Erbil 38°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 01:10

مه‌سرور بارزانی: هاوكارییه‌كانی هه‌نگاریا به‌رز ده‌نرخێنین زوو یارمەتیان پێشکێشکردین

کوردستان TV
100%

ئەمڕۆ شەممە (10دیسێمبەری 2022)، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی کەتالین نۆڤاک سەرۆکی هەنگاریا، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا، قوتابخانەی مێلسۆی نێودەوڵەتی لە عەنکاوە کردەوە .
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەشکرد و جەختی لەسەر گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە کردەوە وەک ئەرکێکی لە پێشینەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
هەروەها پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانی دووپات کردەوە بۆ زیاتر قووڵکردنەوەی ئەو پێکەوەژیانە ئاشتییانەیەی لە هەرێمی کوردستان هەیە و ئاماژەی بەوەکرد، هەرێمی کوردستان بووەتە پەناگەیەکی ئارام بۆ ئەو کریستیان و ئێزدییانەی بەهۆی هەڕەشەی تیرۆرەوە لە دەشتی نەینەوا هەڵهاتوون .
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد، هەرێمی کوردستان پێشوازی لە زیاتر لە دوو ملیۆن هاووڵاتی عێراقی وپەنابەری سووری کردووە، پارێزگاری لێکردوون و شوێنێ حەوانەوەی بۆ دابینکردوون، کە بەبێ پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کارێکی سەخت بوو.
مەسرور بارزانی سوپاسی ئامادەبوونی کاتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریاشی کرد و گوتی، "هەنگاریا یەکێک بووە لەو وڵاتانەی هەمیشە هاوکاری هەرێمی کوردستانیان کردووە بەتایبەتی لە جەنگی دژ بە داعش".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی لە عەنکاوە کرد، کە بووەتە کۆمەڵگەیەکی گەشاوە بۆ بەیەکەوەژیان ئەمەش مایەی شانازییە بۆ ئێمە.
لەبارەی کردنەوەی قوتابخانەی مێلسۆی نێودەوڵەتی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە رۆڵ و هاوکارییەکانی حکومەتی هەنگاریا کرد و جەختی لەوەکردەوە، گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە لە پێشینەی کارەکانی ئەم کابینەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە لەپێناو بنیاتنانی وڵاتێکی بەهێزتر.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پاڵپشتی تەواوی خۆشی بۆ هەموو هەنگاوێک بۆ زیاتر بەرەوپێشبردنی کەرتی پەروەردە دووپاتکردەوە .
سەبارەت بە گرنگی زانست و پەروەردە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە، زانست و پەروەردە بزوێنەر و بناخەی پێشکەوتنی وڵاتەکەمانن بۆ هەنگاونان بۆ ئاییندەیەکی باشتر.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، گرنگیدان بە پەروەردە باشترین وەبەرهێنانە لە گەنجەکانماندا ئەنجامی بدەین، بۆئەوەی بەشێوەیەک پەروەردەیان بکەین تاوەکو لە داهاتوودا لە بازاڕی کاری ناوخۆ و دەرەوەدا رکابەری بکەن بۆ بەدەستهێنانی باشترین دەرفەتی کار.
سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە دامەزراندنی دەستەى متمانەبەخشین بە دامەزراوەکان و پڕۆگرامەکانى پەروەردە و خوێندنى باڵا لە هەرێمى کوردستان کرد، وەک یەکێک لە هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ زیاتر گرنگیدان بە کەرتی پەروەردە و بەرزکردنەوەی ئاستی زانستی ناوەندەکانی خوێندن لە هەرێمی کوردستان.
لە کۆتایی گوتارەکەیدا، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، وێڕای دەربڕینی پێزانین بۆ سەرۆکی هەنگاریا لە بەرامبەر پاڵپشتییەکانی وڵاتەکەی بۆ کردنەوەی ئەو قوتابخانەیە و گوتی "دڵنیاتان دەکەینەوە وەک پابەندی حکومەت کە هاوکارییەکانتان بە باشی خەرجکراوە لە کردنەوەی ئەم قوتابخانەیە".

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.