Erbil 38°C دووشەممە 23 ئەیلوول 01:34

مەغریب دەبێتە یەکەم نوێنەری كیشوه‌ری ئەفریقا کە بگاتە نیوه‌ی كۆتایی مۆندیال

کوردستان TV
100%


لەمیانی یارییه‌كانی قۆناغی چاره‌كی كۆتایی جامی جیهانیی2022 له‌ قه‌ته‌ر، هه‌ڵبژارده‌ی مەغریب بە ئەنجامی 1-0 لە هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگالی بردەوە خۆی گه‌یانده‌ نیوه‌ی كۆتایی.

هه‌ڵبژارده‌ی مەغریب سەرکەوتنێكی دیاری بەدەستهێنا وەک یەکەم نوێنەری ئەفریقا كه‌ لە مێژووی مۆندیالدا گەیشتووه‌ته‌ چوارگۆشه‌ی زێڕین.

مەغریب لە پێنج یاریدا کە لە جامی جیهانیی 2022 ئەنجامیداوه‌، تەنها یه‌ك گۆڵی لێكراوه‌ و بە گەیشتن بە قۆناغی نیوه‌ی کۆتایی چیرۆکێکی سیحراوی تۆمارکرد، رووبەڕووی براوەی یارییەکەی ئینگلتەرا و فەڕەنسا دەبێتەوە.

هاوشێوه‌ی یاری هه‌ڵبژارده‌كه‌ی لە قۆناغی 16دا كه‌ بە ئەنجامی 6-1 لە سویسرای بردەوە، ئه‌ستێره‌ی پورتوگالی کریستیانۆ ڕۆناڵدۆ له‌ یاری مه‌غریبیشدا له‌ پێكهاته‌ی سه‌ره‌كیدا نه‌بوو.

هه‌ڵبژارده‌ی پورتوگال کە لە خولەکەکانی 5 و 31 و 39دا له‌رێگه‌ی خواو فیلیکسه‌وه‌ لە تۆماركردنی گۆڵ نزیک بووەوە بەڵام نەیتوانی هیچ ئەنجامێک بەدەست بهێنێت.

بە پشتیوانیی هاندەرانی کە زۆرینەی ئاماده‌بووانی یاریگاکەیان پێکده‌هێنا، مەغریب لە خولەکی 42دا گۆڵی پێشکەوتنی تۆماركرد. ئه‌ویش له‌رێگه‌ی یاریزان یوسف نه‌سیرییه‌وه‌.

یوسف نەسیری دوای گۆڵەکە، سوجدەی برد و به‌وشێوه‌یه‌ ئاهەنگی تۆماركردنی گۆڵەکەی گێڕا. هێرشبەرە تەمەن 25 ساڵانه‌كه‌ کە بۆ جاری سێیەمه له‌ مۆندیالدا گۆڵ تۆمارده‌كات، بووە چوارەم یاریزانی ئەفریقی کە لە قۆناغی چارەکی کۆتاییدا تۆڕی گۆڵی هه‌ڵبژارده‌ی به‌رامبه‌ر بهه‌ژێنێت. پێشتر ئیمانوێل کوندێ و یوگێن ئیكێكێ (له‌ هه‌ڵبژارده‌ی کامیرۆن) و سولی مونتاری (له‌ هه‌ڵبژارده‌ی گانا) لە قۆناغی چارەکی کۆتایی مۆندیالدا گۆڵیان كردووه‌.

گێمی یەکەمی یارییەکە بە ئەنجامی 1-0 کۆتاییهات.

پورتوگال کە له‌ گێمی دووه‌مدا نەیتوانی بەو شێوەیە دەست پێبکات كه‌ خواستی بوو، راهێنه‌ره‌كه‌ی لە خولەکی 51دا رۆناڵدۆی نارده‌ نێو یاریگا.

یاریزانی مەغریبی رۆماین سایس ، لە خولەکی 57دا بە هۆی پێکانەوە یارییەکەی جێهێست.

یاریزانی مەغریبی چێدیرا، له‌ خوله‌كی 93دا كارتی دووه‌می زه‌رد و كارتی سووری وه‌رگرت.

سەرەڕای ئەوەی پورتوگال لە گێمی دووەمدا گۆڵی مەغریبی گەمارۆدا، بەڵام نەیتوانی گۆڵی یه‌كسانبوون تۆماربكات. مەغریب بە ئەنجامی 1-0 یارییەکەی بردەوە و سەرکەوت بۆ قۆناغی پێش کۆتایی مۆندیالی 2022.

یاریزانانی هەڵبژاردەی مەغریب و تیمی تەکنیکی هه‌ڵبژارده‌كه‌، لە کۆتایی یارییەکەدا دڵخۆشی زۆریان ده‌ربڕی.

یارییه‌كه‌ له‌ یاریگای سومامه‌ ئه‌نجامدرا و 44 هەزار و 198 هاندەر ئاماده‌یبوون.

وه‌رزش تۆپی پێ

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.