Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 09:48

توێژینەوەیەکی پزیشکی نوێ؛ باس لە سوودەکانی خواردنی چۆکلاتە دەکات

کوردستان TV
100%

توێژینەوەیەکی پزیشکی باس لە سوودەکانی خواردنی چۆکلاتە دەکات، بۆ بەدەستهێنانی چەندان سوودی تەندروستی بۆ جەستەی مرۆڤ، هاوکات باسی زیانەکانیشی کردووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێک کە لەلایەن ماڵپەڕی "EatingWell" بڵاو کراوەتەوە، جۆری جیاوازی چۆکلاتەی خستووەتەڕوو، لەوانەش چۆکلاتەی سپی و شیر و چۆکلاتەی تۆخ، پێکهاتەکانی هەریەکەیان جیاوازن، هەربۆیە گۆڕانکاری لە تایبەتمەندییە خۆراکییەکانیدا هەیە و باسی لە سوودەکانی کردووە.

بۆ تەندروستی دڵ

توێژینەوەکە باسی لەوە کردووە کە چۆکلاتەی تۆخ و چۆکلاتەی شیر، کاکاویان تێدایە، بە ڕێژەی جیاواز، کاکاو ماددەی فلاڤۆنۆید لەخۆ دەگرێت، کە دژە ئۆکسانە و لە خۆراکەکانی وەک توو، چا و سەوزەی گەڵاداردا هەیە، فلاڤۆنۆیدەکان چەندین سوودی تەندروستی دەبەخشن، بەتایبەت بۆ باشترکردنی تەندروستی دڵ.

هەروەها توێژینەوەکە دەریخستووە کە باشتربوونی ڕێژەی چەوری و پەستانی خوێن تێبینی کراوە، لە کاتی خواردنی بڕێکی مامناوەند لە چۆکلاتەی تۆخ لە ڕۆژێک بۆ دوو ڕۆژ جارێک.

بەرزکردنەوەی ئاستی ئاسن

بەپێی لێکۆڵینەوەیەک کە لەساڵی 2021 ئەنجام دراوە و لەلایەن ڕۆژنامەی (Nutrients Journal)ـەوە بڵاو کراوەتەوە، کەمخوێنی بەهۆی کەمی ئاسن دەبێتە هۆی دەرکەوتنی نیشانەکانی وەک ماندوێتی، لاوازی و شکانی نینۆک، چۆکلاتەی تۆخ سەرچاوەیەکی باشی ئاسنە، بەوپێیەی ژەمێکی 50 گرامی چۆکلاتەی تۆخ 6 میلیگرام ئاسن لەخۆ دەگرێت.

بەپێی ئامارەکانی پەیمانگەی نیشتمانی تەندروستی ئەمریکا، مێینەکانی تەمەن 19 بۆ 50 ساڵ پێویستیان بە 18 میلیگرام ئاسن هەیە لە ڕۆژێکدا، هەروەها پیاوانی پێگەیشتووش پێویستیان بە 8 میلیگرام ئاسن هەیە لە ڕۆژێکدا، بەڵام پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە چۆکلاتەی شیر تەنیا نزیکەی یەک میلیگرام ئاسنی تێدایە لە هەر 50 گرامێکدا.

توانای بیرکردنەوە

لە تاقیکردنەوەیەکی ساڵی 2019ـدا کە لە گۆڤاری خۆراکدا بڵاو کراوەتەوە، خواردنی چۆکلاتەی تۆخ ڕۆژانە بۆ ماوەی 30 ڕۆژ توانای بیکردنەوەی بەشداربووانی باشتر کردووە. توێژەران هۆکاری دۆزینەوەکان دەگەڕێننەوە بۆ ماددەی میتیلکسانتین لە چۆکلاتەی تۆخدا.

کاریگەرییە نەرێنییەکانی خواردنی چۆکلاتە

لە کاتێکدا کە هەندێک سوودی تەندروستی ئەگەری هەیە لە خواردنی چۆکلاتەدا، بەڵام هەندێک دەرئەنجامی نەرێنیشی هەیە، چۆکلاتەی سپی و چۆکلاتەی شیری ڕێژەیەکی زۆر چەوری تێر و شەکریان تێدایە.

بەپێی ئاماری سەنتەری کۆنتڕۆڵکردن و خۆپاراستن لە نەخۆشییەکانی ئەمریکا (CDC)، زیادەڕۆیی لە خواردنی چەورییە تێرەکان و شەکری زیادکراو پەیوەندی بە بەرزبوونەوەی کۆلیسترۆڵی خوێن و زیادبوونی مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و خوێنبەرەکانەوە هەیە.

50 گرام چۆکلاتەی شیر، نزیکەی 22 گرام شەکری زیادکراو و 8 گرام چەوری تێر لەخۆ دەگرێت، لەکاتێکدا 50 گرام چۆکلاتەی سپی 25 گرام شەکری زیادکراو و 16.5 گرام چەوری تێر لەخۆ دەگرێت.

تەندروستی

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.