Erbil 38°C شەممە 11 کانوونی دووەم 10:10

پارێزگاری هەولێر: زیاتر لە 37 ملیار دینار بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەخزمەتگوزارییەکانی کۆیە تەرخان کراوە

کوردستان TV
100%

پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ چوارشەممە 07ـی 12ـی 2022 ڕایگەیاند، 37 ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەخزمەتگوزارییەکانى سنوورى قەزایی کۆیە تەرخان کراوە و بەراورد بە قەزاکانی دیکە کۆیە بەشى شێرى بەركه‌وتووه‌.

ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر، لە میانی سەردانیکردنی شارى کۆیە و بەسەرکردنەوەى چەند پڕۆژەیەکى ستراتیژی و گرنگی خزمەتگوزاریى لە سنوورى ئەو قەزایە، لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەوانیدا بۆ کەناڵەکانى ڕاگەیاندن، تیشکى خستەسەر بودجەى تەرخانکراو بۆ سەرجەم ئەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانەى لە چوارچێوەى پڕۆژەکانى پەرەپێدانى پارێزگاى هەولێر دیاری کراوە بۆ شارى کۆیە و ئاماژەى بەوە دا کە کۆى گشتیى گوژمەى تەرخانکراو بۆ گەیاندنى پڕۆژەخزمەتگوزارییەکانى شارى کۆیە کە بەشێکیان لە جێبەجێکردندانە و بەشێکیشیان جێبەجێ دەکرێت 37 ملیار و 500 ملیۆن دینارە.

هەروەها ڕایگەیاند: قەزایی کۆیە بە هەموو ناحییەکانییەوە یەکێک لە قەزا گرنگەکانى سنوورى پارێزگاکەمانە و وەکو حکوومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێر هەرچی پێویست بکات و لەتواناماندا بێت پێشکەشى شارى كۆیه‌ى دەکەین، ئەو گوژمەیەى کە ئەمساڵ بۆ قەزایی کۆیە تەرخان کراوە و ڕەزامەندى لەسەر وەرگیراوە بەگشتیى 37 ملیار و 500 ملیۆن دینارە کە بەشێک لە پڕۆژەکانیش ئێستا لە جێبەجێکردن و بەشێکیشی دیکەشی جێبەجێ دەکرێت.

ڕاشیگەیاند: لەم پڕۆژانەش 15 ملیار دینار لە بودجەى پەرەپەپێدان و بودجەى ئاسایی پارێزگاى هەولێرە کە 6 ملیار و 300 ملیۆن دینارـی تەرخان کراوە بۆ شەقامى جووت سایدى فیدراڵ، هەروەها 7 ملیار و 500 ملیۆن دینارى دیکە ڕەزامەندى وەرگیراوە و ئێستا خەریکى ئامادەکردنى دیزاینن بۆ پڕۆژەى چوارڕێیانی حاجى قادرى کۆیە کە شەقامێکى ستراتیژییە لەناو شارى کۆیە و لە وەزارەتى شارەوانى کارەکانى تەواو بووە، ئەوە جگە لەوەى بە نزیکەى  15 ملیار دینارى دیکە چەندین پڕۆژە لەڕێگەى بەڕێوەبەرایەتى پاراستن و چاککردنەوەى ڕێگەوبانى هەولێر و ئاوەدانکردنەوە لە بەشێکى زۆرى گوندەکانى ناحییەکانى سنوورى قەزایی کۆیە جێبەجێ کراوە، بەگشتیى ئەو 37 ملیار و 500 ملیۆن دینارە ئەگەر بەراوردى بکەین لەگەڵ قەزاکانى دیکەى سنوورى پارێزگاى هەولێر، قەزایی کۆیە بەشى شێرى بەرکەوتووە،  ئەوەش خێر و چاکەیەک نییە کرابێت بۆ خەڵکى کۆیە، بەڵکوو پێداویستى خەڵکى ئەو سنوورەیە و وەکو حکوومەتى هەرێمى کوردستان و پارێزگاى هەولێر لەخزمەتى خەڵکى خۆمانداین.

ئومێد خۆشناو دووپاتی کردەوە کە وه‌كو پارێزگاى هەولێر لەژێر ڕێنماییەکانى مەسرور بارزانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان،  بەبێ جیاوازى و بەشێوەیەکى یەکسان لەنێوان شار و دەرەوەى شار پڕۆژەخزمه‌تگوزارییه‌كان جێبەجێ دەکەین، بەپێى ئیمکانیاتى بەردەست لەسەر بودجەى پەرەپێدانى پارێزگا و بودجەى ئاسایی پارێزگا، پڕۆژەکان دەگەیەنین بە هەموو گوند و قەزا و ناحییە و ئەو جێگە و شوێن و گەڕەکانەى کە پێویستیان بە زیاتر ئاوڕلێدانەوە هەیە.

سەبارەت بە جووت سایدى کۆیە - هەولێریش ئومێد خۆشناو گوتى: پڕۆژەى جووتسایدى ڕێگەى (هەولێر - کۆیە) پڕۆژەیەکى ستراتیژیە و بودجەیەکى زۆرى دەوێت، بەڵام لەناو پلان و بەرنامەى حکوومەتى هەرێمى کوردستاندایە، ئیمەش وەکو پارێزگا بەردەوام لەگەڵ سەرجەم وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەسەر هێڵێن بۆ جێبەجێکردنى، ئەم پڕۆژەیە خۆى لە چوار قۆناغ دەبینێتەوە، قۆناغى چوارەمى کە نزیکە لە شارى کۆیە بە سوپاسەوە لەلایەن وەزارەتەکانى شارەوانى و ئاوەدانکردنەوە ڕەزامەندى وەرگیراوە و ئێستا دیزاینى بۆ دەکرێت و لەمنزیکانە دەست پێ دەکات، قۆناغەکانى تریشى لەناو پلانى حکوومەتدایە و من دڵنیام لەوەى سەرۆکى حکوومەتى هەرێم و جەنابی جێگرى سەرۆکى حکوومەت و ئەنجوومەنى وەزیران  و هەموو وەزارەتەکانیش هاوکارمان دەبن بۆ جیبەجێکرنى ئەو پڕۆژەیە، بە دووسایدکردنى ئەو شەقامە جگە لەوەى داواکارى هاووڵاتییانە سودێکى زۆریش بە خەڵکى کۆیە دەگەیەنێت و کێشەیەکى گەورەى شارى هەولێریش چارەسەر دەکات.

پارێزگارى هەولێر دووپاتی کردەوە کە حکوومەتى هەرێمى کوردستان، حکوومەتى هەموو کوردستانە و هیچ سنوور و جوگرافیایەک نییە لێکمان بکاتەوە، کۆیە قەزایەکى زۆر گرنگى سنوورى پارێزگاى هەولێرە، داواکارین لەخوداى گەورە تەمەن ڕێگەمان بدات و توانای پێویستمان لەبەردەست بێت خزمەتێکى زۆرى ئەو شارە خۆشەویستە بکەین، چونکە كۆیه‌ شایەنى ئەوەیە زۆرترین خزمەتى پێشکەش بکرێت.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.