Erbil 38°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 10:50

لەمەولا بە بێ بەفیڕۆدانى کات هاووڵاتى دەتوانێت بە شێوەى ئەلیکترۆنى سکاڵاى خۆى تۆمار بکات

کوردستان TV
100%


 بەئەلیکترۆنیکردنى سیستەمى سکاڵاى هاووڵاتیان، هەنگاوێکى جێبەجێکراوی دیکەی کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمی  کوردستانە، کە لە کارنامەکەى خۆی بەڵێنى دابوو، بە دامەزراوەییکردن و کەمکردنەوەى کاغەز و ڕۆتین و بەرزهەڵسەنگاندنى ماف و کاتى هاووڵاتیان، کابینەى نۆیەم بەڵێنى دامەزراندنى حکومەتێکى ئەلیکترۆنیی کارا و دیموکراسی داوە و لە سێ ساڵى ڕابردووشدا چەندین سیستەمى کارگێڕى و جێبەجێکردن بەئەلیکترۆنى کراون.

د. ئومێد سەباح، سەرۆکى دیوانى ئەنجوومەنى وەزیران، باسى سەرەتای فۆڕموولەبوونى بیرۆکەى گۆڕینى سیستەمى سکاڵاى کرد و گوتی: بە پێی یاسا و پێڕەوی ناوخۆی ئەنجومەنی وەزیران، ئەرکی وەرگرتنی سکاڵا لە هاووڵاتیان و دامودەزگاکان یان فەرمانبەران ئەرکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانە. لە یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران لەسەر ڕاسپاردەی بەڕێز جەنابی سەرۆکی حکومەت کاک مەسروور بارزانی، ئەو ئەرکە بڕیاری لەسەر درا، کە هەموو دامودەزگاکان ئەرکدار بکرێن و هاوکاریی ئەنجومەنی دیوان بن، هەروەها سیستەمێکی گونجاو بدۆزنەوە بۆ وەرگرتن و بەدواداچوونی سکاڵاکان و وەڵامی هاووڵاتیانیش بدرێتەوە. پێشتر پەیڕەوى کاغەز دەکرا و هاووڵاتی لە هەموو شوێنێکەوە دەهاتنە دیوانی ئەنجومەن و وەزارەتەکان بۆ پێشکەشکردنی سکاڵاکانیان، ئەمە جگە لەوەی ڕۆتین و مەسرەف و کاتێکى زۆری دەویست، هەندێک جاریش وەڵامەکان دەست هاوڵاتی نەدەکەوتنەوە، بۆیە بیرمان لە گۆڕینى سیستەمەکە بۆ سیستەمێکى ناوەندى و دیجیتاڵی کرد و بە دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ببەسترێتەوە.

سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران باسى لەوە دەرکرد، کە ئەمەیان کردووەتە بڕیار و لیژنەیەکیان دروست کردووە و فەرمانگەی تەکنۆلۆجیای زانیارییش لە ماوەیەکی کوردتدا سیستەمەکەیان دروست کرد، وە ئێستا جێگەی خۆشحاڵییە کە ڕایبگەیێنین، ئەوەی فەرمانی جەنابی سەرۆکی حکومەت بڕیاری لەسەر دا، بە شیوەیەکی کردەیی لەمەودوا هاووڵاتیان دەتوانن سکاڵاکانیان پێشکەشی ئەنجومەنی وەزیران بکەن و دواتر بە شێوەیەکی فەرمی لە ماوەیەکی دیاریکراو و هەر لە ڕێگەی ئەم پۆرتاڵەوە وەڵامەکان وەربگرنەوە؛ ئەمە یەکێکە لە دەستکەوتەکانی حکومەتی هەرێم و تەواوکاری پڕۆژەکانی بە دیجیتاڵیکردنی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

د. ئومێد سەباح، یەکێک لە پێوەرەکانی حوکمڕانیی باش بە نزیکى حکومەت لە هاووڵاتیان دەزانێت، بۆ ئەوەى دەرەنجامی کارەکانیان بۆ شی بکاتەوە و ئەو داواکاری یان سکاڵانەی کە هەیانە، تەنانەت ئەگەر فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێمیش بن بە زووترین کات وەڵامەکانیان دەست بکەوێتەوە.

