Erbil 38°C شەممە 21 ئەیلوول 03:17

خوشکی خامنەیی بەتوندی ڕەخنە ئاراستەی براکەی و دەسەڵاتدارانی ئێران دەکات

کوردستان TV
100%

خوشکی ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران بە توندی ڕەخنە ئاراستەی براکەی و حوکمڕانانی ئێران دەکات، پشتگیری خۆشی بۆ ناڕەزایەتییەکان دەردەبڕێت.

بەدری حوسەینی خامنەیی، لە پەیامێکدا کە لەلایەن کوڕەکەی، مەحموود موڕادخانی ئەمڕۆ چوارشەممە 07ـی 12ـی 2022 بڵاو کراوەتەوە، ڕایگەیاند: من دژایەتی ئەو کارەی براکەم دەکەم، هاوخەمی خۆم بۆ هەموو ئەو دایکانە دەردەبڕم کە خەمباربوون لە ئەنجامی تاوانەکانی دەسەڵاتدارانی ئێران.

ڕاشیگەیاند: خەمی من هەمیشە بۆ گەل و بەتایبەت ژنانی ئێران بووە و بەردەوامیش دەبێت.

بەدری حوسەینی دەسەڵاتدارانی ئێرانی تۆمەتبار کرد بەوەی کە "جگە لە ئازار و چەوساندنەوە هیچی دیکەیان بۆ ئێران و گەلی ئێران نەهێناوە، لەدوای شۆڕشی ئیسلامی و ڕووخانی شای ئێرانەوە."

خوشکەکەی خامنەیی جەخت دەکاتەوە کە "گەلی ئێران شایستەی ئازادی و خۆشگوزەرانین و ڕاپەڕینەکەیان بۆ گەیشتن بە مافەکانیان ڕەوا و پێویستە، هیوادارم بەمزووانە سەرکەوتنی خەڵک و ڕووخاندنی ئەو ستەمکارییەی کە حوکمڕانی ئێران دەکات ببینم."

هاوکات لە پەیامەکەیدا داواشی لە سوپای پاسدارانی ئێران کردووە کە بەزووترین کات چەکەکانیان دابنێن، پێش ئەوەی درەنگ بێت بچنە بەرەی گەلەوە.

بەدری خامنەیی نیگەرانی خۆشی دەربڕیوە کە بەهۆی نەخۆشییەوە نەیتوانیوە بەشداری لە ناڕەزایەتیی و خۆپێشاندانەکانی ئێراندا بکات.

ئاماژەی بەوەش داوە کە براکەی گوێ بە دەنگی گەلی ئێران نادات، بەڵکو وادەزانێت دەنگی بەکرێگیراوان دەنگی گەلی ئێرانە.

خوشکەکەی خامنەیی هەروەها دەڵێت، ئەو وشە ناشرینانەی کە بەرامبەر گەلی ئێران بەکاری دەهێنێت، خۆی شایەنی ئەو قسانەیە.

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ئێران

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.