Erbil 38°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 23:22

سەرۆکی هەنگاریا بۆ هه‌رێمی كوردستان: ئێوە بە تەنیا نین

کوردستان TV
100%


بە ئامادەبوونی سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی هەنگاریا قوتابخانەی نێودەوڵەتی مێلتۆی لە عەنکاوە كرایه‌وه‌. 
پێش نیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ شەممە 10 ی دیسەمبەری 2022،  بە ئامادەبوونی مه‌سرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی هەنگاریا ،کاتالین نۆڤاک ، (قوتابخانەی نێودەوڵەتی مێلتۆی Meltho International School ) لە عەنکاوە كرایه‌وه‌.

دواتر سه‌رۆكی هه‌نگاریا، كاتالین نۆڤاك له‌میانی پێشكه‌شكردنی گوته‌یه‌كدا، تیشكی خسته‌سه‌ر هاوكارییه‌كان و ئاماژه‌ی به‌ویشدا كه‌ رێز له‌ به‌رامبه‌ر ده‌گرن و پشتیوانی له‌ دیموكراسییه‌ت ده‌كه‌ن.

سه‌رۆكی هه‌نگاریا كاتالین نۆڤاك گوتی:ئاڵای هەنگاریا هاوشێوەی ئاڵای هه‌رێمی کوردستانە و شانازی بەوە دەکەین کە ئاڵاکەمان لە هەرێمی کوردستان هەیە، ئێمە وڵاتێکی دەوڵەمەند نین بەڵام دەمانەوێت ھاوکاری پێشکەش بکەین، دەمانەوێت زیاتر کردارمان ھەبێت نەک قسە، ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەوەی پشتگیری کۆمەڵگاکەی ئێوە بکەین و پێشوازی لەو وڵاتە دەکەین، یەکێک لە پەیوەندییەکانمان دەوەستێتە سەر سێ یاسا، یەکەم رێز لە بەرامبەر دەگرین، هه‌روه‌ها پشتیوانی لە دیموکراسی دەکەین هاوكات ئیدانەی تیرۆر دەکەین، چونکە بەداخەوە دەزانین لە چەندین وڵاتدا بە ھەزاران مەسیحی لە جیھاندا دەچەوسێندرێنەوە، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا ئێمە ھاوکارییەکانمان پێشکەش بە زیاتر لە 50 وڵات کردووە.

نۆڤاك گوتیشی: ئەوەی گرنگە کە هه‌رچه‌نده‌ مەترسی لەسەر ھەنگاریا و ئەورووپاش ھەیە، بەڵام ئێمە دەبێت بەھێز بین، دەمانەوێت ئێوە بەرەوپێشەوەبچن، وەک ھەرێمی کوردستان داھاتوویەکی گەشتان ھەبێت، کردنەوەی ئەو قوتابخانەیەش بۆ ئەوەیە نەوەی داھاتوو ھاوکاری بکرێن و، ئامانجمان ئه‌وه‌یه‌ لێرە وەبەرھێنانی زانست بکەین.

دوێنی هەینی کاتالین نۆڤاک دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکۆماری عێراق، عەبدولـله‌تیف رەشید بە سەردانێکی فەرمی لە بەغداوە گەیشتە هەولێر و لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستانەوە پێشوازیی لێکرا، دواتریش به‌ مه‌به‌ستی سه‌ردانیكردنی شوێنه‌ ئاینییه‌كانییان چووه‌ ناحیه‌ی ئه‌لقۆش سه‌ر به‌ پارێزگای نه‌ینه‌وا و دواتر گه‌ڕایه‌وه‌ هه‌ولێر، ئەمڕۆش له‌گه‌ڵ سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کۆبووەوە.


 


 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.