لهراگهیاندراوێكدا، وهزارهتی شارهوانی و گهشت و گوزاری حكوومهتی ههرێمی كوردستان بڵاویكردهوه: بە مەبەستی چارەسەری ڕیشەیی بۆ ڕێگریكردن لە دووبارەنەبوونەوەی گرفتی شكانی بۆریی پرۆژەی ئاوی ئیفراز سێ لە شاری هەولێر، مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی نیشاندا بە خەرجكردنی گوژمەی 20,842,500,600 دینار و سبەی یەكشەممە قۆناغی یەكەمی پرۆژەی گۆڕینی بۆرییەكە دهستپێدەكات و تیمێكی ئەندازیارانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاریش سەرپەرشتیی جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەكەن.
وهزارهتی شارهوانی ئاماژهی بهوهشكردووه، پرۆژەی ئیفرازی سێ 40%ی ئاوی خواردنەوە بۆ دانیشتیوانی شاری هەولێر دابین دەكات، بەهۆی سەرپێچی و زێدەڕۆیی لەسەر بۆرییەكە، چەند جارێك بۆرییەكە دەشكا و بۆ ماوەیەك بەشێكی زۆری دانیشتیوانی شاری هەولێر بێ ئاو دەبوون، لەپێناو چارەسەری ڕیشەیی ئەو كێشەیە، كە گۆڕینی بۆریی هێڵی گواستنەوەی ئاوی ئیفرازی سێی هەولێرە لە بۆریی (GRP)ی تیرە ( 1500)ملیمەوە بە بۆریی كاربۆن ستیل، مەسروور بارزانی، سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕەزامەندی لەسەر خەرجكردنی گوژمەی پرۆژەكە داوە كە بریتییە لە 20,842,500,600 دینارە. كە بڕی 4,354,750,000 دینار لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستانەوە بۆ جێبەجێكردنی قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە خەرج دەكرێت، لە وێستگەی ناوەندی مەرعودا بە درێژایی 2750 مەتر بە بۆری 1,5 مەتری بۆریی كاربۆن ستیل دەستپێدەكات تا دەگاتە 108 ی عەنكاوە لە كۆی ئەو 11 كیلۆمەترەی كە بۆرییە كۆنەكەی تێدا دەگۆڕدرێت.
له بهشێكی دیكهی راگهیاندراوهكهی وهزارهتدا هاتووه، ئهمڕۆ یەكشەممە 11/12/2022، قۆناغی یەكەمی پرۆژەی پاراستنی هێڵی گوێزەرەوەی ئاوی ئەو پرۆژەیە دەستپێدەكات كە چەند ئەندازیارێكی شارەزای بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ لە وەزارتی شارەوانی و گەشتوگوزار و بەڕێوەبەرایەتیی ئاو و ئاوەڕۆی هەولێر بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگای هەولێر، سەرپەرشتی جێبەجێكردنی پرۆژەكە دەكەن، ئەمەش گرفتی شكانی ئەو بۆرییە لەو شوێنە چارەسەر دەكات و دەبێتە هۆی پەرەپێدانی پرۆژەكە و پرۆسەی دابەشكردنی ئاوی خواردنەوە بۆ هاووڵاتییان باشتر دەبێت.
دارشتنهوهی ههواڵ - شوان عهزیز
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.