ئەمڕۆ چوارشەممە 07ـی 12ـی 2022 یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا تاوتوێ کرا، شاندەکە جەختی کردەوە کە بە هاوبەشی لەگەڵ پێشمەرگە دەتوانین خێرایی بە پڕۆسەی چاکسازی پێشمەرگە بدەین.
ڕاگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە ڕایگەیاند: فەریق ڕوکن عیسا عوزێر سەرۆکی ئەرکانی وەزارەتی پێشمەرگە و لیوا روکن بەختیار محمد سدیق ئەمینداری گشتی پێشوازییان لەکۆڵۆنێڵ سانبۆرن بەرپرسی تیمی هاریکاری ئاسایش لە کونسوڵخانەی ئەمریکا لەهەولێر و کۆڵۆنێڵ سۆریا بەرپرسی تیمی راوێژکارانی هاوپەیمانان لە هەرێمی کوردستان کرد.
ڕاشیگەیاند: لە کۆبوونەوەکە شێوازی جێبەجێکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا گەنگەشە کرا، لەمبارەیەوە ستافی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە سوپاسی تیمی راوێژکارانی سەربازی و دیبلۆماتکارانی ئەمریکایان لە هەرێمی کوردستان کرد و ئاماژەیان بە ڕۆڵی گرنگی تیمە سەربازیەکانی ئەمریکا کرد لە گەیشتن بەم لێکتێگەیشتنە هاوبەشەی نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و وەزارەتی بەرگری ئەمریکا.
ئاماژەی بەوەش دا کە شاندی میوان دڵخۆشی خۆیان بە هەوڵەکانی وەزارەتی پێشمەرگە دەربڕی و ڕایانگەیاند: بەگرنگییەوە لە هەوڵ وهەنگاوەکان وەزارەتی پێشمەرگە و حکوومەتی هەرێم دەڕوانن بۆ جێبەجێکردنی بڕگەکانی یاداشتنامەکە، هاوکات ئاماژەیان بەوە دا کە بەهاوبەشی و کاری پێکەوەیی لەگەڵ پێشمەرگە دەتوانین خێرایی بە پڕۆسەی چاکسازی پێشمەرگە بدەین بۆ گەیشتن بە ئامانجە هاوبەشەکان.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.