چیتر هاووڵاتیانى هەرێمى کوردستان پێویست ناکات کاتێکى زۆر و ڕێگەیەکى درێژ ببڕن بۆ بەدواداچوون و سکاڵا لە کار و خواستەکانیان، دەتوانن لە ماڵەکەى خۆیانەوە ئەگەر سکاڵایەکیان هەبوو تۆماری بکەن و ڕاستەوخۆ ئەنجوومەنى وەزیران بەدواداچوونیان بۆ دەکات.

لەم بارەوە و لەسەر سیستەمەکە مەهدى ساڵح ئاژگەیی، بەڕێوەبەرى بەڕێوەبەراسەتى سکاڵاى هاووڵاتیان لە سەرۆکایەتى ئەنجوومەنى وەزیران گوتى: "سیستەمی ئەلیکترۆنی سکاڵای هاووڵاتیان، پۆرتاڵێکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە لە ڕێگەیەوە هاووڵاتیان دەتوانن سکاڵاکانیان بۆ هەر لایەنێک یان خزمەتگوزارییەکی حکومی پێشکەش بکەن، ئەم سیستەمە سیستەمێکی ناوەندییە و سەرۆکایەتیی ئەنجومەنی وەزیران و تەواوی وەزارەت و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یەکەوە دەبەستێتەوە؛ لێرەدا هاووڵاتی چەقی خزمەتگوزارییە گشتییەکانن، هاووڵاتی کاتێک سەردانی ئەم پۆرتاڵە دەکات، پێویستە هەندێ زانیاریی کەسی پڕ بکاتەوە و دواتر بە وردی سكاڵاکانی بنووسێت و بەڵگەنامەی سەلماندنی سکاڵاکانی هاوپێچ بکات، دواتر لایەنی تایبەتمەندی وەڵامدانەوەی سکاڵاكانی دیار بکات و پاشان ژمارەی مۆبایل یان ئیمەیڵیشى دیار بکات بۆ ئەوەی لە کاتی چارەسەرکردن یا رەتکردنەوەی سکاڵاکانیان وەڵامیان پێ بدرێتەوە."

مەهدى ساڵح ئاژگەیی، باسى گرنگترین ئامانجى لەم سیستەمە کرد و بە بەدیهێنانی شەفافیەتى زانی و گوتى: "ئەرکی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانە، کە وەڵامی ڕوون و ئاشکرایان هەبێت بۆ سکاڵای هاووڵاتیان لە چوارچێوەی یاسا و رێنماییەکاندا.

دەوری بەڕێوەبەرانی سکاڵای هاووڵاتیان لە ئەنجومەنی وەزیران، سێ ڕۆڵی گرنگی هەیە کە بریتین لە:

یەکەم: وەرگرتنی وەڵامی سكاڵای هاووڵاتیان بۆ ئەو سکاڵانەی تۆمار دەکرێن، لەسەر کار و چالاکییەکانی ئەنجومەنی وەزیران.

دووەم: وەرگرتن و ناردنى سکاڵا، کە لەسەر وەزارەتەکان تۆمار دەکرێن، بەڵام لە رێگەی ئەنجومەنی وەزیرانەوە پێشکەش دەکرێن.

سێیەم: چاودێریکردنی گشت ئەو سکاڵایانەیە، کە لەسەر وەزارەتەکان تۆمار دەکرێن.

کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە پاش بەئەلیکترۆنیکردنى چەندین سیستەم بۆ ئاسانکارى هاووڵاتیان، سیستەمى سکاڵاشى کردە ئەلیکترۆنی و هاووڵاتى دەتوانێت لە ڕێگەى پڕکردنەوەی پەڕەیەکى ئەلیکترۆنى و تۆمارکردنى زانیارییە کەسییەکانییەوە، سکاڵاکەى تۆمار بکات.

