وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ چوارشەممە 07ـی 12ـی 2022 ڕایگەیاند، کۆمپانیایەکی گەورەی ئەمریکا وێستگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی 120 مێگاوات کارەبا بە وزەی خۆر لە کوردستان دادەمەزرێنێت.
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: فرەنگ دێگەر خاوەنی کۆمپانیای ئیگڵ پاوەری ئەمریکا بە مەبەستی دامەزراندنی وێستگەیەک بۆ بەرهەمهێنانی 120 مێگاوات کارەبا بە وزەی خۆر سەردانی وەزارەتی کارەبای کرد.
ڕاشیگەیاند: کەمال محمد ساڵح وەزیری کارەبا بە پێشوازیکردن لەم وەبەرهێنانە گرنگەی کەرتی کارەبا، ئامادەیی وەزارەتی بۆ پێشکەشکردنی هەموو ئاسانکاری و هاوکارییەک بۆ دەستپێکردنی ئەم پرۆژە بە پێشکەووتوترین تەکنەلۆجیای سەردەم و ژینگەپارێز بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە وزەی خۆر دەربڕی.
باسی لەوەش کردووە کە بۆ یەکەمینجارە بەم توانا بەرزەوە، کۆمپانیایەکی بیانی کار بۆ دامەزراندنی وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا بە وزەی خۆر لە هەرێمی کوردستان دەکات.
وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش دا کە شاندی میوان خۆشحاڵی خۆی بۆ ئەنجامدانی وەبەرهێنان لە کەرتی کارەبا و فراوانکردنی کارەکانیان لە هەرێمی کوردستان نیشان دا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.