Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 19:35

جینین پلاسخارت هۆشداری ده‌دات: دزی سه‌ده دواهه‌مین گه‌نده‌ڵی و دزی له‌ عێراق نابێت

کوردستان TV
100%

نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق له‌ رۆژی جیهانی دژی گه‌نده‌ڵیدا په‌یامێكی بڵاو كرده‌وه‌ و تێیدا هۆشداری دا كه‌ دزی سه‌ده‌ دواهه‌مین دزی و گه‌نده‌ڵی له‌ عێراق نابێت.

جینین پلاسخارت نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ڵێت: گەندەڵیی بەربڵاو و سیستەماتیکی یەکێکە لەو ئاڵنگارییە هەرە گەورانەی کە رووبەڕووی عێراق بووەتەوە، تێچووە ئابوورییەکەی و کاریگەرییە نەرێنییەکانی لەسەر سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لەڕادەبەدەرە، چونکە دەبێتە مایەی لاوازکردنی پێشکەوتن و بێبەشکردنی هاووڵاتییان لە مافەکانیان و لاوازكردنی وەبەرهێنانی جیهانی و بە ناڕەواییبردنی ئەو سەرچاوانەی کە بۆ خەڵک لە ڕووی قوتابخانە و نەخۆشخانە و چەندین خزمەتگوزاری تر پێویستن.

گوتیشی: من زۆرجار بە تایبەتیش لەم دواییەدا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەکگرتووەکان لە مانگی تشرینی یەکەمدا، گوتم کە "گەندەڵی هۆکاری سەرەکیی پەکخستنە و گەر هەر بەمشێوەی ئێستاش درێژەی هەبێت ئەوە دواجار بە خراپ بەسەر وڵاتدا دەشکێتەوه‌".

سه‌باره‌ت به‌ دزی سه‌ده‌ش، پلاسخات گوتی: کەیسی هەرە بەناوبانگی گەندەڵی لە عێراق کە بە "دزی سەدە" ناسراوە، بەداخەوە دواهەمین نابێت و هەربۆیە هیوادارین ببێتە زەنگی ئاگادارکردنەوە".

ڕاشیگه‌یاند: ئەوەش بەڵگەنەویستە کە گۆڕانکاریی سیستەماتیکی لەوپەڕی پێویستیدایە بۆ ئایندەی عێراق، بەڵام ئەم گۆڕانکارییەش هەرگیز لە چاوتروکانێکدا ڕوو نادات، بەڵکو پێویستی بە کاری چڕوپڕ و کۆڵنەدان و هەوڵی هەمەلایەنە هەیە بە تێگەیشتنیش لەوەی کە ئێستا کاتی کارکردنە.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش دا: ڕاستە حکوومەت چەندین هەنگاوی هاندەری ناوە، بەڵام ئەوەش شاراوە نییە کە رەنگە ئەم هەنگاوانە یان تووشی بەربەست بن یانیش لاواز بکرێن لەلایەن ئەو کەسانەی کە لەم پرۆسەیەدا تووشی زیان دەبن، بەڵام رێگەم بدەن با ئەوە دووپات بکەمەوە کە ئەم جۆرە کەسانە هەرگیز نابێت ئەو بوارەیان پێ بدرێت.

نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند: ئەمساڵ، رۆژی جیهانیی دژەگەندەڵی هەوڵ دەدات پەیوەندیی بەهێزی نێوان ئاشتی و دژەگەندەڵی و سەقامگیری و گەشەپێدان بە زەقی بخاتەڕوو، هه‌روه‌ها سەرباسی "یەکخستنی جیهان بۆ دژایەتی گەندەڵی" جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە ئەم تاوانە ماف و بەرپرسیاریی هەموو کەسێکە.

هه‌روه‌ها گوتی: لە پێناوی نەوەکانی داهاتوودا، با هەموومان بە یەکەوە لە عێراق و شوێنەکانی تریش، چ وەکو تاکە کەس و چ وەک ئەوانەی کاربەدەستن، شەڕی لێپێچینەوە و واڵایی (شەفافییەت) و سەروەری یاسا بکەین بۆ ئەوەی بتوانین سیستەمێک دروست بکەین کە پێویستییەکانی کۆمەڵگا دابین بکات لە جیاتی خزمەتکردنی توێژێکی داخراو کە بایەخیان بۆ بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان زۆر کەمە.

له‌ كۆتاییدا جینین پلاسخارت نێرده‌ی تایبه‌تی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ عێراق جه‌ختیشی كرده‌وه‌ كه‌ بەکارهێنانی سەرچاوەکان بۆ بەرژەوەندیی حزبی و تایبەتی پێویستە کۆتایی پێ بهێنرێت و دابینکردنی لێپێچینەوەش لە تەواوی پرۆسەکەدا لەوپەڕی گرینگیدایە.

 

رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.