەرچاوەکانی ئاو، بەپێی دەستوور ڕێکخراوە و هەرێم بەهیچ شێوەیەک دەستبەرداری ماف و دەسەڵاتە دەستووریەکانی خۆی نابێت و پێویستە حکوومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگ و هاوکاربن بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە سوود لە سەرچاوە ئاوییەکان وەربگیرێت کە سەرچاوەیەکی گرنگیی نیشتیمانییە، بەتایبەتی کە گۆڕانکارییەکانی ژینگە و کەشوهەوا هەڕەشەیەکی ڕاستەقینەیە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان و بەداخەوە عێراق و هەرێمی کوردستانیش، یەکێکن لەو ناوچانەی کە ڕووبەڕووی کاریگەرییە نەرێنییەکانی کەشوهەوا و بەبیابانبوون و وشکەساڵی و قەیرانی کەمبوونەوەی ئاو بوونەتەوە و ئەمەش وا لە هەموومان دەخوازێت کە هاوئاهەنگ و هاریکار بن بۆ کەمکردنەوە و سنووردارکردنی زیانەکانی گۆڕانکاری کەشوهەوا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.