ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم 8ی دیسەمبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و لۆرد تاریق ئەحمەد وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و باشووری ئاسیا و نەتەوەیەکگرتووەکان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیان ئەنجام دا.
هەردوولا هاوڕابوون لە سەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی یەکگرتوو کرد بەتایبەتی لە بوارەکانی هاوکاریی ئەمنی و پەروەردە و بازرگانی و وەبەرهێنان.
لەمبارەیەوە سەرۆکی حکوومەت ستایشی هاوکارییە تەکنیکيیەکانی بەریتانیای کرد بۆ بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و چاکسازیکردن لە بواری باجدا.
سەرۆکی حکوومەت هەروەها باسی لە هەناردەکردنی بەربوومە کشتوکاڵییەکانی هەڵەبجە و زاخۆ بۆ ئیماڕات و کەنداو کرد.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر ئەوەی بەریتانیا دەتوانێت پاڵپشتی حکوومەتی هەرێم بکات لە بواری دابینکردنی خۆراکی جیهانی و وەبەرهێنان لە بواری بانکیدا.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.