ماوەی زیاتر لە دوو هەفتەیە بازاڕە ناوخۆییەكانی عێراق بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەهای دۆلاری ئەمریكی بەرامبەر بە دیناری عێراقی بەخۆیەوە بینیوە، بانكی ناوەندی عێراقیش دەیەوێت كۆنتڕۆڵی نرخی ئاڵوگۆڕكردن بكات.
نرخی دۆلاری ئەمریكی لە بازاڕە ناوخۆییەكان بەربەستی هەزار و 500 دیناری تێپەڕاند، سەرەڕای ئەوەی بانكی ناوەندی بە هەزار و 460 دینار بۆ یەك دۆلاری داناوە.
بەگوتەی شارەزایان لەماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا قەبارەی دۆلاری فرۆشراو لەلایەن بانكی ناوەندی عێراقەوە بەشێوەیەكی بەرچاو كەمی كردووە، ئەوەش بووەتە هۆی دابەزینی بەهای دیناری عێراقی.
لەوبارەیەوە عەبدو ڕەحمان مەشهەدانی ،شارەزای ئابووری دەڵێت: بەهای حەواڵە لە ماوەی ڕابردوودا زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار بووە لە ڕۆژێكدا، بەڵام ئێستا نزیكەی نیوە كەمیكردووە.
هۆكاری ئەمەش بە گوتەی مەشهەدانی، دەگەڕێتەوە بۆ گەمارۆكانی سەر چوار بانكی ناوخۆیی كە لەسەدا 45ی بەهای گواستنەوەی دەرەكییان بەدەستهێنابوو.
مەشهەدانی لە میانی چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ كەناڵی حورە گوتیشی:، ئەم ڕێوشوێنە بووە هۆی كەمیی بەرچاو لە بازاڕی حەواڵەدا، بۆیە هەندێك لە بازرگانەكان مەیلیان بۆ كڕینی دراو لە بازاڕی ناوخۆیی هەبووە، ئەمەش خواستی دۆلاری بەرزكردەوە.
ئەو ئامارانەی لە ماڵپەڕی بانكی ناوەندیی عێراق بڵاوكراونەتەوە، دەریدەخەن كە قەبارەی كۆی فرۆشی دراوی بیانی لە ڕۆژی پێنجشەممەدا كەمێك لە 122 ملیۆن دۆلاری تێپەڕاندووە، لە كاتێكدا دوو مانگ لەمەوبەر نزیكەی 220 ملیۆن دۆلار بووە.
مەشهەدانی گوتیشی: بانكی ناوەندی عێراق دوو هەفتە لەمەوبەر كۆبوونەوەیەكی لەگەڵ بانكە ئەهلییەكان ئەنجامدا و هەڕەشەی ئەوەی كرد كە 14 بانكی دیكەش هەمان سزایان بەسەردا دەسەپێنرێت لە ئەگەری پابەندنەبوونیان.
بە گوێرەی هەواڵی ماڵپەری حورە، بانكی ناوەندی عێراق بەڵێنی داوە لەم هەفتەیەدا بڕێكی زۆرتر لە دۆلار بخاتەوە بازاڕەوەو كێشەی بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار چارەسەر بكات و نرخی ئاڵوگۆڕكردن ببێتە 1480 و 1490.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.