ئهمڕۆ یهكشهم دهست به قۆناغی یهكهمی گۆڕینی ئاوی ئیفراز 3ی ههولێر كرا و رهنگه گۆڕینهكهش ماوهی 75 رۆژ بخایهنێ، بۆ گۆڕینی تهواوی بۆڕییهكهش حكوومهتی ههرێم زیاتر له 20 ملیار دیناری تهرخانكردووه.
ئەمڕۆ یەکشەم ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر دهستپێكردنی قۆناغى یەکەمى پرۆژەی گۆڕینی بۆریی ئاوی ئیفراز 3ی هەولێری راگەیاند کە لەسەر ڕەزامەندى مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەگوژمەی (20 ملیار و 842 ملیۆن و 500 هەزار و 600 دینار) جێبەجێ دەکرێت.
ئەمرۆش وەک قۆناغى یەکەم بە بڕی (4 ملیار و 354 ملیۆن و 750 هەزار دینار) دەست بەجێبەجێکردنى پڕۆژەکە کرا کە گۆڕینی بۆرییەكەیە لە وێستگەی ناوەندی مەرعودا بە درێژایی 2750 مەتر بە بۆری 1,5 مەتری بۆریی كاربۆن ستیل تا دەگاتە گەڕەکى 108ی عەنكاوە.
پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بۆ میدیاکان رایگەیاند: بەشێکی زۆری ئاوی خواردنەوەی ماڵان لە هەولێر لە ڕێگەی بۆریی ئیفراز3 دابین دەکرێت و ئەو بۆرییە کاتی بەسەرچووە، بە هاوکاریی وەزیری شارەوانی داوامان لە ئەنجوومەنی وەزیران کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و ئەوانیش زیاتر لە 20 ملیار دیناریان بۆ گۆڕینی بۆرییەکە تەرخان کرد.
گوتیشی: لە قۆناغی یەکەمی پرۆژەکەدا بڕی چوار ملیار و 350 ملیۆن دینار خەرجکراوە کە لە وێستگەی مارعۆدە تاوەکو شەقامی 120 مەتری لەخۆدەگرێت، کە 80%ی شکانی بۆرییەکە لەو بەشە رووی دەدا، بە تەواوبوونی قۆناخی یەکەم بەشێکی زۆر لە گرفتەکە چارەسەر دەبێت.
ئاماژەی بەوەش دا: ئەمڕۆ کارکردن لە قۆناغی یەکەمی پرۆژەی گۆڕینی بۆریی ئیفراز سێ لە هەولێر دەستی پێ کردووە و وادەی 120 رۆژی بۆ دانراوە، ئەو پرۆژەیە لەلایەن کۆمپانیای ئاوازەوە جێبەجێ دەکرێت کە کۆمپانیایەکی ناوخۆییە و رەنگە بە کەمتر لەو وادەیەی بۆیان دیاریکراوە لە ماوەی 75 رۆژ کارەکەیان تەواو بکەن.
پارێزگاری هەولێر دڵنیاییشى دایە هاووڵاتییان کە لە ماوەی جێبەجێکردنی پرۆژەکە، ئاو لەو هاووڵاتییانە نابڕێت کە لەسەر ئیفراز سێن. ئەوەشی خستەڕوو: بۆرییە نوێیەکە لە تەنیشت بۆرییەکەی ئێستا دادەنرێت و رەنگە لە کاتی بەستنیدا پێویست بکات 48 کاتژمێر ئاو بگرینەوە و ئەو کاتیش لە رێگەی میدیاکانەوە هاووڵاتییانی هەولێر ئاگادار دەکەینەوە.
بۆریی ئاوی ئیفراز3 کەوتۆتە باکووری شاری هەولێر و لە ماددەی فایبەر گڵاس دروستکراوە و رۆژانە نزیکەی 240 ملیۆن لیتر ئاو بۆ نزیکەی 40%ی گەڕەکەکانى شاری هەولێر دابین دەکات، وەک گەڕەکەکانی زانکۆ، باداوە، فەرمانبەران، ئیسکان و چەند گەڕەکێکی دیکە، ئەو بۆرییە کە ماوەی 15 ساڵە دروستکراوە تاوەکو ئێستا چەندینجار شکاوە و چاککراوەتەوە، لەگەڵ شکانی بۆڕەیەکەش ژمارەیەکى زۆر لەو گەڕەکانە رووبەڕووی کێشەی نەبوونی ئاو دەبنەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.