هیوا فەندی، سەرۆکى فەرمانگەى تەکنەلۆجیای زانیارى، باسى لەوە کرد، کە یەکێک لەو پێوەرانەی بە پێی بانکی نێودەوڵەتی بەرەو پێشچوونی وڵاتیان بە ئاستی دیجیتاڵبوونیان مەزەندە دەکرێت و بەکارهێنانەوەی تەکنۆلۆژیای دیجیتاڵە بۆ پتەوکردنی دیموکراسی، لەو چوارچێوەدا ئەم سیستەمانەیە کە حکومەت دابینی دەکات بۆ ئەوەی هاووڵاتی بتوانێت دەنگی خۆی بگەینێتە بەرزرترین ئاست لە حکومەت، کەواتە دانانی سیستەم بۆ گەیاندنی فیدباک و سکاڵای هاووڵاتیان یەکێک لە سیستەمە هەرە گرنگەکانی وڵاتانە و لە هەموو دەزگاکانی حکومەت بەشێک هەبووە بەناوی هۆبەی سکاڵا یان سندووقی سکاڵا و "ئەوەی کە ئێمە کردمان لەسەر داواکاری سەرۆکایەتیی دیوانی  ئەنجومەنی وەزیران ئەوە بوو، کە ئێمە پرۆسەکەمان کردە پرۆسەیەکی مەرکەزی، کەواتە بۆ هەموو دامودەزگاکانی حکومەت سیستەمێکی ناوەندی دانراوە، کە هاوڵاتی بتوانێت لە رێگەی یەک سیستەمەوە سکاڵای خۆی لەسەر هەر کەس و خزمەتگوزارییەک بە شێوزێکی ناوەندی بگەینێتە هەموو ئاستەکانی حکومەت؛ فەرمانگەی تەکنۆجیای زانیاری تەواوی پرۆسەکەی لە ئەستۆی خۆی گرتووە لە رووی دروستکردنییەوە و لە ڕووی بەرنامە و پاڵپشتی  بەردەوامیشی دەکات، بەکارهێنەرەکانی سیستەم لە رووی خاوەندارێتی دەگەڕێتەوە بۆ سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و بەشداری گشت دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم و سیستەمەکە لەسەر ماڵپەڕی ناوەندیی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێگیر دەکرێت."

هیوا فەندى، لەسەر پڕۆسەى بە دیجیتاڵکردنى حکومەت باسى لەوە کرد، کە ئەمە پرۆسەیەکی بەردەوامە و هەروەک سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیاندنی سیاسەتی  وەرچەرخانی دیجیتاڵی حکومەت رایگەیاند، ئێمە  تا کۆتایی 2025  بەو ئاراستەیە دەڕۆین، کە کاغەز لەناو دامودەزگاکانمان بەکار نەیێت و ناردنی نامە لە نێوان دامودەزگاکانی حکومەت هەمووی بکرێتە دیجیتاڵی؛ پێویست ناکات نووسراو لە نێوان دامودەزگاكان ئاڵوگۆر بکرێت و یاسای واژووی ئەلکترۆنی پێش چەند رۆژێک لە پەرلەمان دەرچوو، هێز و توانامان پێ دەبەخشێت، کە بتوانین ئەم کارە بکەین و "کوردستان لە رووی دیجیتاڵبوونەوە ماویەتی، بەڵام ئەوەی کە لە کابینەی نۆیەم کرا، بنەمایەکی زۆر باش دەرەخسێنێت، کە بتوانین کارەکانمان بکەین و بە بەراورد لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتان قۆناخی زۆر گرنگمان بڕیوە.

لە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دیجیتاڵیکردن بەم قورساییە کە پێویست بوو، سەیر کراوە و چەندها سیستەمی زۆر گرنگی بنەڕەتی وەک سیستەمی زانیاریی دانیشتوان و سیستەمەکانی کۆنترۆڵی خەرجییەکان و ژێرخانی لە خۆگرتنی ئەم سیستەمانەی دێنە سەنتەر، هەموو جێبەجێ کراوە، کە ئەوەش وا دەکات کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بواری دیجیتاڵی بدرەوشێتەوە و هەم رێکخەری هەموو ئەو دوستکەوتانە بێت، کە لە ماوەیەکی نزیکدا دێتە کایەوە.
 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.